هەواڵ

ماوەی 18 ساڵە بەغدا پارەی كۆبوونی خۆراك بۆ هەرێم دەنێرێت و دیارنییە

Mic
2022-11-20

بڕیارە ئەم هەفتەیە و هەفتەی داهاتوو دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاری یەكلاكەرەوە لەبارەی سێ دۆسیەوە بدات كە پەیوەندییان بە هەرێمی كوردستانەوە هەیە، یەكێك لەو دۆسیانەش پارەی 18 ساڵی كۆبوونی خۆراكە كە بەغدا دەینێرێت و هەرێمی كوردستانیش داوای كردووە دۆسیەكە دوابخرێت.
بەپێی خشتەی كاری دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، رۆژی چوارشەممە 23ی تشرینی دووەمی 2022 تاوتوێی سكاڵایەك دەكات، كە لەلایەن ژمارەیەك خانەنشین و بەرپرسی رێكخراوی یەكێتیی خانەنشینانی كوردستانەوە لەسەر هەریەك لە مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێمی كوردستان و ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی تۆمار كراوە.
سكاڵاكە بە ژمارە 212/فیدراڵی/2022 لەلایەن ئەحمەد عەلی سادق، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای رێكخراوی یەكێتیی خانەنشینانی هەرێمی كوردستان و ژمارەیەك خانەنشینەوە تۆمار كراوە.
بەپێی ناوەرۆكی داواكە، كە سكاڵایەكی دواخراوە لە 11-08-2022ەوە، سكاڵاكاران داوایان كردووە بڕیار بە نادەستووریبوونی یاسای خانەنشینیی یەكگرتوو ژمارە 27ی ساڵی 2006ی هەڵوەشاوە بدرێت و هەرێمی كوردستان بە جێبەجێكردنی یاسای خانەنشینیی یەكگرتووی ژمارە 9ی ساڵی 2014ی هەمواركراوی عێراق پابەند بكرێت.
لەوبارەیەوە بەشدار حەسەن، پارێزەری دۆسیەكە، بەمایكی وت:"ئێمە رۆژی 23ی مانگ لە دادگای باڵای فیدراڵی دەبین و بڕیارە دادگا بڕیاری كۆتایی و یەكلاییكەرەوە لەسەر پرسی هاوتاكردنی مووچە و ئیمتیازاتی خانەنشینان بدات و ئومێد دەكەین بڕیارەكە لە بەرژەوەندیی خانەنشینان بێت".
بەپێی خشتەی كاری دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، رۆژی دووشەممە 28ی تشرینی دووەمی 2022، تاوتوێی سكاڵایەك دەكات كە لەلایەن پەرلەمانتاری سەربەخۆ مستەفا سەنەد لە دژی مستەفا كازمی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی پێشوو  كراوە و تێیدا داوا دەكات بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ژمارە 8ی ساڵی 2022 و بڕیارەكانی 401 و 257 و 226 و 194ی ساڵی 2021، كە پاڵپشت بوون بۆ ناردنی 200 ملیار دینارەكە بۆ هەرێمی كوردستان.
رۆژی 18ی تەممووزی 2022، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق سكاڵایەكی رەتكردەوە كە لەلایەن كەسێك بەناوی جەواد كازم عەلوان تۆمار كرابوو و تێیدا تانەی لە ناردنی 200 ملیار دینارەكە بۆ هەرێمی كوردستان دابوو.
بەپێی خشتەی كاری دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، رۆژی چوارشەممە حەوتی كانوونی یەكەمی 2022، تاوتوێی سكاڵایەك دەكات كە لەلایەن بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای بازرگانیی كەلوپەلە خۆراكییەكانی عێراق لە دژی هەریەك لە وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی كوردستان و بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی ئەو وەزارەتە تۆمار كراوە.
ژمارەی سكاڵاكە 216/فیدراڵی/2022ە و ناوەڕۆكی سكاڵاكە بریتییە لە پابەندكردنی سكاڵالێكراو بە پێدانی ئەو بڕە پارانەی كە لەسەریان كۆبووەتەوە لە فرۆشتنی یەكەكانی ناو كۆبۆنی خۆراك لە 01-01-2004ەوە تاوەكو 30-09-2021، داواكەش لە 08-11-2022 دواخرابوو.
بڕیاربوو رۆژی 8ی تشرینی دووەمی 2022، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق تاوتوێی سكاڵاكە بكات، بەڵام دواخراوە بۆ حەوتی كانوونی یەكەم.
دواخستنەكە بۆ ماوەی سێ مانگە لەسەر داواكاریی لایەنی سكاڵاكار بۆئەوەی لەو ماوەیەدا رێككەوتن لەنێوان هەردوو وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی بازرگانیی حكومەتی فیدراڵیی عێراق لەسەر ئەو پرسە بكرێت، ئەوەش لەبەر رۆشنایی یاداشتێكی لێكتێگەیشتن كە لە 23ی تشرینی یەكەمی 2022  لەنێوان كەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی كوردستان و عەلا جبووری، وەزیری ئەوكاتی بازرگانیی عێراق واژۆ كراوە بۆئەوەی پارەی بەشە خۆراكی مانگانەی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان بگەڕێندرێتەوە بۆ حكومەتی فیدراڵیی عێراق و لە بەرامبەردا وەزارەتی بازرگانیی عێراق تێچووی گواستنەوە و رادەستكردنی بەشە خۆراكی مانگانە بۆ هەرێمی كوردستان بگرێتەئەستۆ.
مانگانە لەڕێگەی بریكارەكانی دابەشكردنی خۆراكەوە بۆ هەر ئەندامی خێزانێك بڕی 500 دیناری عێراقی وەردەگیرێت، كە پارەی كرێی گواستنەوە و هەڵگرتنی ئەو خۆراكەیە و وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی كوردستان پێیوایە لەئەستۆی هاوتاكەیدایە لە حكومەتی فیدراڵیی عێراق.

