هەواڵ

لەرۆژئاوای كوردستان قەیرانی غاز سەریهەڵدا

Mic
2022-11-29

توركیا بەردەوامە لەبۆردومانكردنی ژێرخانی ئابوری رۆژئاوای كوردستان و بەهۆی بۆردوومانكردنی كارگەیەكی غاز لەو بەشەی كوردستان قەیرانی غاز سەریهەڵداوە.
فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا کارگەی غازی سوێدای سەر بە شاری دێرکی رۆژئاوای کوردستانی وێران کردووە کە تاکە کارگەی غازی باکور و رۆژهەڵاتی سوریایە کە غاز بۆ ماڵان دابین دەکات و لە ئێستادا رۆژئاوا بێ غازە.
عەگید عەبدولمەجید بەڕێوەبەری کارگەی سوێدا لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هاوارنیوز رایگەیاند: کارگەی غازی سوێدا جگە لەوەی تاکە کارگەی دابینکردنی غازی ماڵانە لە سەرتاسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، هەروەها ١٣٠ مێگاوات کارەبای بەرهەم دەهێنا و بەو هۆیەو کارەبای چەندین شار و ناوچە پچڕاوە.
وتیشی: کارگەی سوێدا، کارگەیەکی کۆنە و ئێدی هیچ کارگەیەکیش نییە پارچە شکاوەکانی کارگەکە نۆژەن بکاتەوە، داوامان کردووە پارچە شکاوەکانی کارگەکە لە دەرەوەی رۆژئاوا هاوردە بکرێن، بەڵام ماوەی دوو ساڵی دەوێت کە کارگەکە نۆژەن بکرێتەوە و ئەوەش کێشەیەکی گەورە بۆ هاوڵاتیان دروست دەکات.
عەگید دەشڵێـت: لەئێستادا بە ناچاری پێویستە، غازی ماڵان لە دەرەوە هاوردە بکرێت کە ئەوەیش پارەیەکی زۆری دەوێت و تێچوویەکی پێنج ئەوەندەی پێویستە.
لە ١٩ تاوەکو ٢٣ی تشرینی دووەم، تورکیا جیاواز لە هێرشەکانی پێشووتر، ژێرخانی ئابوری و خزمەتگوزاری رۆژئاوای کوردستانی کردووەتە ئامانج و چەندین، پاڵاوگە، قۆتابخانە و نەخۆشخانەی وێران کردووە.

More News

Most Popular

هەواڵ

ڤیدیۆی ناو زیندانەکانی عێراق وەزارەتی داد رووگیردەکات

Mic
2025-05-10


لەناو زیندانەکانی عێراقەوە ڤیدیۆی توندوتیژییەکانی تاوانباران بڵاودەبنەوە کە بەبێ ئاگاداریی ئیدارەی گرتووخانەکان، دەستدرێژیی دەکەنە سەر یەکتریی و بە مۆبایل وێنەی دەگرن و پاشان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویدەکەنەوە.

کەسێک ناوی "باسمی نەجەف"ە، تاکێک پێڵاوی بەدەستەوەیە و دەیکێشێت بە شان و ملی زیندانییەکانی دیکەدا لە گرتووخانەی تاجی و بەجوێن و قسەی ناشرین سوکایەتییان پيدەکات.

ڤیدیۆکە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ مانگێک لەمەوبەر، کاتێک تۆمارکراوە کە توانراوە ئەو کەسە دەستگیربکرێت کە ویستویەتی ماددەی هۆشبەر بگەیەنێتە دەستی زیندانییەکان.

بەڕێوەبەرێتی چاکسازییەکان عێراق، جەخت لەوە دەکاتەوە کە لەڕێگەی کامێرای چاودێرییەوە لەکاتی خۆیدا روداوەکەیان بینیوە و سزای یاسایی ئەو کەسانەش دراوە کە مۆبایل و کەرەستەکانی بەنهێنی گەیاندووەتە دەستی زیندانییەکان.

هەروەها لە ڤیدیۆیەکی دیکەدا، زیندانییەکان بەشێوەیەکی نائاکاریی پاڵکەوتوون و وا دەردەکەوێت کە سوکایەتی بە کەسێتیی یەکتریی دەکەن.

دیمەنەکان زۆر بەخێرایی بون بە ترێند لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و وەزارەتی دادی عێراقی ناچارکرد روونکردنەوە لەوبارەیەوە بڵاوبکاتەوە.

وەزارەتی داد، کە وەزیرەکەی کوردە و ناوی خالید شوانییە، ئەگەرچی ئەوە پشتڕاستدەکەنەوە کە دیمەنەکان لە زیندانەکاندا تۆمارکراون، بەڵام جەخت لەوە دەکەنەوە کە "زۆرینەی ئەو ڤیدیۆیانە کۆنن".

سەبارەت بە ڤیدیۆ تازەکانیش وەزارەتەکە دەڵێت: "دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە بۆ زانینی هۆکاری بڵاوکردنەوەی ئەو ڤیدیۆیانە".

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی داد، 300٪ی زیندانەکانی عێراق پڕبون لە سزادراو، بە واتایەکی دیکە زیندانەکان سێهێندەی توانای ئاسایی خۆیان سزادراویان تێدا گلدراوەتەوە.