هەواڵ

غاز ماڵێكی دیكەی وێرانكرد

Mic
2023-01-19

لەکاتی کارکردن، غازی ماڵێک لەشارەدێی تەکییە ئاگری گرت و تەقییەوە، بەهۆیەوە ژنێک بریندارە و زیانی زۆری مادی بەر ماڵەکە گەیشتوە.
بەیانی ئەمڕۆ، لەشارەدێی تەکیەی سەر بەشارۆچکەی چەمچەماڵ لەهەرێمی كوردستان بەهۆی تەقینەوەی غازەوە ماڵێک ڕووخاو و زیانی گیانی و مادەی لێکەوتەوە.
شەریف ڕەحیم، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی چەمچەماڵ، ڕایگەیاند : لەماڵێکی شارەدێی تەکییە، ژنیک ویستویەتی غازی ماڵەکە دابگیرسێنێت، بەهۆی ئەوەی پێشووتر غازەکە لێیچووە، ئاگری گرتووە.
وتیشی: ژنەکە بەشێک لەجەستەی سووتاوە، بەڵام تەندروستی باشە و لەسەنتەری فریاکەوتنی چەمچەماڵە.
هەروەها بەهۆی تەقینەوەی غازەکەوە خانووی ماڵەکە ڕووخاوە و هێزەکانی پۆلیس لە شوێنی ڕووداوەکە دەستیان بەلێکۆڵینەوە کردوە.
یەكەمجار نییە غازی ماڵان لەهەرێمی كوردستان دەبێتەهۆی ئاگركەوتنەوە، بەم ڕووداوەی ئەمڕۆوە شەشەم رووداوی گڕگرتنی غازە لەهەرێمی كوردستان لەكۆتایی ساڵی رابردوو و سەرەتای ئەمساڵەوە، بەوهۆیەشەوە تائێستا زیاتر لە 20 كەس گیانیان لەدەستداوە و دەیانی دیكەش برینداربوون.

More News

Most Popular

-18

ئایا لە منداڵدا مەڵاشوو دەکەوێت؟

Mic
2024-02-21

ئاکۆ کەریم جەلال پسپۆری نەخۆشییەکانی منداڵان و گەشەی منداڵ لەو بارەیەوە ئاماژەی بەوەکردووە، لە سەردەمی کۆندا مەڵاشوو کەوتن نەخۆشییەکی باو بووە، لە ئێستاشدا لای هەندێک کەس هەیە، بە منداڵێکیان دەوت مەڵاشووی کەوتووە کاتێک منداڵەکە ماوەیەک خواردنی کەمبووایە و پرخەی لووتی هەبووایە و بێتاقەت و بێهیز بووایە و خەوی کەم بووایە، بۆ چارەسەر منداڵەکەیان دەبرد بۆ لایی ئافرەتێکی شارەزا پەنجەیەکی دەکرد بە قورگیا بۆ ئەوەی مەڵاشووی بەرزبکرێتەوە و ببرێتەوە شوێنی خۆی.
ئەو پسپۆڕە ئاشکرایکردووە، لە رووی زانستییەوە مەڵاشوو کەوتن وەک نەخۆشی هەیە و هەبووە و هەر دەشبێت، بەڵام دەستەواژەی مەڵاشوو کەوتن هەڵەیە چونکە مەڵاشوو ناکەوێت، هۆکاری ئەم نەخۆشییە لە رووی زانستییەوە ئەوەیە کاتێک منداڵ تووشی هەوکردنی ڤایرۆسات دەبێت هەندێک جار لەوزەتێنی سێهەم کە پێی دەوترێت "ئەدینۆید" یان پێیدەڵێن "گۆشتە زیادە"، دەکەوێتە بەشی سەرەوەی قورگ لە پشت رێرەوی لووت کە لە هەموو مرۆڤێکدا هەیە گەورە دەبێت بەمەش منداڵەکە هەناسەدانی بە لووت ئەستەم دەبێت و خواردنی کەم دەبێتەوە و بێهێز و بێتاقەتی دەکات.
ئاکۆی پزیشک روونیکردووەتەوە، ئەگەر منداڵەکە چەند رۆژێک خواردنی کەمبێتەوە ئەوا تووشی وشکبوونەوە دەبێت دەرئەنجام لە منداڵی کەمتر لە یەک ساڵ مەڵاشووی دەقووپێت بۆ ناوەوە لە ئەنجامی کەمبوونەوەی ئاوی لەشی، (ئاشکرایە منداڵ لە ٪٧٠ بۆ ٪٦٥ لەشی لە ئاو پێکهاتووە).
سەبارەت بە ڕێگەی کۆنی جاران کە ئافرەتێک بە پەنجە مەڵاشووی منداڵەکەی دەهێنایەوە ئەو پسپۆڕە دەڵێت "جاران لە نەبوونی پزیشک و هۆشداریی تەندروستیی وا لێکدراوەتەوە کە مەڵاشووی منداڵەکە کەوتووەتە پشتی لووتیەوە بۆیە لووتی گیراوە، بۆ چارەسەر کەسێک بە پەنجە پەستانی خستووەتە سەر بەشی سەرەوەی قورگی منداڵەکە و هەوڵیداوە مەڵاشووی بگەرێنێتەوە شوێنی خۆی، بەڵام بەهۆی ئەو پەستانە زۆرە بۆتە هۆی ئەوەی ئەو لەوزەتێنە بتەقێت بەمەش قەبارەکەی بچووکبووەتەوە و رێرەوی لووتی منداڵەکە کراوەتەوە بەمەش منداڵەکە بۆ ماوەیەکی کاتی باش بووە، بەڵام ئەم رێگە کۆنە هەڵەیە چونکە ئازارێکی زۆر بۆ منداڵەکە دروست دەبێت و ئەگەری هەوکردن و خوێن بەربوون زیاد دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا ترس و شڵەژانی دەروونی بۆ منداڵەکە دروست دەبێت".
لەو کۆتاییدا ئەو پسپۆرە ئەوەی خستووەتە روو، لە ئێستادا ئەم نەخۆشییە بە قەترەی لوت و شروب چارەسەر دەکرێت، هەندێک جاریش بە نەشتەرگەریی، هیچ پێویست ناکات ئەو چارەسەرەی جاران بکرێت.