ئێران لەڕێگەی عێراق و هەرێمەوە دەیەوێت حزبەكانی رۆژهەڵات ناچار بكات بارەگاكانیان چۆڵ بكەن، بەڵام بەوتەی دوو بەرپرسی كۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران و حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران ئەوان ئامادەنین چۆڵی بكەن و خۆیان بەمیوان نازانن، بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆش ئامادەنین لەوبارەیەوە لێدوان بدەن.
ئەمجەد حسێن پەناهی كادری باڵای کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لەلێدوانێكدا بەمایكی وت:"بەدرێژایی 40 ساڵی رابردوو هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەو ناوچانەن كە ئێستا لەهەرێمی كوردستان تێیدان، ئەوەش بەپێی رێكەوتنێك بووە كە پەیوەندی بە حكومەتی كوردییەوە نەبووە، بەرپرسانی یەكێتی و پارتیش چەندین جار ئەوەیان بە ئێران وتووە".
وتیشی:"ئەمە یەكەمجار نییە و دواین جاریش نابێت فشار بۆ كۆتایی پێهێنانمان و چۆڵكردنی شوێنەكانمان دەكرێت بەڵام ئەوە مەحاڵە، بەدەیان ساڵە كادر و ئەندامانمان لەهەرێمی كوردستان و ئێران و وڵاتان تیرۆر دەكرێن بەڵام لەناو نەچووین، ئێمە تائێستا لەبەرامبەر فشارەكان دانمان بەخۆماندا گرتووە و چەكەكانمان بێدەنگ كردووە لەبەر دەستكەوتەكانی حكومەتی هەرێم بووە، بەڵام ڕەگ و ریشەمان لەناو خەڵكدایە و لەناوچونمان مەحاڵە".
وەك ئەمجەد حسێن پەناهی دەڵێت:"دوو مانگ و نیوە خۆپیشاندان بەڕێوەدەچێت بۆیە كۆماری ئیسلامی ئێران فشاری بۆ هاتووە و ئێستاش دەیەوێت بەو فشارانە لەسەر ئێمە فشارەكانی سەر ناوخۆی كەمبكاتەوە، ئێمە رێكخستنێكی بەرفراوانمان هەیە و شەقامی رۆژهەڵات بەدەست حزبەكانی رۆژهەڵاتە ئەمەش ئێرانی توڕەكردووە".
بەوتەی ئەو كادرە باڵایەی كۆمەڵە "بەچۆڵكردنی یەك بارەگا یان جێگۆڕكێ ئێمە لەناو ناچین، هەرچەندە بەرپرسانی هەرێم بەناڕاستەوخۆ بەئێمەیان وتووە كە ئەو بارەگایانە و كەمپەكانیش چۆڵ بكەین بەڵام تائێستا ئێمە ئامادەنین چۆڵی بكەین و لەهەرێمی كوردستان میوان نین و بەماڵی خۆمانی دەزانین".
هاوكات کاوە بەهرامی، بەرپرسی ناوەندی هێزی پێشمەرگەی حزبی دیموكراتی کوردستانی ئێران بەمایكی وت: " ئێران بە چەکی جۆراوجۆرەوە هێزی هێناوە بۆ سنورەکانی کوردستان و دەیەوێ هەم خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان سەرکوت بکات و هەمیش ببێتە هەڕەشەیەک بۆ هەرێمی کوردستان".
وتیشی: "بە درێژایی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان هەر لە ناوچەی مەریوان و بانە تا دەگاتە سەقز، سەردەشت، پیرانشار و شنۆ و تەواوی سنورەکان پێشتر ئێران هێزی زۆری بۆ هێناوە".
بەوتەی بەهرامی "ئێران بە درۆن و مووشەک و کاتیۆشا و جۆرەها چەکی قورس هێرش دەکاتە سەر ئەو ناوچانە، لە ناوچەی سیدەکان تا دەگاتە چۆمان و قەندیل ئارامی تێکداوە و زیاتر خەڵکی باشووری کوردستان زەرەرمەندبوون".
