هەواڵ

خوێندكاران بەردەوامن لەناڕەزایی دەربڕین

Mic
2022-11-27

دوای هەوڵەكان بۆ ڕێگیریكردن لەخۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەكان، خوێندكارانی زانكۆی گەرمیان ڕێگای سەرەكی هاتووچۆی كەلار ـ سلێمانیان داخست، خوێندكارانی زانكۆ لەهەڵەبجەش بەهەمانشێوە خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، بۆ زیاتر فشار خستنەسەر دەسەڵات و لایەنە پەیوەندیدارەكان، لە شارۆچكەی كەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان،خۆپیشاندانی خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان دەستی پێكردەوە . 
بەوتەی خوێندكاران هەر لەبەیانیەوە هێزێكی زۆری ئەمنی لەدەوروبەری زانكۆی گەرمیان كۆكرابوویەوە، بەڵام خوێندكاران لەبەردەم زانكۆ كۆبونەوەو درێژەیان بەخۆپیشاندان دا، پاشان وەك خۆیان دەڵێن خوێندكاران كۆدەنگ بوون بۆ زیادبوونی فشارەكان، خۆپیشاندانیان لە بەردەم زانكۆوە گواستەوە بۆ سەر ڕێگای كەلار  ـ سلێمانی و رێگاكەیان داخست.
داواكارییەكانی خوێندكارانیش بریتین لە بەیاساییكردنی پڕۆژەیاسایی دەرماڵە و دابینكردنی،  داشكاندنی زیاتری كرێی خوێندنی پارالێڵ و ئێواران و دانپێدانانی ئەو زانكۆیانەی تا ئێستا لە لایەن حكومەتی عێراقەوە دانی پێدا نەنراوە
هەروەها داواكاری خوێندكاران بریتیە لە دانانی ناونیشانی وەزیفی بۆ ئەو بەشانەی كێشەیان هەیە لە زانكۆ و پەیمانگاكانی هەرێم، گەڕاندنەوەی شكۆی زانكۆ و ڕاگرتنی سوكایەتی بە خوێندكارانی زانكۆ و حەرەمی زانكۆكانی هەرێم .
ئازادكردنی هیوا خالد خوێندكاری زانكۆ، كە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە خۆپیشاندانەكان دەستگیركراوە و تا ئێستا ئازادنەكراوە یەكێكی دیكە بوو لەداواكارییەكانی خوێندكارانی گەرمیان.
بەهەمانشێوەی خوێندكارانی گەرمیان، لەهەڵەبجەش خوێندكارانی زانكۆ گردبوونەوە و داوایان كرد دەرماڵەیان پێبدرێت و كرێی خوێندنی پارالێل داببەزێنرێت.
خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگەكان لەهەرێم چەند هەفتەیەكە بەردەوامن لەخۆپیشاندان، حكومەتی هەرێم هێشتا داواكاریەكانیانی جێبەجێ نەكردووە لەكاتێكدا لەساڵی 2014 ەوە دەرماڵەی بەپاساوی قەیرانی دارایی بڕیوە، كە بۆ خوێندكارانی ناوشار 40 هەزار و دەرەوەی شاریش 60 هەزار دینارە، هەرچەندە ساڵی رابردوو لەژێر فشاری خۆپیشاندانی خوێندكاران بڕیاریدا بۆ ماوەی ساڵێك خەرجی بكات بەڵام بڕیارەكە تەنها شەش مانگ بڕیكرد.

More News

Most Popular

تەندروستی

بەکارهێنانی مەیکەپی دژە ئاو مەترسیدارە؟

Mic
2025-10-04

توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری زانستی ژینگە و تەکنۆلۆژیادا بڵاو کراوەتەوە ئاماژەی بەوە داوە، بەشێک لە بابەتی جوانکارییەکان کە ئەمڕۆ بەکار دێت، ڕێژەیەکی زۆر لە ماددە کیمیایییە ژەهراوییەکان لە پێکهاتەیاندا هەیە وەک پۆڵی فلۆرۆ ئەڵکیل (PFAS ) . کە بەداخەوە لە پێکهاتەی ماددە جوانکارییەکاندا ئەم ماددە نانووسرێت بۆ ئەوەی خەڵک هۆشیار بێت.

ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) باس لەوە دەکات، بەشێک لە بابەتە جوانکارییەکانی وەکوو بۆیەی نینۆک و کرێمەکان و سوراو و قەڵەم چاو و ماسکەرا، دەکرێت ئەم ماددانەی تێ بکرێت بۆ ئەوەی زۆرتر بە درەوشاوەیی دەربکەوێت. بۆیە زۆر گرنگە ئەو بابەتە جوانکارییانە بەکار دێت کە دڵنیان لەوەی ئۆریجیناڵە و کوالێتی بەرزە.