هەواڵ

ژنێك بەسوتێندراوی دەخرێتە ژێرگڵ، لێكۆڵینەوە لەدۆسیەكەی دەستیپێكردووە

Mic
2022-11-30

دوای هەفتەیەك لە دۆزینەوەی تەرمی ناسكە قادری تەمەن 47 ساڵ كە بە سوتێندراوی خرابوویە ژێرگڵ، هێزە ئەمنییەكانی سنوری ئیدارەی راپەڕین لەهەرێمی كوردستان، چەند كەسێك لەسەر روداوەكە دەستگیر دەكەن، وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین دەڵێت لێكۆڵینەوەكان لەسەر دۆسییەكە بەردەوامن.
شۆڕش ئیسماعیل، وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بە مایكی وت:لەبارەی كوژرانی ئەو ژنە هەردوو بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس و ئاسایشی راپەڕین دۆسیەی لێكۆڵینەوەیان بۆ روداوەكە كردووەتەوە و تائێستاش هیچ سەرەداوێك لەسەر هۆكاری روداوەكە دەرنەكەوتووە.
وتیشی: تائێستا نازانرێت روداوەكە تیرۆرە یان كێشەیەكی كۆمەڵایەتییە بۆیە پۆلیس و ئاسایش لێكۆڵینەوە لەسەر روداوەكە دەكەن، دوای ناسینەوەی تەرمەكەش لەلایەن كچەكەی، تەرمی ئەو ژنە دراوەتەوە بە كەسوكاری و بەخاكسپێردراوە.
23ی ئەم مانگەش پۆلیسی راپەڕین راگەیاند: تەرمی ژنێك لەلایەن پۆلیسی راپەڕینەوە لەژێر گڵ دەرھێندراوەتەوە كە سوتێنراوە و ژێر گڵ خراوە، بەھۆی زۆری سوتاویەكەی تەرمەكە نەناسراوەتەوە و رەوانەی پزیشكی دادی سلێمانی كراوە، لێكۆڵینەوەش دەستیپێكردووە بەڵام تائیستا ھیچ كەسێك لەسەر ئەو رووداوە دەستگیر نەكراوە.
ئەو ژنەی تەرمەكەی دۆزرایەوە، ناوی ناسكە قادر پیرۆتە و دانیشتووی ناحیەی چوارقوڕنە بووە،خاوەنی پێنج منداڵ بوە و بەوتەی كەسوكارەكەی رۆژی روداوەكە بەمەبەستی كڕینی كەلوپەل و پێداویستی چووەتە بازار و دواتر هیچ هەواڵێكی نەبوە و مۆبایلەكەشی داخراوە، تاوەكو خێزانەكەی هەواڵی دیارنەمانیان بە هێزە ئەمنییەكان داوە.
بەپێی زانیاریەكان پێنج كەسی نزیكی ئەو ژنە، دوو برای ژنەكە، مێردی، برای مێردەكەی، كوڕەكەی لە لایەن ئاسایشەوە دەستگیركراون، تائێستاش نازانرێت بۆچی ئەو كەسانەیان دەستگیركردووە.
یەكێك لەئەندامانی خێزانی ئەو ژنە دەڵێت: هەمو ڕۆژ دەچین بۆ ئاسایش زانیاریمان بدەنێ بەڵام ئەوە چەندێكە ئەو ڕوداوە ڕوویداوە تا ئێستا نەتوانراوە سەرەداوێك دەستبخرێت، تەنها ئەوەندە نەبێت دەستگیراوە بە سەر فەیسبوكی ئەو خانمەدا بەڵام دواتر ئەوەش نەما كە وای بۆدەچین ئاسایش خۆی ئەو فەیسبوكەی داخستبێت.
ئەو ئەندامەكەی خێزانەكەی ڕەتیكردوەتەوە كە پێشتر ناسكە هیچ هەڕەشەیەكی لەسەر بوبێت یا كێشەیەكی هەبوبێت و باسی لەوەشكردووە: ئەو ژنە بێ كێشەترین ژنی خانەوادەكە بووە، ئەو ڕۆژەی لە ماڵ دەرچووە لای كاتژمێر سێی پاشنیوەڕۆ بووە بە بوكەكەی وتوە دەچم هەندێك پێداویستی دەكڕم بەڵام دواتر نەگەڕاوەتەوە".

More News

Most Popular

تەندروستی

بەکارهێنانی مەیکەپی دژە ئاو مەترسیدارە؟

Mic
2025-10-04

توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری زانستی ژینگە و تەکنۆلۆژیادا بڵاو کراوەتەوە ئاماژەی بەوە داوە، بەشێک لە بابەتی جوانکارییەکان کە ئەمڕۆ بەکار دێت، ڕێژەیەکی زۆر لە ماددە کیمیایییە ژەهراوییەکان لە پێکهاتەیاندا هەیە وەک پۆڵی فلۆرۆ ئەڵکیل (PFAS ) . کە بەداخەوە لە پێکهاتەی ماددە جوانکارییەکاندا ئەم ماددە نانووسرێت بۆ ئەوەی خەڵک هۆشیار بێت.

ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) باس لەوە دەکات، بەشێک لە بابەتە جوانکارییەکانی وەکوو بۆیەی نینۆک و کرێمەکان و سوراو و قەڵەم چاو و ماسکەرا، دەکرێت ئەم ماددانەی تێ بکرێت بۆ ئەوەی زۆرتر بە درەوشاوەیی دەربکەوێت. بۆیە زۆر گرنگە ئەو بابەتە جوانکارییانە بەکار دێت کە دڵنیان لەوەی ئۆریجیناڵە و کوالێتی بەرزە.