تەندروستی

شێرپەنجە رۆژ بەرۆژ لەهەرێمی كوردستان زیاتر دەبێت، هەر كاتژمێرێك كەسێك تووش دەبێت

Mic
2022-10-18

رۆژانە لە نەخۆشخانەی نانەكەلی لە هەولێر شەش كەس، لە نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی 15 كەس و لە سەنتەری چارەسەری شێرپەنجە لە دهۆك سێ تووشبووی شێرپەنجە تۆماردەكرێن، لە هەڵەبجەش هیچ سەنتەر و نەخۆشخانەیەكی تایبەت بە شێرپەنجە نییە، واتە كۆی گشتی لەهەرێم رۆژانە 24 نەخۆشی شێرپەنجە تۆمار دەكرێن.
دوێنێ واتە بەرواری (16-10-2022)ی نەخۆشخانەی هیوا لەسلێمانی ئاماری یەك رۆژی نەخۆشخانەكەی بڵاوكردەوە، بەشێوەیەك لە 40 حاڵەتی شێرپەنجە لەنەخۆشخانەكە تۆماركراوە و كۆدی بۆكراوە، لەكۆی 1029 نەخۆش كە سەردانی نەخۆشخانەكەیان كردووە، هاوكات زیاتر لە 3500 پشكنین لەو نەخۆشخانەیە ئەنجامدراوە
بەوتەی كرمانج محەممەد، بەڕێوەبەری كارگێڕیی نەخۆشخانەی نانەكەلی لە هەولێر تاوەكو ئێستا تووشبوون بە شێرپەنجە لە هەولێر ستانداردی جیهانی تێپەڕنەكردووە و رۆژانە تێكڕا لە نەخۆشخانەكە  پێنج بۆ شەش تووشبووی نوێ تۆمار دەكرێت، بەڵام لە سەنتەر و نەخۆشخانەی دیكەش لە هەولێر شێرپەنجە تۆمار دەكرێت.
دەرمانەكانی چارەسەری نەخۆشییەكانی شێرپەنجە لە بازاڕەكاندا نرخیان بەرزە و لە نەخۆشخانەكانی تایبەت بە شێرپەنجە زۆرینەیان بۆ هاووڵاتییان دابین دەكرێت، لەسلێمانیش نەخۆشخانەی هیوا چەند ساڵێكە گیرۆدەی ئەو گرفتە بووەن كە هۆكاری سەرەكی نەبوونی پارەیە لە بانكەكان، بەڵام بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی نانەكەلی لەهەولێر دەڵێت: دۆخی دەرمان باشە بەگشتی ئێستا لە دوو مانگ و سێ مانگی رابردوو باشترە، بێگومان هەندێك جار كەموكورتی دروستدەبێت، بەڵام رێگەنەدراوە بگات بەوەی نەخۆش بكەوێتە دۆخێكی خراپەوە و كێشەكە چارەسەر كراوە.
بەپێی ئەو ئامارەی مایك لەنەخۆشخانەی هیوا دەستیكەوتووە، بە تێكڕایی رۆژانە 15 تووشبووی نوێی شێرپەنجە تۆمار دەكرێن، بەڵام ئەوانەی سەردانی نەخۆشخانەی هیوا دەكەن تەنیا هاوڵاتی سلێمانی و هەرێمی كوردستان نین بەڵكو سەردانیكەری شارەكانی باشور و ناوەڕاستی عێراق و رۆژهەڵاتی كوردستانیشیان تێدایە. 
ئەو نەخۆشانەی سەردانی نەخۆشخانەی هیوا دەكەن بەشێكیان دوای وەرگرتنی چارەسەر هەمان رۆژ نەخۆشخانەكە جێدەهێڵن و بەگوێرەی رێنمایی پزیشك دواتر سەردانیان دەكەنەوە.
لە دهۆك نەخۆشخانەی تایبەت بە شێرپەنجە نییە، بەڵام سەنتەرێكی تایبەت بە چارەسەركردنی شێرپەنجە و نەخۆشییەكانی خوێن لە نەخۆشخانەی ئازادی هەیە، ساڵی رابردوو لە سنووری دهۆك هەزار و 16 تووشبووی نوێ لەو سەنتەرەدا تۆماركراون، بەپێی ئامارێكیش مانگانە تێكڕا 80 بۆ 90 توشبووی نوێ لە سنووری پارێزگای دهۆك تۆمار دەكرێن.
لە هەڵەبجەش هیچ نەخۆشخانە و سەنتەرێكی تایبەت بە شێرپەنجە نییە، بۆیە زۆربەی ئەو كەسانەی گومانی توشبوونیان بە شێرپەنجە لێدەكرێت ڕەوانەی سلێمانی دەكرێن یاخود خۆیان دەچنە شوێنی دیكە پشكنین ئەنجام دەدەن.
ساڵی 2019 لە هەموو هەرێمی كوردستان حەوت هەزار و 831 تووشبووی نوێی شێرپەنجە هەبوون بە هەموو جۆرەكانییەوە، ساڵی 2020 شەش هەزار و 293 تووشبوو لە هەرێمی كوردستان تۆمار كران و 18.5٪ـی كۆی گشتیی تووشبووانیش تووشبووی شێرپەنجەی مەمك بوون كە دیارترین و بەربڵاوترین جۆرەكانی شێرپەنجەیە لە هەرێمی كوردستان. 
 لەساڵی 2020 تووشبووان بەگوێرەی پارێزگاكان بەمشێوەیە دابەش بوون
- هەولێر سێ هەزار و 50 كەس كە دەكاتە 48.4٪ـی كۆی گشتیی تووشبووان لە هەرێمی كوردستان.
- سلێمانی دوو هەزار و 543 كەس كە دەكاتە 40.04٪ـی كۆی گشتیی تووشبووان لە هەرێمی كوردستان.
- دهۆك 700 كەس كە دەكاتە 11.01٪ـی كۆی گشتیی تووشبووان لە هەرێمی كوردستان.
هەروەها لە ساڵی 2021دا حەوت هەزار و 908 تووشبوو بە هەموو جۆرەكانییەوە لە هەرێمی كوردستان تۆمار كراون.  
- هەولێر سێ هەزار و 808 كەس كە دەكاتە رێژەی 48.1٪ــی كۆی گشتیی تووشبووان لە هەرێمی كوردستان.
- سلێمانی سێ هەزار و 80 كەس كە دەكاتە 38.9٪ـی كۆی گشتیی تووشبووان لە هەرێمی كوردستان.
- دهۆك هەزار و 16 كەس كە دەكاتە 12.8٪ـی كۆی گشتیی تووشبووان لە هەرێمی كوردستان.
ساڵانە لە رۆژی 1-10- بۆ 1-11 بە مانگی هۆشیاریی شێرپەنجەی مەمك دیاریكراوە، بەگوێرەی ئامارێكی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی، لە ساڵی 2020دا 2.3 ملیۆن ژن لە سەرتاسەری جیهان تووشی شێرپەنجەی مەمك بوون، هەروەها لە ساڵی 2021دا شێرپەنجەی مەمك بووە بە بەربڵاوترین جۆری شێرپەنجە لە جیهاندا.

