هەواڵ

حكومەتی ماوەبەسەرچوو وەڵامی داواكاری خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان ناداتەوە

Mic
2022-11-23

دوو هەفتەیە خۆپیشاندانی خوێندكاران بۆ داواكردنی دەرماڵەكانیان بەردەوامە و حكومەتیش هیچ وەڵامێكی نەداونەتەوە، لەكۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی ماوەبەسەرچووی هەرێم هیچ تەوەرێك بۆ خوێندكاران تەرخان نەكرا.
ئەمڕۆ، لە زانكۆی گەرمیان، هەڵەبجە و ئیدارەی ڕاپەڕین خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان، گردبونەوە و سوربوونی خۆیان لەسەر داواكارییەكانیان دووپاتكردەوە.
خەرجكردنی دەرماڵە و بە سیستەمكردنی دەرماڵە و زیادكردنی داشكاندنی خویندنی پارالێل و ئێواران، دان پێدانانی زانكۆی گەرمیان لە لایەن حكومەتی عێراقەوە، داواكاری خوێنداكارانی زانكۆ و پەیمانگاكانە.
دوای زیاتر لە دوو هەفتە، لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانی خوێنداكاران، تائێستا حكومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم وەڵامی داواكاری خوێندكارانی نەداوەتەوە و بەوتەی بەرپرسانی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم ئەوان نوسراویان ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی كردووە وەزارەتی داراییش نوسراوی ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران كردووە بەڵام هیچ وەڵامێك نەهاتوەتەوە.
سەرەڕای ئەوەی خوێندكاران لەچاوەڕوانی دەرماڵەدان و پێیان نادرێت، لەدووشەممەی ئەم هەفتەیەوە 105 خوێندكار لەزانكۆی سلێمانی و زانكۆی پۆلەتەكنیكی سلێمانی لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە دەستگیركراون و تائێستاش بەشێكی زۆریان ئازاد نەكراون، ئەو خوێندكارانەشی ئازادكراون بەڵێننامەیان پێ پڕكراوەتەوە كە بەشداری خۆپیشاندان نەكەن.
دەرماڵەی خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگەكان لەساڵی 2014 ەوە لەلایەن حكومەتی هەرێم بەپاساوی قەیرانی دارایی بڕدراوە، لەكاتێكدا بڕی ئەو دەرماڵەیە بۆ خوێندكاری ناوشار 40 هەزار و دەرەوەی شار 60 هەزارە، بۆ دابینكردنیشی حكومەتی هەرێم پێویستی بە كەمتر لە پێنج ملیار دیناری مانگانە هەیە بەڵام ئامادەنییە بۆیان خەرج بكات.
لەساڵی رابردوودا و لەكۆتایی مانگی 10 ەوە خوێندكاران خۆپیشاندانیان بۆ دەرماڵە دەستپێكرد، دوای فراوانبوونی حكومەتی هەرێم بڕیاریدا دەست بەدەرماڵە بكاتەوە، بەڵام پێدانی دەرماڵەكە شەش مانگ زیاتر بڕی نەكرد و لەسەرەتای وەرزی خوێندنی ئەمساڵەوە خوێندكاران هیچ دەرماڵەیەكیان وەرنەگرتووە.

More News

Most Popular

هەواڵ

ڤیدیۆی ناو زیندانەکانی عێراق وەزارەتی داد رووگیردەکات

Mic
2025-05-10


لەناو زیندانەکانی عێراقەوە ڤیدیۆی توندوتیژییەکانی تاوانباران بڵاودەبنەوە کە بەبێ ئاگاداریی ئیدارەی گرتووخانەکان، دەستدرێژیی دەکەنە سەر یەکتریی و بە مۆبایل وێنەی دەگرن و پاشان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویدەکەنەوە.

کەسێک ناوی "باسمی نەجەف"ە، تاکێک پێڵاوی بەدەستەوەیە و دەیکێشێت بە شان و ملی زیندانییەکانی دیکەدا لە گرتووخانەی تاجی و بەجوێن و قسەی ناشرین سوکایەتییان پيدەکات.

ڤیدیۆکە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ مانگێک لەمەوبەر، کاتێک تۆمارکراوە کە توانراوە ئەو کەسە دەستگیربکرێت کە ویستویەتی ماددەی هۆشبەر بگەیەنێتە دەستی زیندانییەکان.

بەڕێوەبەرێتی چاکسازییەکان عێراق، جەخت لەوە دەکاتەوە کە لەڕێگەی کامێرای چاودێرییەوە لەکاتی خۆیدا روداوەکەیان بینیوە و سزای یاسایی ئەو کەسانەش دراوە کە مۆبایل و کەرەستەکانی بەنهێنی گەیاندووەتە دەستی زیندانییەکان.

هەروەها لە ڤیدیۆیەکی دیکەدا، زیندانییەکان بەشێوەیەکی نائاکاریی پاڵکەوتوون و وا دەردەکەوێت کە سوکایەتی بە کەسێتیی یەکتریی دەکەن.

دیمەنەکان زۆر بەخێرایی بون بە ترێند لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و وەزارەتی دادی عێراقی ناچارکرد روونکردنەوە لەوبارەیەوە بڵاوبکاتەوە.

وەزارەتی داد، کە وەزیرەکەی کوردە و ناوی خالید شوانییە، ئەگەرچی ئەوە پشتڕاستدەکەنەوە کە دیمەنەکان لە زیندانەکاندا تۆمارکراون، بەڵام جەخت لەوە دەکەنەوە کە "زۆرینەی ئەو ڤیدیۆیانە کۆنن".

سەبارەت بە ڤیدیۆ تازەکانیش وەزارەتەکە دەڵێت: "دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە بۆ زانینی هۆکاری بڵاوکردنەوەی ئەو ڤیدیۆیانە".

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی داد، 300٪ی زیندانەکانی عێراق پڕبون لە سزادراو، بە واتایەکی دیکە زیندانەکان سێهێندەی توانای ئاسایی خۆیان سزادراویان تێدا گلدراوەتەوە.