هەواڵ

هەرێمی کوردستان لەچاوەڕوانی هێرشی ئێرانیدا.. ئەمریکا چی دەکات؟

Mic
2023-08-28

 

 

حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بەڕوونی هێرشکردنە سەر خاکی هەرێمی کوردستانی راگەیاند لەژێر ناوی لێدان لەبنکە و بارەگاکانی حزبەکانی رۆژهەڵات، ئەگەر تاوەکو 19 -9 ئەو هێزانە چەک نەکرێن.

هەڕەشەی ئێران لەکاتێکدایە کە ئەمریکا دەستی پێکردوە بەجموجوڵی سەربازی و ئاڵوگۆڕی هێزەکانی لەنێوان سوریاو عێراق و هەندێک پێیانوایە کە بۆ خۆئامادەکردنە لەبەرامبەر ئەگەری روودانی هەر هێرشێکی ئیرانی لەناوچەکەدا.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، بە عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکانیان راگەیاندووە کاتی دیاریکراو بۆ چەککردنی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان درێژناکەنەوە.

ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ (دووشەممە، 28-08-2023) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند"بەپێی رێککەوتنێک کە لەگەڵ حکومەتی عێراق کردوومانە، دەبێ گرووپە دژبەرەکان چەک بکرێن و بنکە چەکدارییەکانیان چۆڵ بکەن و بگوازرێنەوە بۆ ئەو کەمپانەی حکومەتی عێراق بۆیان دیاری دەکات".

وتیشی"، کاتی دیاریکراو بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە 28ـی خەرمانانی 1402ـی هەتاوی واتە 19-09-2023ـە و بە هیچ شێوەیەک ئەو کاتە درێژ ناکەنەوە و، ئەو بابەتەیان بە حکومەتی عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکانیش راگەیاندووە.
چەندین ساڵە پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئیران لەناو خاکی عێراق و هەرێمی کوردستاندا نیشتەجێن، بەتایبەت حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵام لەدوای ساڵی 1191 وە، ئێران بەردەوام لەڕێگەی ئاسمانییەوە، هیرشیکردۆتە سەر بنکەو بارەگاکانیان لەناوچەکانی سلێمانی و کۆیە و هەولێر.
سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران و راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە 19-03-2023 بە سەرپەرشتی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رێککەوتنێکی ئەمنییان لە بەغدا لەبارەی چالاکی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە خاکی هەرێمی کوردستان واژۆ کرد. رێککەوتنەکە بە ناوی پاراستنی ئاسایشی سنوورەکانی نێوان دوو وڵاتە.

محەممەد باقری، سەرۆکئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران رۆژی 11-07-2023 رایگەیاند، ئەگەر عێراق تاوەکو دوایین مانگی هاوین پابەندییەکانی بۆ چەککردنی حیزبە دژبەرەکانی ئێران جێبەجێ نەکات، هێرشی تووندتر لە جاران دەکرێتە سەر ئەو حیزبانە.


More News

Most Popular

هەواڵ

ڤیدیۆی ناو زیندانەکانی عێراق وەزارەتی داد رووگیردەکات

Mic
2025-05-10


لەناو زیندانەکانی عێراقەوە ڤیدیۆی توندوتیژییەکانی تاوانباران بڵاودەبنەوە کە بەبێ ئاگاداریی ئیدارەی گرتووخانەکان، دەستدرێژیی دەکەنە سەر یەکتریی و بە مۆبایل وێنەی دەگرن و پاشان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویدەکەنەوە.

کەسێک ناوی "باسمی نەجەف"ە، تاکێک پێڵاوی بەدەستەوەیە و دەیکێشێت بە شان و ملی زیندانییەکانی دیکەدا لە گرتووخانەی تاجی و بەجوێن و قسەی ناشرین سوکایەتییان پيدەکات.

ڤیدیۆکە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ مانگێک لەمەوبەر، کاتێک تۆمارکراوە کە توانراوە ئەو کەسە دەستگیربکرێت کە ویستویەتی ماددەی هۆشبەر بگەیەنێتە دەستی زیندانییەکان.

بەڕێوەبەرێتی چاکسازییەکان عێراق، جەخت لەوە دەکاتەوە کە لەڕێگەی کامێرای چاودێرییەوە لەکاتی خۆیدا روداوەکەیان بینیوە و سزای یاسایی ئەو کەسانەش دراوە کە مۆبایل و کەرەستەکانی بەنهێنی گەیاندووەتە دەستی زیندانییەکان.

هەروەها لە ڤیدیۆیەکی دیکەدا، زیندانییەکان بەشێوەیەکی نائاکاریی پاڵکەوتوون و وا دەردەکەوێت کە سوکایەتی بە کەسێتیی یەکتریی دەکەن.

دیمەنەکان زۆر بەخێرایی بون بە ترێند لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و وەزارەتی دادی عێراقی ناچارکرد روونکردنەوە لەوبارەیەوە بڵاوبکاتەوە.

وەزارەتی داد، کە وەزیرەکەی کوردە و ناوی خالید شوانییە، ئەگەرچی ئەوە پشتڕاستدەکەنەوە کە دیمەنەکان لە زیندانەکاندا تۆمارکراون، بەڵام جەخت لەوە دەکەنەوە کە "زۆرینەی ئەو ڤیدیۆیانە کۆنن".

سەبارەت بە ڤیدیۆ تازەکانیش وەزارەتەکە دەڵێت: "دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە بۆ زانینی هۆکاری بڵاوکردنەوەی ئەو ڤیدیۆیانە".

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی داد، 300٪ی زیندانەکانی عێراق پڕبون لە سزادراو، بە واتایەکی دیکە زیندانەکان سێهێندەی توانای ئاسایی خۆیان سزادراویان تێدا گلدراوەتەوە.