More News

Most Popular

هەواڵ

هێزيکی ئاسایش وێنەگری دیجیتاڵ میدیایی 'مایک'یان دەستبەسەرکرد

Mic
2024-03-25

سلێمانی ـ MIC

لەکاتی ڕووماڵی خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی ئەمڕۆ دووشەممە، هێزێکی ئاسایشی سلێمانی، گریڤان فەرمان یان بۆ ماوەیەک دەستبەسەرکرد و دەستیان بەسەر کەلوپەلە رۆننامەوانیەکدا گرت.

گریڤان فەرمان بە دیجیتاڵمیدیای MIC وت”هێزەکەی ئاسایش سەرجەم ئەو وێنە و دیمەنانەی خۆپیشاندانەکە، کە تۆمارم کردبوون سڕییانەوە و رێگەشیان نەدا رووماڵەکە بکەین.”

وتیشی” پاش سڕینەوەی دیمەنەکان ناچاریان کردین شوێنی خۆپیشاندانە جێبهێڵین.”
مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی ئەمڕۆ لەدژی نەدانی مووچەکانیان و پرۆژەی هەژماری من، خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و هەوڵیاندا بچنە دەباشان وچاویان بە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی بکەوێت، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە رێگری کرا لە خۆپیشاندانەکە.

هەروەها رێگری کرا لە چەند کەناڵێکی میدیایی کە رووماڵی خۆپیشاندانەکە بکەن.