بڕیارە رۆژی 2ـی شووباتی 2023، وەفدێكی بانکی ناوەندیی عێراق لە تورکیا لەگەڵ نوێنەرانی بانکی فیدراڵ و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا کۆببنەوە، مەبەستی كۆبوونەوەكەش بۆ تاوتوێکردنی پرسی دابەزینی بەهای دیناری عێراقییە بەرامبەر بە دۆلار، لەكاتێكدا بڕیارە رۆژانی 8 و 9ـی شووبات بۆ هەمان بەمەبەست سەردانی ئەمریکا بکەن.
رۆژی 31ـی کانوونی دووەمی 2023، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنی پرسی دابەزینی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلار و تێیدا بەرپرسەکەی بانکی ناوەندی رایگەیاندبوو: کۆتایی ئەم هەفتەیە لە تورکیا لەگەڵ نوێنەرانی بانکی فیدراڵی و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا کۆدەبنەوە.
ئەوەش لەكاتێكدایە ئەمرۆ بانكی ناوەندی عێراق سەبارەت بە هەمان پرس یەكەم كۆبوونەوەی دوای دەستبەكاربوونی عەلی عەلاق وەك پارێزگاری بانكی ناوەندی بەوەكالەت ئەنجامدا.
نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: پارێزگاری بانکی ناوەندی لە کۆبوونەوەکەدا پێی راگەیاندین: پارێزگاری بانکی ناوەندی پێی وتین لەو کۆبوونەوەیەدا لەگەڵ بەرپرسانی بانکی فیدراڵی و وەزارەتی گەنجینە، ئەوەیان بۆ روون دەکەنەوە کە ئەو رێوشوێنانەی گرتوویانەتەبەر لەبارەی فرۆشتنی دۆلار کاریگەریی زۆری دروستکردووە و داوایان لێدەکەن کە ئەو هەنگاوانە بکرێنە پلەبەندی و بە چەند قۆناغێک بکرێن بۆ ئەوەی کاریگەرییەکانی زۆر نەبێت لەسەر عێراق.
كۆبوونەوەی بەرپرسانی بانكی ناوەندی عێراق لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكا و بانكی فیدراڵی ئەمریكا بەهۆی رێوشوێنەکانی بانکی فیدراڵیی ئەمریکایە لە پرسی خستنەڕووی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە، ئەوەش لەكاتێكدایە ماوەی زیاتر لە دوو مانگە بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلار ناجێگیرە.
ئەمریكا چەند بانكێكی عێراقی تۆمەتبار دەكات بەوەی رۆژانە پارەیەكی زۆر ڕەوانەی ئێران و سوریا و لوبنان و چەند وڵاتێكی دیكە دەكەن.
بەپێی زانیاریەكان كە دەستی مایك كەوتوون نیگەرانی ئەمریكا لەعێراق هێشتا بەردەوامی هەیە و رۆژانە نزیكەی 100 ملیۆن دۆلار لەعێراقەوە دەچێتە دەرەوە، بۆیە رۆژ بەرۆژ بانكی ناوەندی دەیەوێت ئەو دۆخە كۆنترۆڵ بكات و بەشێكی چوونە دەرەوەی پارەكانیش لەهەرێمی كوردستانەوەیە.
لەلایەكی دیكەوە بەپێی هەواڵێكی كەناڵی "ئێران ئینتەرناشناڵ" ئەندامانی سوپای پاسداران، بە هاوكاریی سێ كەسی عێراقی، دۆلاریان لە عێراقەوە بە قاچاخ بردوەتە وڵاتەكەیان.
ئەو كەناڵە كە ناوەندەكەی لە بەریتانیایە، ئاشكرایكردووە: سێ ئەندامی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، دەیان ملیۆن دۆلاریان لە عێراقەوە بەقاچاغ بردوەتەوە ئێران و ئەندامانی فەیلەقی قودس، بە هاوكاریی سێ هاوڵاتیی عێراقی، دۆلارەكانیان لە نوسینگەكانی ئاڵوگۆڕی دراو لە وڵاتەكەیانەوە رەوانەی تاران كردووە.
وەك ئەو كەناڵە ئاماژەی پێكردووە محەمەد تەجەن جاری، بەڕێوەبەری دارایی یەكەی 400ی سەر بە فەیلەقی قودس، پارەی پێویستی بۆ كڕینی دۆلار رادەستی ئەندامانی دیكەی سەر بە سوپای پاسداران كردووە، تا بە قەبارەیەكی زۆر لە نوسینگەكانی ئەو وڵاتە دۆلار بكڕن.
ئەو كەناڵە باسی لەوەشكردووە پڕۆسەی كڕینی دۆلار لە عێراق لە لایەن كەسێكەوە بە ناوی مستەفا پاك باتن، جێبەجێ كراوە كە كارمەندی باڵیۆزخانەی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەغدایە و هاوكات ئەندامی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانە.
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی دەوڵەت لەبارەی
داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان کۆتایی هات و چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ وەڵامی ئەنجومەنی
وەزیرانی عێراق بداتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان لە کۆبوونەوەکەدا شاندێکی
هەرێمی کوردستان بەشداربوون، کۆبوونەوەکە بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ چارەسەری گرفتی
مووچەی هەرێمی کوردستان دادەنرێت.
ئەنجوومەنەکە ئەمڕۆ چوارەم کۆبوونەوەی لەسەر پرسی داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئەنجامدا و، تێیدا تاوتوێی پرسی داهاتی نانەوتیی
هەرێم، کە یەکێکە لە خاڵە ناکۆکانی نێوان حکومەتی هەرێم و عێراق.
هەر بەگوێرەی زانیارییەکان؛ پێشبینیدەکرێت
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی دەوڵەت ئەنجامی کۆبوونەوەکە بە راپۆرتێک بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی
عێراق بەرزبکاتەوە.
رای ئەنجوومەنەکە لە بارەی کێشەی هەولێر و
بەغدا لەسەر داهاتی ناوخۆ بە یەکلاکەرەوە ناو دەبرێت و بۆ چارەسەری پرسی داهاتیی
ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەنێوان هەولێر و بەغدا.
لە کاتێکدا ژمارەیەک لە چاودێران پێیان وایە، ئەو ئەرکەی
بە ئەنجوومەنی دەوڵەت سپێردراوە؛ کاری ئەو نییە و ناتوانێت چارەسەر بۆ کێشەکە
بدۆزێتەوە، بەڵکو دەبێت کێشەی داهاتی ناوخۆی هەرێم، دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاری
لەبارەوە بدات.