هەواڵ

پێنج ساڵ بەسەر داگیركردنی عەفرینی ڕۆژئاوای كوردستان تێدەپەڕێت

Mic
2023-03-18

وتەبێژی رێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین ڕایدەگەیەنێت لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا کە عەفرین لەلایەن توركیا و گروپەكانی نزیك لێی داگیرکراوە تاوەکو ئێستا دەرکردنی کورد بەردەوامە.

ئیبراهیم شێخۆ دەشڵێت: رێژەی کورد پێش داگیرکردنی هەرێمەکە نزیکەی 98٪ بوو، بەڵام ئێستا کەمترە لە 25٪ و تاوەکو ئێستا دوو هەزار کەس چارەنووسیان نادیارە کە 100 کەسیان ژنن.

  ئەمڕۆ، 18ـی ئادار، پێنج ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر داگیرکردنی عەفرین لەلایەن تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی نزیکی ئەو وڵاتەوە، لەماوەی پێنج ساڵی رابردوودا، عەفرین رووبەڕووی دۆخێکی خراپی گۆڕینی دیمۆگرافی و دەربەدەرکردنی کورد لە ناوچەکە بووەتەوە و  تاوەکو ئێستا دەستدرێژیکردنە سەر ماڵ و موڵکی کورد لە عەفرین بەردەوامە.
 
بەپێی ئامارەكانی رێكخراوی مافی مرۆڤی عەفرین، زیاتر لە 300 هەزار کورد کە دانیشتووی عەفرین بوون، ئاوارە و دەربەدەربوون و عەرەب و تورکمان لەجێگەیان نیشتەجێکران و دیمۆگرافیای عەفرین گۆڕدراوە.

بەوتەی رێكخراوەكە پێش داگیرکردنی نزیکەی 95 بۆ 98٪ـی دانیشتووانی عەفرین کورد بوون و نزیکەی 2 بۆ 5٪ـی دانیشتووانەکەی عەرەب بوون، بەڵام ئێستا دیمۆگرافیای عەفرین گۆڕاوە و رێژەی کورد کەمترە لە 25٪ .
 
ئەو رێكخراوە باس لەوەشدەكات لەدوای داگیرکردنی عەفرینەوە، نزیکەی 400 هەزار داری زەیتوون و میوە لە هەرێمی عەفرین بڕدراون و نزیکەی 15 هەزار دار، سووتێنراون، سەدان دۆنم باخ و دارستانی عەفرین تێکدراون.
 
"زیاتر لە 25 گرووپی چەکداری جۆراوجۆر لە سنووری عەفرین هەن، کە زۆرینەیان تورکمانن وەکو؛حەمزات، سوڵتان موراد، عەمشات، موعتەسیم بیللا، ریجال حەرب. بێجگە لەوانەش، گرووپی ئەحرار شام، فەیلەقی شام کە لقێکی جەبهەی نوسرەیە لە ناوچەکەدا هەن" ئیبراهیم شێخۆ وتەبێژی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی عەفرین وادەڵێت.
 
 

More News

Most Popular

زانست

ئایا ماسی دوای بەستنی دووبارە زیندوو دەبێتەوە؟

Mic
2024-07-25

لە بابەتێکی ماڵپەڕی " earthdate" دا باس لەوە دەکات کە ماسی بە گشتی توانای خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانی پلەی گەرمیدا هەیە و دەتوانێت لە ئاوی سارددا بۆ ماوەیەکی زۆر بژی، بەڵام ئەگەر ئاوێک بە تەواوی بەستوو بێت، ئەگەری ئەوە هەیە هەندێک لە ماسییەکان بمرن.
لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە چۆن ماسییەکان لە دەریاچە بەستووەکان و ئاوەکانی ناوچە جەمسەرییە سەهۆڵاوییەکانی زەویدا دەژین؟
ماسییەکان کۆمەڵێک ستراتیژی بەکاردەهێنن بۆ مانەوەیان لە ژیاندا، ئەوانیش بریتین لە:
- خاوبوونەوەی میتابۆلیک، ماسی دەچێتە دۆخێکەوە پێی دەوترێت "torpor" ئەمەش هاوشێوەی خەوی زستانەیە، بەڵام بەو شێوەیە قووڵ نییە، پلەی گەرمی جەستەیان لەگەڵ پلەی گەرمی ئاوەکەدا دادەبەزێت و لێدانی دڵ و هەناسەدان و ئاستی چالاکی و جوڵەکانی بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش کەم دەبنەوە، بەم شێوەیەش وزە دەپارێزێت چونکە جەستەیان پێویستی بە جوڵە نییە.
- دەڕۆنە قووڵاییەکی زۆرترەوە، زۆرێک لە جۆرەکانی ماسی دەچنە ناوچە قووڵاییەکانی دەریاچەکانەوە کە پلەی گەرمی ئاوەکە جێگیرتر دەمێنێتەوە و کەمتر ئەگەری بەستنی تەواوەتی هەیە، ئەمەش ماسییەکە دەپارێزێت وادەکات لە ژیاندا بمێنێتەوە.
- کەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن، بەو پێیەی ئاستی چالاکییەکانیان زۆر کەم دەبێتەوە، ماسییەکان پێویست ناکات لە وەرزی زستاندا وەکو جاران خۆراک بدۆزنەوە، لەوانەیە زۆر کەم بخۆن یان پشت بە وزەی یەدەگی خۆیان ببەستن.
- گونجاندنی فیزیۆلۆژی، هەندێک جۆری ماسی گونجانی تایبەتیان لە جەستەیاندا هەیە کە یارمەتیان دەدات لە سەرمادا بمێننەوە، بۆ نموونە هەندێکیان پرۆتینی دژە بەستن لە خوێنیاندا هەیە کە ڕێگری لە بەستنی خانەکانیان دەکات.
هەر بۆیە بە بەکارهێنانی ئەم ستراتیژانە، ماسییەکانی دەریاچە بەستووەکان دەتوانن وزەی خۆیان بپارێزن و لە بارودۆخی سەختی زستاندا بژین تا بەهار دێت.