هەواڵ

ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دیلان دەکاتە سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا؟

Mic
2023-11-23

بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی هۆڵەندا، پارتەکەی دیلان یەشیلگۆز کە پارتی گەل بۆ ئازادی و دیموکراسییە لە پلەی سێیەم هاتووە و 23 کورسی بەدەستهێناوە.

رۆژی چوارشەممە، 22ی تشرینی دووەمی 2023، هۆڵەندییەکان چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی نوێی پەرلەمان و بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکانی، پارتی ئازادی هۆڵەندا، کە بە پارتێکی راستڕۆ و "دژەکۆچبەر و دژە ئیسلامی" ناسراوە، 35 کورسی لە کۆی 150 کورسیی پەرلەمان بەدەستهێناوە، ئەمەش لەکاتێکدایە، لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2021دا، خاوەنی 17 کورسی بوو. 

بەو ئەنجامە ئەو پارتە راستڕۆیە سەرپشک دەکات بۆ سەرپەرشتیکردنی گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هۆڵەندا. 

لە دوای راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن، خیرت ڤیڵدەرز، سەرۆکی پارتی ئازادی لە پەیامێکدا رایگەیاند "چیدیکە پارتەکەمان نابێت پشتگوێ بخرێت و داوا لە پارتەکانی دیکە دەکەم، پێکەوە کاربکەین و ئێمە حوکمڕان دەبین." 

هەرچی هاوپەیمانیێتی سەوزەکان و پارتی کارە لە پلەی دووەم هاتووە بە بەدەستهێنانی 26 کورسی. لە پلەی سێیەمدا پارتەکەی دیلانە کە پارتی گەل بۆ ئازادی و دیموکراسییە و، بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکان تەنیا 23 کورسی بەدەستهێناوە، ئەمەش لەدوای ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2021ـدا، خاوەنی 34 کورسی بوون.

پارتی گەل بۆ ئازادی و دیموکراسی لەماوەی 13 ساڵی رابردوودا، پارتی دەسەڵاتدار بووە، مارک رووتە سەرۆکی پارتەکە، لەو ماوەیەدا، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەنداش بووە.

بەڵام لە تەممووزی ئەم ساڵ، لە دوای ئەوەی کابینەکەی لەسەر چارەسەرکردنی قەیرانی کۆچبەران لە هۆڵەندا، رێکنەکەوتن، بڕیاری هەڵوەشاندنەوە و هەڵبژاردنی پێشوەختەی دا.

بۆ بەدەستهێنانی زۆرینە، لایەنەکان پێویستیان بە بەدەستهێنانی 76 کورسییە و هیچ پارتێک بەتەنیا ئەو ژمارە کورسیەی بەدەستنەهێناوە و هەمووان پێویستیان بە پێکهێنانی هاوپەیمانێتییە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هۆڵەندا. 

چاوەڕوان دەکرێت رۆژی 5-12-2023 پەرلەمانی ئێستا کۆبێتەوە و رۆژی 6-12-2023ـیش پەرلەمانی نوێ کۆبێتەوە. مارک رووتە و کابینەکەی لە راپەڕاندنی ئەرکەکانیان بەردەوام دەبن تاوەکو حکومەتی نوێ دەستبەکاردەبێت.

بەرنامەی هەڵبژاردنی پارتی ئازادی بریتیی بووە لە بەڕێوەچوونی گشتپرسییەک بۆ دەرچوون لە یەکێتی ئەوروپا. راگرتنی وەرگرتنی تەواوی پەناخوازان و گەڕاندنەوەی سەرجەم کۆچبەران لەسەر سنوورەکانی هۆڵەندا.  

More News

Most Popular

تەندروستی

بەکارهێنانی مەیکەپی دژە ئاو مەترسیدارە؟

Mic
2025-10-04

توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری زانستی ژینگە و تەکنۆلۆژیادا بڵاو کراوەتەوە ئاماژەی بەوە داوە، بەشێک لە بابەتی جوانکارییەکان کە ئەمڕۆ بەکار دێت، ڕێژەیەکی زۆر لە ماددە کیمیایییە ژەهراوییەکان لە پێکهاتەیاندا هەیە وەک پۆڵی فلۆرۆ ئەڵکیل (PFAS ) . کە بەداخەوە لە پێکهاتەی ماددە جوانکارییەکاندا ئەم ماددە نانووسرێت بۆ ئەوەی خەڵک هۆشیار بێت.

ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) باس لەوە دەکات، بەشێک لە بابەتە جوانکارییەکانی وەکوو بۆیەی نینۆک و کرێمەکان و سوراو و قەڵەم چاو و ماسکەرا، دەکرێت ئەم ماددانەی تێ بکرێت بۆ ئەوەی زۆرتر بە درەوشاوەیی دەربکەوێت. بۆیە زۆر گرنگە ئەو بابەتە جوانکارییانە بەکار دێت کە دڵنیان لەوەی ئۆریجیناڵە و کوالێتی بەرزە.