More News

Most Popular

هەواڵ

سوپای تورکیا لە سەنتەری شاری عەفرین دەکشێتەوە

Mic
2025-09-17

دوای حەوت ساڵ لە داگیرکردنی؛ بەپێی رێککەوتنێک لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی دیمەشق، سوپای تورکیا لە شاری عەفرینی رۆژئاوای کوردستان دەکشێتەوە.

سوپای تورکیا بەچەند قۆناغێک لە شاری عەفرینی رۆژئاوای کوردستان کشایەوە و شارەکە رادەستی حکومەتی نوێی سوریا دەکرێتەوە.

تورکیا لە ناوەندی شاری عەفرین دەکشێتەوە


بە گوێرەی میدیا ناوخۆیی و جیهانییەکان لە کاتژمێرەکانی رابردوودا یەکەکانی سوپای تورکیا و پۆلیسی تورکیا بنکە و بارەگاکانیان لە شاری عەفرین و شارۆچکەی جەندریس و دەروبەری حەلەب-یان رادەستی هێزەکانی سەر بە حکومەتی سوریا کردوەتەوە.

هەر بەپێی زانیارییەکان، سوپای تورکیا چوار گۆشەی عەفرین و جەندریس و هەموو ئەو قوتابخانە و باڵەخانانەیان چۆڵکردوە کە پێشتر کردبوویانە بنکە و بارەگای سەربازیی.

سوپای تورکیا لە دەرەوەی شاری عەفرین چەند بنکەیەکی سەربازی هەیە، ئەوەش لە چوارچێوەی دابەشکردنەوەی هێزەکانی لەنێو رۆژئاوای کوردستان و خاکی سووریادایە بە گوێرەی ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سووریا هەیەتی.

پانۆرامای سەرەتای هێرشەکانی تورکیا و داگیرکردنی عەفرین

سوپای تورکیا لە 20ـی کانوونی دووەمی 2018 تۆپبارانی ناوەندی شاری عەفرین و گوندەکانی ڕاجۆ، شیێ، بلبلێ، شەرا، جندرێسی دەوروبەری کرد، ئامانجی تۆپبارانەکەش ڕێگەخۆشکردن بوو بۆ ئەوەی گرووپە میلیشیاکانی هێرشێکی زەمینی بۆ سەر عەفرین دەست پێ بکەن.

