ژیان

کاریگەری ژاوەژاو و دەنگە دەنگ لەسەر مرۆڤ

Mic
2024-01-10

د.لاڤە دارا علی- پسپۆری نەخۆشییە دەروونی یەکان
📌هەروەک لەسەرەتای سەدەی بیستەم براوەی خەڵاتی نوبڵ زانای بەکتریۆلۆجیست ڕۆبەرت کوخ پێشبینی یەکی بەناوبانگی کرد :
ڕۆژێک دەبێت مرۆڤ بەسەختی بجەنگێت دژ بە ژاوەژاو ودەنگەدەنگ هەروەک کۆلێراو تاعون.

توێژینەوە زانستی یەکان ئەوڕاستیەیان سەلماندووەکە بەرکەوتنی مرۆڤ بۆدەنگی بەرزو ژاوەژاو کە بە پیسبوونی ژینگە دەناسرێت وەک نیشتەجێ بوون لە شوێنێک نزیک فرۆکەخانە، شەمەندەفەر، جادەی قەرەباڵغ وترافیک....هتد، بەشێوەیەکی بەردەوام و بۆماوەیەکی دورودرێژ کاردەکاتە سەر باری دەرونی مرۆڤەکان و دەبێتە هۆی تێکچونی خشتەی خەو، خەمۆکی، جۆرەکانی دڵەڕاوکێ نەک تەنها نەخۆشی دەرونی بەڵکو ڕۆڵێکی گەورە دەبینن لە توشبوون بەنەخۆشی یەکانی دڵ بەهۆی چالاک کردنی میکانیزمی (هەڵهاتن- جەنگاندن) کەبەرپرسیارە لەهەست کردن بەسترێس و دەرکەوتنی زیانە جەستەیی یە درێژخایەنەکانی وەک بەرزبوونەوەی فشاری خوێن، دڵەکوتێ، بەرزبوونەوەی هۆرمۆنەکانی سترێس (ئەدرینالین، کۆرتیزۆن) کە دەرئەنجام بەرپرسن لەڕوودانی جەڵتەی دڵ یان جەڵتەی مێشک، ئەمە بێجگە لەکێشەکانی بیستن و نەخۆشی یەکانی.
بەهەمان شێوەی گەورەکان منداڵ و هەرزەکاران بێبەش نین لەزیانەکان، پەیوەندی یەکی بەهێز دۆزراوەتەوە لەگەڵ نەخۆشی کەمی هۆشپێدان و فرەجوڵەیی لەمنداڵان وهەرزەکاران. بەپێی مەزندەکانی ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانی لەئەوروپا بەرکەوتنی خەڵکی بەتەنها بۆ دەنگی ژاوەژاوی ترافیک ساڵانە دەبێتە هۆی لەدەستدانی تەندروستی ١.٥ ملیۆن کەس، ئەم ڕاستیانە نهێنی تەمەن درێژی باپیرانمان و ئەوکەسانە دەردەخات کەلەلادێ و سروشتدا دەژین و دوورن لە قەرەباڵغی و ژاوەژاو، پاش ڕوون کردنەوەی زیانەکان پێویستە دەنگە دەنگ و ژاوەژاو بەهەند وەربگیرێت و بزانین چۆن خۆمانی لێ دەپارێزین.

More News

Most Popular

زانست

ئایا ماسی دوای بەستنی دووبارە زیندوو دەبێتەوە؟

Mic
2024-07-25

لە بابەتێکی ماڵپەڕی " earthdate" دا باس لەوە دەکات کە ماسی بە گشتی توانای خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانی پلەی گەرمیدا هەیە و دەتوانێت لە ئاوی سارددا بۆ ماوەیەکی زۆر بژی، بەڵام ئەگەر ئاوێک بە تەواوی بەستوو بێت، ئەگەری ئەوە هەیە هەندێک لە ماسییەکان بمرن.
لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە چۆن ماسییەکان لە دەریاچە بەستووەکان و ئاوەکانی ناوچە جەمسەرییە سەهۆڵاوییەکانی زەویدا دەژین؟
ماسییەکان کۆمەڵێک ستراتیژی بەکاردەهێنن بۆ مانەوەیان لە ژیاندا، ئەوانیش بریتین لە:
- خاوبوونەوەی میتابۆلیک، ماسی دەچێتە دۆخێکەوە پێی دەوترێت "torpor" ئەمەش هاوشێوەی خەوی زستانەیە، بەڵام بەو شێوەیە قووڵ نییە، پلەی گەرمی جەستەیان لەگەڵ پلەی گەرمی ئاوەکەدا دادەبەزێت و لێدانی دڵ و هەناسەدان و ئاستی چالاکی و جوڵەکانی بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش کەم دەبنەوە، بەم شێوەیەش وزە دەپارێزێت چونکە جەستەیان پێویستی بە جوڵە نییە.
- دەڕۆنە قووڵاییەکی زۆرترەوە، زۆرێک لە جۆرەکانی ماسی دەچنە ناوچە قووڵاییەکانی دەریاچەکانەوە کە پلەی گەرمی ئاوەکە جێگیرتر دەمێنێتەوە و کەمتر ئەگەری بەستنی تەواوەتی هەیە، ئەمەش ماسییەکە دەپارێزێت وادەکات لە ژیاندا بمێنێتەوە.
- کەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن، بەو پێیەی ئاستی چالاکییەکانیان زۆر کەم دەبێتەوە، ماسییەکان پێویست ناکات لە وەرزی زستاندا وەکو جاران خۆراک بدۆزنەوە، لەوانەیە زۆر کەم بخۆن یان پشت بە وزەی یەدەگی خۆیان ببەستن.
- گونجاندنی فیزیۆلۆژی، هەندێک جۆری ماسی گونجانی تایبەتیان لە جەستەیاندا هەیە کە یارمەتیان دەدات لە سەرمادا بمێننەوە، بۆ نموونە هەندێکیان پرۆتینی دژە بەستن لە خوێنیاندا هەیە کە ڕێگری لە بەستنی خانەکانیان دەکات.
هەر بۆیە بە بەکارهێنانی ئەم ستراتیژانە، ماسییەکانی دەریاچە بەستووەکان دەتوانن وزەی خۆیان بپارێزن و لە بارودۆخی سەختی زستاندا بژین تا بەهار دێت.