هەواڵ

خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی مامۆستایان و خوێندكاران لەسلێمانی و گەرمیان و ڕاپەڕین سەریهەڵدایەوە

Mic
2022-11-29

لەبەرامبەر جێبەجێنەكردنی داواكاری دامەزراندن و بێ بەڵێنی وەزارەتی پەروەردە وحكومەتی هەرێم، مامۆستایانی وانەبێژ لە سنوری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین دەستیان بە خۆپیشاندان كرد، خوێندكارانی زانكۆی سلێمانیش دەستیان بەخۆپیشاندان كردەوە.
مامۆستایانی گەرمیان  ڕایانگەیاند، بەهیچ شێوەیەك پرسیاری تاقیكردنەوەی ٦۰ نمرەی وەرزی یەكەم نادەین بە ئیدارەی خوێندنگاكانمان.
میدیا عوسمان، بەناوی مامۆستایانی وانەبێژەوە، بەیاننامەیەكی خوێندەوە و وتی: ئێمە وەك مامۆستایانی وانەبێژ لەسنوری بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی گەرمیان، بێ گوێدانە ماندووبوون و ڕچاوكردنی بارودۆخی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان، زۆر دڵسۆزانە ئەركمان لەناو كەرتی پەروەردە بەجێ گەیاندووە و بەردەوامبووین لە فێركردنی ڕۆڵەكانی ئەم نیشتیمانە.
وتیشی: زیاتر لە ٥٥۰ یاداشت و نوسراو لەلایەن مامۆستایانی وانەبێژەوە دراوەتە حكومەتی هەرێم و ولایەنە پەیوەندیدارەكان، بەداخەوە دوای  كۆبونەوە و بەڵێنی لایەنی پەیوەندیدار بە مامۆستایانی وانەبێژ كەچی تا ئێستا هیچ شتێك بەدی نەهاتووە، لەدوا كۆبونەوەی وەزیری پەروەردە لەگەڵ مامۆستایانی ناڕازیی لە بەرواری ۲٦ ـ ۱۱، دەركەوت تەنها بەقسە لەگەڵ مامۆستایانی وانەبێژ بووە. 
ڕونیشیكردەوە، بڕیارمانداوە بەهیچ جۆرێك پرسیاری تاقیكردنەوەی ٦۰ نمرەی وەرزی یەكەم نەدەین بە ئیدارەی خوێندنگا و ئۆباڵی هەر ئەگەرێكی نەخوازراو و ئەنجام نەدانی تاقیكردنەوەكانی وەرزی یەكەم ئەخەینە ئەستۆی وەزارەتی پەروەردە و حكومەتی هەرێم . 
لەسلێمانیش بەهەمانشێوە مامۆستایانی وانەبێژ گردبوونەوە و ڕایانگەیاند كە بایكۆتی دەوامیان دەستپێكردووە و ئامادەش نین پرسیاری وەرزی یەكەم پێشكەش بەپەروەردەكان بكەن.
هەر ئەمڕۆ، خوێندكارانی ناڕازیی زانكۆ و پەیمانگاكان، لەسلێمانی و گەرمیان خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەكانیان بەردەوامی هەبوو داواكاری سەرەكی ئەوانیش پێدانی دەرماڵە و كەمكردنەوەی كرێی خوێندنی پارالێلە.
لەهەرێمی كوردستان زیاتر لە 30 هەزار وانەبێژ هەن، كە زیاتر لە 13 هەزاریان لەپارێزگای سلێمانین.
سەبارەت بە دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ، دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنوسان رایگەیاند: لەزەنگی ساڵی نوێ ، یەكێك لەداواكاریەكانمان دامەزراندنی وانەبێژان و پلەبەرزكردنەوەی گشت فەرمانبەر و مامۆستایان بوو، وەك وەفایەكیش داوامانكرد ساڵێك بەدوو ساڵ بۆ خانەنشینی بۆیان هەژماربكرێت.

وتیشی: وانەبێژانی دانەمەزراو یەكێكن لەكۆڵەكە سەرەكیەكانی پەروەردە، بەتایبەت لەسنوری سلێمانی بەهۆی ئەوەی میلاكمان لەدەرەوەی شارەكان زۆر كەمبوەتەوە، داواكارم لەحكومەتی هەرێم و پشتیوانیان بێت و بەگرێبەست بێت یان بەهەمیشەیی دابمەزرێن.
دڵشاد عومەر ئەوەشی خستەڕوو: دڵنیام هەرسێ سێكتەری شارەوانی و پەروەردە و تەندروستی زۆر گرنگن و حكومەت پێویستە ئاوڕیان لێبداتەوە، بەڵام حكومەت دەبێت دیراسەت بكات و مادام دۆسیەكانیان لە ئەنجومەنی راژەیە، دڵنیام لەمانگێك لەمانگەكان دەكرێن بەگرێبەست و واتە حكومەت پلانی هەیە بۆ دامەزراندن.
 