لەو هێرشانەدا خانووی هاوڵاتییانی سڤیل، قوتابخانەکان، دامەزراوە فەرمییەکان، نەخۆشخانەکان، مزگەوتەکان، شوێنە مێژوویی و پیرۆزەکان و ژێرخانی عەفرین  وێران کران.

بە هۆی هێرشەکانەوە زیاتر لە 300 هاوڵاتیی سڤیل شەهید و زیاتر لە 700 هاوڵاتی دیکەش برینداربوون. سەرەڕای ئەوەش نزیکەی 350,000  هاوڵاتیی لە زێدی خۆیان دەرکران، بەشێکی زۆریان لە گوندەکانی نێوان عەفرین و حەلەب نیشتەجێ بوون، بەشێکی دیکەشیان ئاوارەی ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان و بەشێکیش لە هەرێمی کوردستان بوونە پەنابەر.

داگیرکردنی عەفرین

دوای 58 ڕۆژ لە شەڕ، سوپای تورکیا و گرووپە میلیشیاکان لە 18ـی ئاداری 2018 چوونە نێو شاری عەفرین و گوندەکانی دەوروبەری، لەو کاتەوە ماڵ و دووکان و شوێنی کارکردنی هاوڵاتییانی کورد تاڵان کران.

هەروەها بەگوێرەی ئامار و زانیاریی چالاکوانانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ، لە ماوەی ڕابردوودا زیاتر لە 8500 کوڕ و کچی کورد لەلایەن گرووپە میلیشیاکانەوە لە پێناو وەرگرتنی سەرانە لە خێزانەکانیان ڕفێندروان، لە نێویشیاندا چارەنووسی زیاتر لە 2000 هاوڵاتی تا وەکو ئێستا نادیارە.

گۆڕینی دیمۆگرافیای عەفرین

دوای دەرکردنی هاوڵاتییانی کورد لە زێدی خۆیان، هەزاران  عەرەبی دیمەشق و پارێزگای ئیدلیب و ناوچەکانی دیکەی سووریا لە عەفرین لە سەر موڵک و ماڵی هاوڵاتییانی کوردەکان نیشتەجێ کران، لەو کاتەوە دیموگرافیای عەفرین لە گۆڕاندایە. جیا لەوەی سەدان هەزار دار زەیتوون بڕدران و لە نێو بران، هەزاران دار زەیتوونی تر و داری بەری دیکە هەڵکەندراون و بەرەو ناوچەی دیکە بردراون.

لە دوای داگیرکردنی عەفرین تا وەکوو ئێستا زۆرینەی ناوچە شوێنەوارییەکانی عەفرین لەلایەن سەربازانی تورکیاوە هەڵکەندراون پارچەکانیان دزراوە.

بەگوێرەی زانیاریی چالاکوانان بواری شوێنەوارناس، پارچە شوێنەوارییەکانی گردی جندرێس، قەڵای نەبی هۆری، قەڵای سەمان و ئەشکەوتی دوو دەری دزراون لەلایەن گرووپە میلیشیاکان دزراون.

ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ لە عەفرین بڵاوی کردووەتەوە، سوپای تورکیا و میلیشیاکان زیاتر لە 50 شوێنەواری مێژوویی و مەزارگە ئاینییەکانیان هەڵکەندووە و زیاتر لە 20،000 پارچە کەلوپەلی شوێنەواریان گواستویاننەوە بۆ تورکیا.

لە عەفرین چەندین شوێنی مێژوویی هەیە، جگە لە قەڵای هۆری، قەڵای سامان، ئەشکەوتی دودری، کەنیسەی مارمارۆن و دەیان شوێنی دیکە نزیکەی 25 گردی مێژووییان هەیە، کە زۆربەیان بە درێژایی ڕووباری عەفرین ڕیزکراون و مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ بۆ 2000 ساڵ بەر لە زایین.