دوای چەند مانگێک کۆنەبوونەوە و گرژیی سیاسی، ئەمڕۆ پارتی و یەکێتی لە شاری سلێمانی لە ئاستی باڵا کۆدەبنەوە، وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی كوردستان دەڵێت یەكێتی تائێستا بەئەنجامدانی هەڵبژاردن لەمساڵدا ڕازی نییە، دەشڵێت لەگەڵ درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان نەبوون بەڵام لەبەر دۆخی هەرێم پێی رازی بوون.
بەپێی زانیاریەكانی مایك خاڵی ناکۆکیی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان زۆرن و ئەمرۆ لەكۆبوونەوەكەدا گفتوگۆی لەبارەوە دەكەن، گرنگترینیشیان هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پرسی داهات و خەرجییەکان، یەکخستنی هەڵوێستەکان بەرامبەر بە بەغدا و دەرەوە، پرسی حکومەت و گەڕانەوەی یەکێتی بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران.
گرژییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی کاتێک زیاتر بوو کە رۆژی 7-10-2022 لە شاری هەولێر، دوو بۆمب بە ئۆتۆمبێلی هاوکار جافدا تەقینەوە و گیانی لەدەستدا، ئەو پێشتر بەرپرسی دەزگای زانیاری و دژەتیرۆری یەکێتی بوو لە نەینەوا، بەڵام بەڵام دوای روداوەكانی هەشتی تەموزی 2021 وازی هێنابوو.
پێشتر عەلی حوسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو: ئێمە دوو حیزبی بەرپرسیارین، ئەرکی ئەو قۆناغە و ئەزموونی هەرێمی کوردستانمان لە ئەستۆدایە، بە دڵنیاییەوە ئەگەر ناکۆکیشمان هەبێت خاڵی هاوبەشمان زۆرە، هەوڵدەدەین بە خاڵە هاوبەشەکانمان دەستپێبکەین و ئەو گرفتانە چارەسەر بکەین.
سۆران جەمال تاهیر، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاندبوو: لە نزیکەوە لەسەر مێزی گفتوگۆ هەر کێشە و گرفتێک هەیە دەتوانین چارەسەری بکەین، چۆنییەتی پتەوکردنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی عێراق، هەروەها چۆنییەتی چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی لەنێوان هەردوو حکومەتدا هەن، بەتایبەت لەم دوایانەدا چەند بڕیارێک دراون بۆ ئەوەی گفتوگۆی لەسەر بکەین.
ناكۆكیەكانی پارتی و یەكێتی وایكرد هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەكاتی خۆیدا بەڕێوەنەچێت، سەرەڕای فشارە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەكان، سەرەڕای ئەوەش لە ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو و مانگێک پێش کۆتاییهاتنی ئەم خولەی پەرلەمان، بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران کاتی ئەم خولە بۆ کۆتایی ئەمساڵ درێژکرایەوە.
پێشەوا هەورامی وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لەخولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بەمایكی وت:هەڵبژاردن موڵكی خەڵكە و موڵكی پارتی و یەكێتی نییە هەركەس بەرامبەر خەڵك راستگۆبێت نابێت لەگەڵ ئەنجام نەدانی هەڵبژاردن بێت، ئەوەی كە ساڵێك تەمەنی پەرلەمان درێژكرایەوە بەدڵی ئێمەش نەبوو بەڵام لەبەر بارودۆخی كوردستان قبوڵمان كرد.
وتیشی:هیچ هۆكارێك نییە باس لەدواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمان بكەین دەبێت پەرلەمانی كوردستان زوو كۆببێتەوە و هەلێك بداتە كۆمسیۆن تا بتوانن كارێكی باش بكەن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەمساڵدا، بۆیە چاوەڕێ دەكەین لەكۆبوونەوەی ئەمرۆی پەرلەمان یەكێتی رازی ببن بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن.
توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری زانستی ژینگە و تەکنۆلۆژیادا بڵاو کراوەتەوە ئاماژەی بەوە داوە، بەشێک لە بابەتی جوانکارییەکان کە ئەمڕۆ بەکار دێت، ڕێژەیەکی زۆر لە ماددە کیمیایییە ژەهراوییەکان لە پێکهاتەیاندا هەیە وەک پۆڵی فلۆرۆ ئەڵکیل (PFAS ) . کە بەداخەوە لە پێکهاتەی ماددە جوانکارییەکاندا ئەم ماددە نانووسرێت بۆ ئەوەی خەڵک هۆشیار بێت.
ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) باس لەوە دەکات، بەشێک لە بابەتە جوانکارییەکانی وەکوو بۆیەی نینۆک و کرێمەکان و سوراو و قەڵەم چاو و ماسکەرا، دەکرێت ئەم ماددانەی تێ بکرێت بۆ ئەوەی زۆرتر بە درەوشاوەیی دەربکەوێت. بۆیە زۆر گرنگە ئەو بابەتە جوانکارییانە بەکار دێت کە دڵنیان لەوەی ئۆریجیناڵە و کوالێتی بەرزە.