لەهەولێر و سلێمانی كامێرا نوێیەكانی تیژرەوی لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە دەخرێتەكار، لەهەولێر وەكو تاقیكردنەوە كامێراكان لەبەشێك لەشەقامەكان خراونەتەكار و لەسلێمانیش بەوتەی هاتوچۆ هێشتا كاركردن تێیاندا بەردەوامە.
دوێنێ بەڕێوەبەرایەتی ھاتوچۆی ھەولێر رایگەیاند: بۆ کەمکردنەوەی قوربانییەکانی ھاتوچۆ و کۆنترۆڵکردنی تیژڕەویی، وەکو قۆناغی یەکەم، کامێرای تۆمارکردنی تیژڕەویی خاڵ بۆ خاڵ یان کە تێکڕای خێرایی لە نێوان دوو کامێرا تۆمار دەکات، لە شەقامی 120 مەتری ھەولێر لە نێوان شەقامی کەرکوک بۆ شەقامی بنەسڵاوە لە ھەردوو ساید ئەو کامێراییە لە ھەفتەی داھاتوو دەکەوێتە کار.
ھاتوچۆی ھەولێر شۆفێران ئاگادار دەکاتەوە و دەڵێت: بۆ ئەوەی خۆیان لە سزای دارایی کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕۆیی بپارێزن، نابێت لە شەقامی 120 مەتری لەمەولا تیژڕەویی بکەن و نابێت ئۆتۆمبێلی بچووک لە 110 کیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا و ئۆتۆمبێلی بارھەڵگر لە 80 کیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا خێراتر بڕون، ھەر خێراییەکی زیادە بۆیان تۆمار دەکرێت و سزای دارایی دەدرێن جا کامێراکە دیار بێت یان نا.
هاتوچۆی هەولێر ئەوەشی خستووەتەڕوو: شوفێرانی بارھەڵگر تەنھا ڕێگە پێدراون لە ھێلی دیاریکراو بۆیان شوفێری بکەن، بە پێچەوانەوە ڕوبەڕوی سزای دارایی دەبنەوە.
بەڵام بەوتەی سەرچاوەیەك لەهاتوچۆی هەولێر بۆ مایك، كامێرا نوێیەكانی تیژڕەوی خراونەتەكار، بەڵام وەك سەرچاوەكە وتی تا هەفتەی داهاتوو وەك "تێست" كاردەكەن و لەسەرەتای هەفتەی داهاتوەوە سەرپێچیەكان هەژمار دەكرێت.
هاوكات عەمید سەعدوڵا عەزیز سەرپەرشتیاری لیژنەی كامێراكانی هاتوچۆ لەهاتوچۆی سلێمانی بەمایكی وت: تائێستا كاركردن لەكامێراكانی تیژڕەویی لەسلێمانی بەردەوامە، وتیشی تائێستا لەلایەن هاتوچۆوە كامێرا نوێیەكانی تیژڕەوی وەرنەگیراوە.
لەهەرێمی كوردستان كامێرا نوێیەكانی تیژڕەوی لەلایەن دوو كۆمپانیای حزبییەوە كە سەر بە پارتی و یەكێتین دادەنرێت و زیاتر لە 400 كامێرا لەقۆناغی یەكەمدا دادەنرێت، بەپێی گرێبەستەكە تا پارەی كامێراكان دەردەهێنێتەوە كۆمپانیاكە %70 ی قازانجی كامێراكان دەبات و دوای پڕكردنەوەی قازانجەكەش پێچەوانە دەبێتەوە.
لەهەرێمی كوردستان بە زیاتر لە 400 جۆر باج لەهاوڵاتیان وەردەگيرێت، لەكاتێكدا خزمەتگوزاریەكان وەك پێویست نین و سەرەڕای ئەوەش كامێرا نوێیەكەی تیژڕەوی كە بە پۆینت توو پۆینت ناسراوە چاوەڕوان دەكرێت بارگرانییەكی دیكە بخاتە سەر شۆفێران و هاوڵاتیان.
توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری زانستی ژینگە و تەکنۆلۆژیادا بڵاو کراوەتەوە ئاماژەی بەوە داوە، بەشێک لە بابەتی جوانکارییەکان کە ئەمڕۆ بەکار دێت، ڕێژەیەکی زۆر لە ماددە کیمیایییە ژەهراوییەکان لە پێکهاتەیاندا هەیە وەک پۆڵی فلۆرۆ ئەڵکیل (PFAS ) . کە بەداخەوە لە پێکهاتەی ماددە جوانکارییەکاندا ئەم ماددە نانووسرێت بۆ ئەوەی خەڵک هۆشیار بێت.
ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) باس لەوە دەکات، بەشێک لە بابەتە جوانکارییەکانی وەکوو بۆیەی نینۆک و کرێمەکان و سوراو و قەڵەم چاو و ماسکەرا، دەکرێت ئەم ماددانەی تێ بکرێت بۆ ئەوەی زۆرتر بە درەوشاوەیی دەربکەوێت. بۆیە زۆر گرنگە ئەو بابەتە جوانکارییانە بەکار دێت کە دڵنیان لەوەی ئۆریجیناڵە و کوالێتی بەرزە.