هەواڵ

كارەبای ماڵان لەهەرێمی كوردستان كەمكرایەوە

Mic
2022-11-30

وەزارەتی كارەبای هەرێمی كوردستان رایگەیاند، بۆ كۆنترۆڵكردنی زیاتری كارەبا و كەمكردنەوەی بچڕانی كارەبا لە وەرزی زستاندا، بڕیاردراوە بڕی ئەمپێری كارەبای ماڵان لە 40 ئەمپێرەوە بۆ 30 ئەمپێر كەم بكرێتەوە، ئەمەش یەكەمجار نیە وەزارەتی كارەبا ئەو كارە دەكات و ساڵی رابردووش بەهەمانشێوە بڕیاری كەمكردنەوەی كارەبای ماڵانیدا.
وەزارەتی كارەبای هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاند: بۆ كۆنترۆڵكردنی زیاتری كارەبا و كەمكردنەوەی بچڕانی كارەبا لە وەرزی زستان، وەزارەتی كارەبا بڕیاریدا بڕی ئەمپێڕی كارەبای ماڵان لە 40 ئەمپێرەوە بۆ 30 ئەمپێر كەم بكرێتەوە.
بەوتەی بەرپرسانی وەزارەتی كارەبا كابینەی نۆیەم توانیویەتی 650 مێگاوات كارەبا بخاتە سەر تۆڕەكان، گەیشتوەتە ئەوەی بە گشتی سێ هەزار و 800 مێگاوات كارەبا بەرهەمبهێنن، بەڵام ئەو رێژەیە خواستی هاوڵاتییان نییە.
دەشڵێن: ئەگەر سوتەمەنی تەواویان لەبەردەستدا بێت، توانای بەرهەمهێنانی حەوت هەزار مێگاوات كارەبایان هەیە، خواستی هاوڵاتییانیش لە وەرزی زستان شەش هەزار مێگاواتە، لە وەرزی هاویندا چوار هەزار و 500 مێگاواتە.
ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: پلانێكی ستراتیژیمان داناوە بۆ زیادكردنی بڕی ئەو وزە كارەبایەی ئێستا هەیە كە 3 هەزار و 800 مێگاواتە بۆ 7 هەزار مێگاوات، بۆ ئەوەی تێكڕای پێدانی كاتژمێرەكانی كارەبا زیاتر بكەن.
كەمكردنەوەی ئەمپێری كارەبای ماڵان لەلایەن وەزارەتی كارەباوە لەكاتێكدایە، حكومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم لەچەند وێستگەیەكی كارەبا، كارەبا بە حكومەتی عێراق دەفرۆشێت و داهاتەكەشی دیار نییە، بەڵام كارەبای هاوڵاتیان لەهەرێمی كوردستان كەمدەكاتەوە.
دوای زیاتر لە 30 ساڵ لەحوكمڕانی، هێشتا حكومەتی هەرێم نەیتوانیوە كارەبای 24 كاتژمێری بۆ هاوڵاتیان دابین بكات و تائێستاش حكومەت كەمتر لە 12 كاتژمێر كارەبا دەداتە هاوڵاتیان و ئەوی دیكەش مۆلیدەی ئەهلی دابینی دەكات.

More News

Most Popular

هەواڵ

بەڕێوەبەرى سۆمۆ: گرێبەستەکانى کڕینى نەوتى هەرێمى کوردستانمان کۆتایی پێهێنا

Mic
2025-09-16

کۆمپانیای سۆمۆ رایگەیاند، تەواوی گرێبەست و پابەندییەکانی لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەی نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێمی کوردستانیان دەکڕی، کۆتایی پێهێناوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 16ـی ئەیلولی 2025 کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عیراق- سۆمۆ رایگەیاند، هەموو گرێبەست و پابەندییەکانی لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەی نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێمی کوردستانیان دەکڕی، کۆتاییپێهێناوە.

باسی لەوەشکردووە، دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، شکۆی عێراق وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی بۆ "بازاڕی تینووی ئەوروپا" دەگەڕێنێتەوە.

عەلی نەزار شەتەری، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە، بە ئاژانسی هەواڵی عیراقی- واعی راگەیاندووە، ئەوەی لە هەرێمی کوردستان روویدا، بابەتی لێکتێگەیشتن و دانانی میکانیزمی کارکردنە،" و ئاماژەی بەوەشکرد کە "یاسا بەسەر هەموواندا جێبەجێ دەبێت.

روونیکردەوە کە "وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی یەک ستراتیژدا کاردەکەن، بەو پێیەی نەوتی بەرهەمهێنراو نەوتی عیراقییە، و تایبەتمەندییەکە تەنها لە سروشتی پەیوەندیی نێوان حکومەتی هەرێم و ئەو کۆمپانیایانەدایە کە لەوێ کاردەکەن.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان پێویستیان بە تەواوکردنی میکانیزمی جێبەجێکردنی یاسای بودجەیە، و لەم بارەیەوە گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنی هاوبەش،" و رونیکردەوە کە "هەوڵەکان بەردەوامن بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی کۆتایی کە رێگە بدات بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی خاو بۆ بەندەری جەیهانی تورکی.

شەتەری راشیگەیاندووە، نەوتی خاوی بەرهەمهێنراو لە هەرێمی کوردستان لە ئێستادا هەناردە ناکرێت، بەڵکو لەناوخۆی هەرێمدا بەکاردەهێنرێت، و ئێمە بەپێی یاسای بودجەی ساڵی 2025 کاردەکەین بۆ ئەوەی بڕە زیادەکان لە دوای بەکاربردنی ناوخۆیی بگۆڕدرێن بۆ هەناردە،" و ئاماژەی بەوەشکرد کە "کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) هەموو گرێبەست و پابەندییەکانی لەگەڵ کۆمپانیا کڕیارەکاندا کۆتاییپێهێناوە و ئامادەیە بۆ وەرگرتنی بڕەکان هەر کاتێک لەلایەن کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان و حکومەتی هەرێمەوە هەناردە بکرێن

لە کۆتاییشدا ئاماژەی بەوەکردووە، تا ئێستا (سۆمۆ) هیچ بڕە نەوتێکی لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم وەرنەگرتووە، و پەیوەندییە گرێبەستییەکە لەنێوان وەزارەت لە کوردستان و کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکاندا دەمێنێتەوە.