بەرپرسی ناوەندی هێزی پێشمەرگەی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بەوەی کە حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان هیچ داواکارییەکیان لێکردوون کە لەو ناوچە سنورییانەدا نەمێنن، ئاماژەی بەوەدا "ئـەوان بە ئێمەیان راگەیاندووە بەڵام ئێمە تازە نەهاتووینەتە سەر شاخەکان ئێمە 43 ساڵە لەو شاخانەدا بوونمان هەیە، پێش ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ببێتە حکومەت و بەر لەوەی ئەم حکومەتە تازەیەی عێراقیش بێت ئێمە درێژە بە خەبات و تێکۆشانی خۆمان دەدەین".
مایك بۆ وەرگرتنی رای فەرمی حكومەتی هەرێم و وەزارەتی ناوخۆ پەیوەندی بە چەند بەرپرسێكەوە كرد، بەڵام هیچ كەسێكیان ئامادەنەبوون لەوبارەیەوە لێدوان بدەن.
زیاتر لەدوو مانگە خۆپیشاندانی ناڕەزایی لەرۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران بەردەوامە، ئەویش دوای گیانلەدەستدانی كچە كوردی خەڵكی سەقز "ژینا ئەمینی" لەوكاتەشەوە ئێران ناوبەناو چەندین هێرشی بەدرۆن و مووشەك كردووەتە سەر بارەگای حزبە كوردیەكانی رۆژهەڵات و فشاریشی خستووەتە سەر عێراق و هەرێم تا ئەو حزبە كوردیانە دەربكەن.
دوای ئەوەی محهمهد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەگەڵ ئاسایشی نیشتمانی عێراق کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجامدا و ژمارەیەک بڕیاری لەبارەی سنوورەكانی هەرێمی كوردستان دەركرد.
بەپێی زانیارییەکان، لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا حکومەتی عێراق بە شێوەیەکی فەڕمی داوای ڕونکردنەوەی لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی کردووە، لە بارەی هێرشە موشەکییەکانی سەر ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان.
هەر بەپێی زانیارییەكان، لەبەرانبەردا حکومەتی ئێران بەشێوەیەکی فەرمی وەڵامی حکومەتی عێراقی داوەتەوە ڕایانگەیاندووە، هێرشەکانی ئەوان پەیوەندی بەو هێزانەوە هەیە، کە لە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە بوونەتە کێشە بۆ سەر ئاسایشی کۆماری ئیسلامی ئێران.
هاوكات کۆماری ئیسلامی ئێران پێشنیاری جێگیرکردنی هێزێکی سوپای عێڕاقی کردووە لە ناوچە سنورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران، کە بەوتەی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەو هێزە عێراقییانە دەبێت ڕێگری لە جموجۆڵی هێزە کوردییەکانی ئێران بکەن لەو ناوچانە.
بۆ ئەم مەبەستەش لە چەند ڕۆژی ڕابردوو گفتوگۆی چڕ لە نێوان بەرپرسانی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەچووە بۆ ئەوەی بڕیارێک لەبارەی داواکارییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بدرێت.
بەپێی زانیارییەکان، کۆماری ئیسلامی ئێران هەڕەشەی ئەوەی کردووە، کە ئەگەر هێزێکی سوپای عێڕاق لەو ناوچەیە جێگیر نەکرێت ئەوا ناچار دەبن خۆیان ئۆپەڕاسیۆنی تایبەت لەناو خاکی هەرێم ئەنجام بدەن بۆ کۆتایی هێنان بە بنکەو بارەگاکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات.
دامەزراوەی ڤیژن لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاندووە، دامەزراوەی ڤیژن و ناوەندی نەهرین یاداشتنامەیەکیان بۆ کاریی هاوبەش و پێکەوەیی واژۆکرد.
لە بڵاوکراوەکەدا ئەوەش هاتووە، رۆژی دووشەممە 15ـی ئەیلوولی 2025 یاداشتنامەیەکی لێکتێگەشتن لە نێوان دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی و ناوەندی نەهرەین بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی لە شاری بەغدا واژۆکرا.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، بە گوێرەی یاداشتنامەکە، هەردوو دامەزراوەکە وەک دوو خانەی بیری گرنگ و کاریگەر، هەماهەنگی و هاوبەشی دەکەن دەربارەی ئەنجامدانی توێژینەوە و پڕۆژە و چالاکی هاوبەش لە سەرتاسەری عێراقدا.
باسی لەوەشکردووە، ئامانجی یاداشتنامەکە دەستنیشانکردنی کێشە و گرفتەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق و خستنەڕووی چارەسەرەکان.