هەواڵ

ئەگەر كۆمسیۆنی هەرێم فریای ئەنجامدانی هەڵبژاردن نەكەوێت چی ڕێگەچارەیەك هەیە؟

Mic
2023-01-26

وتەبێژی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێم ئاماژە بەوە دەكات لە كۆی پێنج پێداویستی سەرەكی كە پێویستە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن جێبەجێبكرێن، تا ئێستا هیچیان جێبەجێنەكراون، سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لەخولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستانیش دەڵێت ئەگەر پارتی و یەكێتی ئیرادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنیان هەبێت دەتوانن ئەنجامیبدەن و كۆمسیۆنیش فریای ئامادەكاریەكان دەكەوێت.
شێروان زرار، وتەبێژی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێم ڕایگەیاند: تا ئێستا چوار جار نوسراومان ئاڕاستەی پەرلەمانی كوردستان كردووە بۆ ئەوەی بابەتی ئەنجومەنی كۆمیسیاران یەكلایی بكەنەوە بە درێژكردنەوەی تەمەنی ئەم ئەنجومەنە یاخود دیاریكردنی ئەنجومەنێكی نوێ‌، بەڵام تا ئێستا پەرلەمان وەڵامی نوسراوەكانی نەداوینەتەوە، چونكە هەتا بابەتی ئەنجومەنی كۆمیسیاران یەكلایی نەكرێتەوە نەدەتواندرێت هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت نە دەشتوانین ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردن بكەین.
وتیشی: بۆ ئەوەی ئەمساڵ هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەبچێت پێویستە پێنج خاڵی سەرەكی جێبەجێبكرێن كە بریتین لە: یەكەم، ڕێككەوتنی نێوان لایەنە سیاسییەكان لەسەر هەڵبژاردن. دووەم، ڕێككەوتنی پەرلەمانی بكرێت لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن. سێیەم، سەرۆكی هەرێم دەبێت مەرسوم دەربكات بۆ دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردن. چوارەم، دەبێت حكومەت بودجەی هەڵبژاردن دیاری بكات و بیخاتە سەر هەژماری حسابی كۆمیسیۆن. پێنجەمیش دەبێت بەلاینی كەم ماوەی شەش مانگ لەبەر دەستی ئێمەدا بێت بۆ ئەنجامدانی ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردن.
وتەبێژی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو" لە كۆی ئەو پێنج پێداویستیەی هەڵبژاردن تا ئێستا هیچ یەكێكیان جێبەجێنەكراون، هاوكات ئەگەر تا دوو مانگی داهاتوو بڕیارێكی یەكلاكەرەوە لەسەر كۆی ئەو خاڵانە نەدرێت ئەوا ئەستەمە ئەمساڵیش لە هەرێمی كوردستان هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت.
سەبارەت بەو پرسە كاوە عەبدولقادر سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لەخولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بەمایكی وت: ئەگەر پارتی و یەكێتی ئیرادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنیان هەبێت ئەوا دەتوانن ئەمساڵ هەڵبژاردن ئەنجام بدەن.
وتیشی: ئێمە بەشداری هیچ كۆبوونەوەیەكی سەرۆكایەتی پەرلەمان و فراكسیۆنەكانیشمان نەكردووەو نایكەین چونكە پێمان وایە درێژكردنەوەی تەمەنی نایاساییە، بۆیە پێمان وایە ئەگەر بڕیار بدرێت كۆمسیۆن دەتوانێت ئامادەكاریەكان بكات یاخود كۆمسیۆنی عێراق هەڵبژاردنەكە بەڕێوەببات.
وەك كاوە عەبدولقادر دەڵێت: پێمان باشە بەپێی لیستی دەنگدارانی دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەهەرێمی كوردستان هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوەیەكگرتووەكانیش فشاریان كردووە كە دەبێت ئەمساڵ هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت چونكە ئەم حكومەت و پەرلەمانە هیچ شەرعیەتێكی نەماوەو ئەگەر هەڵبژاردن ئەنجام نەدرێت دۆخەكە مەترسیدار دەبێت.

More News

Most Popular

هەواڵ

هێزيکی ئاسایش وێنەگری دیجیتاڵ میدیایی 'مایک'یان دەستبەسەرکرد

Mic
2024-03-25

سلێمانی ـ MIC

لەکاتی ڕووماڵی خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی ئەمڕۆ دووشەممە، هێزێکی ئاسایشی سلێمانی، گریڤان فەرمان یان بۆ ماوەیەک دەستبەسەرکرد و دەستیان بەسەر کەلوپەلە رۆننامەوانیەکدا گرت.

گریڤان فەرمان بە دیجیتاڵمیدیای MIC وت”هێزەکەی ئاسایش سەرجەم ئەو وێنە و دیمەنانەی خۆپیشاندانەکە، کە تۆمارم کردبوون سڕییانەوە و رێگەشیان نەدا رووماڵەکە بکەین.”

وتیشی” پاش سڕینەوەی دیمەنەکان ناچاریان کردین شوێنی خۆپیشاندانە جێبهێڵین.”
مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی ئەمڕۆ لەدژی نەدانی مووچەکانیان و پرۆژەی هەژماری من، خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و هەوڵیاندا بچنە دەباشان وچاویان بە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی بکەوێت، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە رێگری کرا لە خۆپیشاندانەکە.

هەروەها رێگری کرا لە چەند کەناڵێکی میدیایی کە رووماڵی خۆپیشاندانەکە بکەن.