More News

Most Popular

-18

ئایا لە منداڵدا مەڵاشوو دەکەوێت؟

Mic
2024-02-21

ئاکۆ کەریم جەلال پسپۆری نەخۆشییەکانی منداڵان و گەشەی منداڵ لەو بارەیەوە ئاماژەی بەوەکردووە، لە سەردەمی کۆندا مەڵاشوو کەوتن نەخۆشییەکی باو بووە، لە ئێستاشدا لای هەندێک کەس هەیە، بە منداڵێکیان دەوت مەڵاشووی کەوتووە کاتێک منداڵەکە ماوەیەک خواردنی کەمبووایە و پرخەی لووتی هەبووایە و بێتاقەت و بێهیز بووایە و خەوی کەم بووایە، بۆ چارەسەر منداڵەکەیان دەبرد بۆ لایی ئافرەتێکی شارەزا پەنجەیەکی دەکرد بە قورگیا بۆ ئەوەی مەڵاشووی بەرزبکرێتەوە و ببرێتەوە شوێنی خۆی.
ئەو پسپۆڕە ئاشکرایکردووە، لە رووی زانستییەوە مەڵاشوو کەوتن وەک نەخۆشی هەیە و هەبووە و هەر دەشبێت، بەڵام دەستەواژەی مەڵاشوو کەوتن هەڵەیە چونکە مەڵاشوو ناکەوێت، هۆکاری ئەم نەخۆشییە لە رووی زانستییەوە ئەوەیە کاتێک منداڵ تووشی هەوکردنی ڤایرۆسات دەبێت هەندێک جار لەوزەتێنی سێهەم کە پێی دەوترێت "ئەدینۆید" یان پێیدەڵێن "گۆشتە زیادە"، دەکەوێتە بەشی سەرەوەی قورگ لە پشت رێرەوی لووت کە لە هەموو مرۆڤێکدا هەیە گەورە دەبێت بەمەش منداڵەکە هەناسەدانی بە لووت ئەستەم دەبێت و خواردنی کەم دەبێتەوە و بێهێز و بێتاقەتی دەکات.
ئاکۆی پزیشک روونیکردووەتەوە، ئەگەر منداڵەکە چەند رۆژێک خواردنی کەمبێتەوە ئەوا تووشی وشکبوونەوە دەبێت دەرئەنجام لە منداڵی کەمتر لە یەک ساڵ مەڵاشووی دەقووپێت بۆ ناوەوە لە ئەنجامی کەمبوونەوەی ئاوی لەشی، (ئاشکرایە منداڵ لە ٪٧٠ بۆ ٪٦٥ لەشی لە ئاو پێکهاتووە).
سەبارەت بە ڕێگەی کۆنی جاران کە ئافرەتێک بە پەنجە مەڵاشووی منداڵەکەی دەهێنایەوە ئەو پسپۆڕە دەڵێت "جاران لە نەبوونی پزیشک و هۆشداریی تەندروستیی وا لێکدراوەتەوە کە مەڵاشووی منداڵەکە کەوتووەتە پشتی لووتیەوە بۆیە لووتی گیراوە، بۆ چارەسەر کەسێک بە پەنجە پەستانی خستووەتە سەر بەشی سەرەوەی قورگی منداڵەکە و هەوڵیداوە مەڵاشووی بگەرێنێتەوە شوێنی خۆی، بەڵام بەهۆی ئەو پەستانە زۆرە بۆتە هۆی ئەوەی ئەو لەوزەتێنە بتەقێت بەمەش قەبارەکەی بچووکبووەتەوە و رێرەوی لووتی منداڵەکە کراوەتەوە بەمەش منداڵەکە بۆ ماوەیەکی کاتی باش بووە، بەڵام ئەم رێگە کۆنە هەڵەیە چونکە ئازارێکی زۆر بۆ منداڵەکە دروست دەبێت و ئەگەری هەوکردن و خوێن بەربوون زیاد دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا ترس و شڵەژانی دەروونی بۆ منداڵەکە دروست دەبێت".
لەو کۆتاییدا ئەو پسپۆرە ئەوەی خستووەتە روو، لە ئێستادا ئەم نەخۆشییە بە قەترەی لوت و شروب چارەسەر دەکرێت، هەندێک جاریش بە نەشتەرگەریی، هیچ پێویست ناکات ئەو چارەسەرەی جاران بکرێت.