هەواڵ

ئەمریكا پشتیوانی لە هەوڵە خۆجێی و نێودەوڵەتیەكان بۆ نەهێشتنی پێشێلكاریەكانی دژی ڕاگەیاندن لەهەرێم دەكات

Mic
2023-01-25

كونسوڵخانەی ئەمریكا لەهەولێر بڵاویكردەوە: بەم دواییانە سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی ڕۆژنامەنووسان ڕاپۆرتی ڕەوشی ئازادیی ڕۆژنامەنووسی لە هەرێمی_كوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٢ بڵاوكردەوە، ڕاپۆرتەكە لە ژێر ناونیشانی (پارێزەرانی یاسا لە ئەركەكانیان ‌هەڵدەگەڕێنەوە زەبروزەنگی هێزە ئەمنیەكان، یاسای ڕۆژنامەگەری پەكدەخات) بڵاوكرایەوە و تیایدا ئاماژە بە ٤٣١ ڕاپۆرتی پێشێلكاری بەرامبەر بە ٣٠١ ڕۆژنامەنووس و ناوەندی ڕاگەیاندن دەكات. 
كونسوڵخانەی ئەمریكا ئەوەشی خستووەتەڕوو: جێی نیگەرانیە ئەو زیادبوونە لە ژمارە و سروشتی نیگەرانكەری پێشێلكاریەكان دەبینین كە لە ناویاندا هێرشی ئەلیكترۆنی، پشكنینی نایاسایی ئامێری ڕۆژنامەنووسان، دەستگیكردن و دەستبەسەركردنی نایاسایی ڕۆژنامەنووسانی تێدایە. 
هەر سەبارەت بە راپۆرتەكەی سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لەمافی رۆژنامەنوسان كونسوڵخانەی ئەمریكا ئاماژەی بەوەشكردووە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پشتیوانی لە هەوڵە خۆجێی و نێودەوڵەتیەكان بۆ نەهێشتنی پێشێلكاریەكانی دژی ڕاگەیاندن دەكات و پشتیوانی لە بونیادنانی ژینگەیەك دەكات كە تیایدا ڕۆژنامەنووسان بتوانن بە ئازادی و بە بێ ترس لە هەراسانكردن و چاوترساندن و تۆڵەلێسەندنەوە كاری خۆیان بكەن.
پشتیوانیەكەی ئەمریكا بۆ ئازادی رۆژنامەنوسی و باسكردنی راپۆرتەكەی سەنتەری میترۆ لەكاتێكدایە سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستانیش راپۆرتێكی لەسەر پێشێلكاریەكانی دژ بە رۆژنامەنوسان چەند رۆژێك لەمەوبەر بڵاوكردەوە، بەڵام كونسوڵخانەی ئەمریكا هیچ ئاماژەیەكی بەراپۆرتەكەی سەندیكای رۆژنامەنوسان نەداوە.
رۆژی دووشەممە 16ی كانوونی دووەمی 2023 لە رێوڕەسمێكدا لە سلێمانی سەنتەری میترۆ ئاماری ساڵی 2022 ی خستەڕوو،بە گوێرەی راپۆرتەكە، لە ساڵی رابردوودا 431 پێشێلكاریی بەرامبەر 301 رۆژنامەنووس و دەزگای میدیایی ئەنجامدراوە.
رەحمان غەریب رێكخەری سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە رۆژنامەنووسان، لە وتارێكدا، ئاماژەی بەوەدا رەفتاری هێزە ئەمنییەكان بەرامبەر رۆژنامەنووسان گۆڕانكاریی بەسەردا نەهاتووە، وتیشی كەمیی و دواكەوتنی مووچەی رۆژنامەنووسان بووەتە دیاردە و جیاوازیی زەق لە نێوان مووچەی خانمانی رۆژنامەنووس و هاوكارەكانیاندا هەیە.
رەحمان غەریب ئەوەشی خستەڕوو: میدیای كوردی زۆر بێباكانە و بێ گوێدانە سەلامەتی گیانی رۆژنامەنووسەكانیان، لە پێناو سەبقێكی رۆژنامەنووسیدا دەیاننێرنە بەرەكانی جەنگ.
هەر لە رێوڕەسمەكەدا، هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی وتارێكی پێشكەشكرد و رایگەیاند: ئازادیی رۆژنامەنووسیمان هەیە، بەڵام رۆژنامەنووسیی ئازادمان وەكو پێویست نییە.
هەر بەپێی ئامارەكەی سەنتەری میترۆ، لەساڵی 2022 دا بەبێ بڕیاری دادگا 64 دەستبەسەركردنی رۆژنامەنوسان ڕوویداوە و 195 جار رێگری لەرۆژنامەنوسان كراوە و تەنها چوار دەستگیركردن بەفەرمانی دادگا هەبووە و 68 جاریش كەلوپەلی رۆژنامەوانی شكێندراوە و 46 جاریش هێرش و هەڕەشەو سوكایەتی بەرامبەر رۆژنامەنوسان ڕوویداوە.
وەك لەئامارەكەدا هاتووە: لەساڵی 2022دا 26 لێدان و برینداربوون هەبوووە و یەك داخستنی نوسینگەی كەناڵ هەبووە و سێ هەڵكوتانە سەر ماڵی رۆژنامەنوس هەبووە و 16 پڕكردنەوەی بەڵێننامە هەبووە لەگەڵ شەش هێرشی ئەلیكترۆنی و دوو هێرشی مووشەكی بۆ سەر یەكێك لەكەناڵەكان.
سەنتەری میترۆ 11 ساڵە بە بەردەوامی راپۆرتی رەوشی رۆژنامەنووسی لە هەرێمی كوردستان بڵاودەكاتەوە.

More News

Most Popular

هەواڵ

هێزيکی ئاسایش وێنەگری دیجیتاڵ میدیایی 'مایک'یان دەستبەسەرکرد

Mic
2024-03-25

سلێمانی ـ MIC

لەکاتی ڕووماڵی خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی ئەمڕۆ دووشەممە، هێزێکی ئاسایشی سلێمانی، گریڤان فەرمان یان بۆ ماوەیەک دەستبەسەرکرد و دەستیان بەسەر کەلوپەلە رۆننامەوانیەکدا گرت.

گریڤان فەرمان بە دیجیتاڵمیدیای MIC وت”هێزەکەی ئاسایش سەرجەم ئەو وێنە و دیمەنانەی خۆپیشاندانەکە، کە تۆمارم کردبوون سڕییانەوە و رێگەشیان نەدا رووماڵەکە بکەین.”

وتیشی” پاش سڕینەوەی دیمەنەکان ناچاریان کردین شوێنی خۆپیشاندانە جێبهێڵین.”
مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی ئەمڕۆ لەدژی نەدانی مووچەکانیان و پرۆژەی هەژماری من، خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و هەوڵیاندا بچنە دەباشان وچاویان بە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی بکەوێت، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە رێگری کرا لە خۆپیشاندانەکە.

هەروەها رێگری کرا لە چەند کەناڵێکی میدیایی کە رووماڵی خۆپیشاندانەکە بکەن.