هەواڵ

هەرێم و بەغدا لەسەر چی ڕێككەوتوون؟ هەرێم نەوت یان داهاتەكەی ڕادەست دەكات؟

Mic
2023-03-18

سەرچاوەیەك لەوەفدی دانوستانكاری هەرێم بۆ بەغدا بەمایكی وت: بەپێی ئەو رێككەوتنەی لەنێوان هەرێم و بەغدا كراوە، دەبێت هەرێمی كوردستان داهاتی نەوتەكەی بخاتە هەژمارێكەوە و بەچاودێری حكومەتی عێراق خەرج بكرێت، هاوكات نیوەی داهاتی گومرگەكانیش دەبێت بگەڕێتەوە بۆ حكومەتی فیدراڵی عێراق.

بودجەی 2023 ی عێراق نزیكەی 198 ترلیۆن دینارە، بەپێی ئەوەی پشكی هەرێم لەو بودجەیە بە سەدا 12 پۆینت 67 دیاریكراوە ساڵانە نزیكەی 25 ترلیۆن دینار بەركەوتەی هەرێمە، بەڵام ئەوەی بووەتە مەترسی بۆ رێككەوتنەكە پابەند نەبوونی هەرێم و قورس تێپەڕاندنی پرۆژەكەیە لەپەرلەمانی عێراق.

هاوكات هیشام ڕكابی ڕاوێژكاری میدیایی محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند:  بەپێی لێتێگەیشتنی نێوان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕێگە بەوە دەدات لەڕێگەی هەژمارێكی شەفافەوە حكومەتی عێراقی چاودێری داهاتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكات .

ئەو بەرپرسە عێراقیە وتیشی: تێگەیشتنەكە زۆر باشە لەنێوان هەردوو حكومەتتدا ئەوەش لەپڕۆژە بودجەی ئەمساڵی عێراقدا ڕەنگدەداتەوە.

ڕاوێژكاری میدیایی محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، بۆ یەكەمجارە لەساڵی ٢٠٠٣ ەوە داهاتی نەوتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بخرێتە هەژمارێكی شەفافەوە و بخرێتە ژێر چاودێری حكومەتی فیدراڵیەوە و بەوهۆیەشەوە هەموو هەژمارەكانی تری هەرێم دابخرێن.

لەساڵی 2014 ەوە بەردەوام وەفدی هەرێم چووەتە بەغدا و چەند جارێكیش ڕێككەوتنیان ئەنجامداوە، بەڵام رێككەوتنەكە تەنها لەسەر كاغەز ماوەتەوە و جێبەجێ نەكراوە، هەرچەندە هەردوولا یەكتریان بە جێبەجێنەكردنی رێككەوتنەكان تۆمەتبار كردووە بەڵام ئەوەی لەڕابردوودا بەغدا داوای كردووە ڕادەستكردنی نەوت بووە، لەڕێككەوتنی ئەمجارەشدا بەغدا هەمان داواكاری هەبووە بەڵام بەپێی زانیاریەكان هەرێم ئامادەنییە نەوت ڕادەست بكات و دەیەوێت داهاتەكەی بخاتە ژێر چاودێری بەغداوە.

جگە لەنەوت كە هەرێم ل 2013 ەوە بەشێوەی سەربەخۆ دەیفرۆشێت و بۆ ئەوەش ڕێككەوتنی لەگەڵ توركیا كردووە، ئێستا پرسی گازیش یەكێكی دیكەیە لەو گرفتانەی بەرۆكی خەڵكی هەرێمی كوردستانی گرتووە، چونكە بەپێی زانیاریەكان حكومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم بەنیازە رێككەوتنێك لەگەڵ ئیمارات بۆ 12 ساڵ ئەنجامبدات.

فرۆشتنی نەوت و غاز لەلایەن هەرێمەوە لەكاتێكدایە، حكومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم بەردەوام كێشەی لەدابەشكردنی مووچەدا هەیە و چاوی لەدەستی بەغدایە، جگە لەوەی زۆربەی پِرۆژەكان ڕاگیراون و خزمەتگوزاریەكانیش وەك پێویست نین، بەوهۆیەوە زۆرێك لەخەڵكی هەرێم داوا دەكەن ئەمجارە حكومەتی ماوەبەسەرچوو پابەندی رێككەوتن بێت لەگەڵ بەغدا تا پارە لەبەغداوە بێت و قەیرانەكان چارەسەر ببن.

More News

Most Popular

هەواڵ

ئەنجوومەنی دەوڵەت وەڵامی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەداتەوە

Mic
2025-09-18

کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی دەوڵەت لەبارەی داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان کۆتایی هات و چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ وەڵامی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بداتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکان لە کۆبوونەوەکەدا شاندێکی هەرێمی کوردستان بەشداربوون، کۆبوونەوەکە بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ چارەسەری گرفتی مووچەی هەرێمی کوردستان دادەنرێت.

ئەنجوومەنەکە ئەمڕۆ چوارەم کۆبوونەوەی لەسەر پرسی داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئەنجامدا و، تێیدا تاوتوێی پرسی داهاتی نانەوتیی هەرێم، کە یەکێکە لە خاڵە ناکۆکانی نێوان حکومەتی هەرێم و عێراق.

هەر بەگوێرەی زانیارییەکان؛ پێشبینیدەکرێت ئەمڕۆ ئەنجوومەنی دەوڵەت ئەنجامی کۆبوونەوەکە بە راپۆرتێک بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەرزبکاتەوە.

رای ئەنجوومەنەکە لە بارەی کێشەی هەولێر و بەغدا لەسەر داهاتی ناوخۆ بە یەکلاکەرەوە ناو دەبرێت و بۆ چارەسەری پرسی داهاتیی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەنێوان هەولێر و بەغدا.

لە کاتێکدا ژمارەیەک لە چاودێران پێیان وایە، ئەو ئەرکەی بە ئەنجوومەنی دەوڵەت سپێردراوە؛ کاری ئەو نییە و ناتوانێت چارەسەر بۆ کێشەکە بدۆزێتەوە، بەڵکو دەبێت کێشەی داهاتی ناوخۆی هەرێم، دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاری لەبارەوە بدات.