درەنگانی شەوی رابردوو، جارێكی دیكە ئێران بارەگاكانی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانی لە ناوچەی زڕگوێزی سەر بە سلێمانی و كۆیە و كەمپی جێژینكانی نزیك هەولێر بۆردوومانكرد، بەهۆی بۆردومانەكانەوە كەسێك گیانی لەدەستدا و حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێرانیش لەبارەی هێرشەكانەوە راگەیاندراوێكی بڵاوكردوە.
سوپای پاسدارانی ئێران بە بەكارهێنانی درۆن و موشەك بارەگاكانی حزبەكانی رۆژهەڵاتی لە هەرێمی كوردستان بە ئامانج گرت و بۆردومانی كرد و لە زڕگوێز دەوامی ئەمڕۆی قوتابخانەكان راگیران، لە بۆردوومانەكەی شەووی رابردوودا ئێران لە رێگەی درۆنی خۆكوژییەوە، هێرشیكردووەتە سەر بارەگاكانی حزبی كۆمەڵە لە ناوچەی زڕگوێز و كۆیە و كەمپی جێژینكانی هەولێر.
بەڵام بەپێی زانیاریەكان بەهۆی ئەوەی لە بۆردوومانەكانی پێشوودا بارەگاكانی كۆمەڵە لە زڕگوێز چۆڵكراون، ئەمجارە ئێران بۆردوومانی گۆڕستانەكانی ناو زڕگوێزی كردووە.
هەر لە بۆردوومانەكانی شەووی رابردوودا، كەسێك گیانی لە دەستدا كە تەمەنی ٢٢ ساڵ بووە و پێشمەرگەی حزبی دیموكراتی كوردستان بووە.
هاوكات حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە راگەیاندراوێكدا ئاماژەی بەوەدا، "داوا لە وڵاتان و ناوەندە جیهانییەكان دەكەین سنورێك بۆ هێرشەكانی ئێران دابنێن."
هەر بەهۆی بۆردوومانەكانەوە وەزارەتی تەندروستی حكومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم راگەیاند هەموو ئامادەكارییەكیان كردووە بۆ بەدەمەوەهاتنی بریندارەكانی بۆردومانەكە.
ئەمەش لە كاتێكدایە، لە هەفتەی رابردووش سوپای پاسدارانی ئێران بۆردومانی بارەگاكانی حزبە رۆژهەڵاتییەكانی لە هەرێم كرد و بۆردومانەكە بریندار و گیانلەدەستدانی لێكەوتەوە و بەرپرسانی ئێران هۆشدارییاندا لە دەستپێكردنی هێرشی زەمینی.
بۆردومانەكەی ئەمشەو كاتژمێر ١٢:٢٠ خولەك بوو لەرێگەی چوار مووشەكەوە، قەڵای دیموكراتی لە كۆیە بۆردوومان كرد، كە بارەگای سەرەكیی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێرانە، هەمان كاتیش بارەگاكانی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان لە ناوچەی زڕگوێزی سلێمانی و كامپی جیژنیكا لە شاری هەولێر كە پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی كوردستانی لێ نیشتەجێن بۆردوومان كران.
ئامانج زێبایی، ئەندامی سەركردایەتیی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لەوبارەیەوە رایگەیاند:"ئەمشەو بنكە و بارەگاكانمان لە كۆیە لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە بۆردوومان كران، بەڵام تائێستا نازانین زەرەر و زیانەكان چی بوون”.
سەرچاوەیەكیش لە كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان ڕایگەیاند" بە چەند درۆنێك هێرشكراوەتە سەر بارەگاكانمان لە ناوچەی (بانە گەورە) لە زڕگوێز و ڕەتیكردەوە، كە “هێرشەكان زیانی گیانییان لێ كەوتبێتەوە”.
لەلایەكی دیكەوە سەرچاوە هەواڵییەكان باس لەوە دەكەن، كە ئێران لە بۆردوومانەكەی كۆیەدا بینای نەخۆشخانەی حزبی دیموكراتی بۆردوومان كردووە، بەڵام بەرپرسانی حزبەكە تائێستا ئامادەنین زانیاریی لەسەر زیانەكانی هێرشەكە ڕابگەیەنن.
لەلایەن خۆشیەوە سوپای پاسداران هێرشەكەی پشتڕاستكردەوەو رایگەیاند:" ناوچەکانی جەژنیکان، زڕگوێز و کۆیە لەم هێرشەدا کراونەتە ئامانج و خەساری قورس بەر "تیرۆریستان" کەوتووە".
دامەزراوەی ڤیژن لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاندووە، دامەزراوەی ڤیژن و ناوەندی نەهرین یاداشتنامەیەکیان بۆ کاریی هاوبەش و پێکەوەیی واژۆکرد.
لە بڵاوکراوەکەدا ئەوەش هاتووە، رۆژی دووشەممە 15ـی ئەیلوولی 2025 یاداشتنامەیەکی لێکتێگەشتن لە نێوان دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی و ناوەندی نەهرەین بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی لە شاری بەغدا واژۆکرا.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، بە گوێرەی یاداشتنامەکە، هەردوو دامەزراوەکە وەک دوو خانەی بیری گرنگ و کاریگەر، هەماهەنگی و هاوبەشی دەکەن دەربارەی ئەنجامدانی توێژینەوە و پڕۆژە و چالاکی هاوبەش لە سەرتاسەری عێراقدا.
باسی لەوەشکردووە، ئامانجی یاداشتنامەکە دەستنیشانکردنی کێشە و گرفتەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق و خستنەڕووی چارەسەرەکان.