هەواڵ

ئاسایش دوا مۆڵەت دەدات بە حزبەکانی ڕۆژهەڵات کە دەبێت زڕگوێز چۆڵبکەن

Mic
2024-09-05

سەرچاوەیەکی باڵا لە کۆمەڵەکانی ئێران ڕایگەیاند، ئەمڕۆ 4ی مانگی نۆ ئاسایش چوونەتە بارەگاکانیان و سەردانی بارەگاکانی هەرسێ کۆمەڵەکەیان کردووە، دەشڵێت، بە فەرمی داوایان لێکردوون تا کۆتایی مانگ بارەگاکانیان چۆڵ بکەن و بچنە کەمپە نوێکانیان لە سورداش.
سەرچاوە باڵاکە لە یەکێک لە حزبەکانی کۆمەڵە کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئەمڕۆ 4ی مانگی نۆ هێزێکی سەر بە ئاسایشی سلێمانی سەردانی هەرێ بارەگاکانی کۆمەڵەیان کرد، سەردانەکە بۆ ئەوە بوو کە ئاگادارمان بکەنەوە تا کۆتایی مانگ مۆڵەتی مانەوەمان هەیە لە هەرسێ بارەگاکانی کۆمەڵەکان لە زڕگوێز، بانە گەورە و زڕگوێزەلە، داوایان کرد بە زوویی بارەگاکانمان چۆڵ بکەین و بچینە کەمپە نوێکانمان لە سورداش."
وتیشی،" بەهۆی زیادبوونی فشارەکانەوە لەسەرمان ڕۆژی دوو شەممە، 2ی مانگی 9 واتە دوو ڕۆژ لەمەوبەر نوێنەری هەر سێ کۆمەڵەکە سەردانی کاک قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانمان کرد، بەڵام نەگەشتینە هیچ دەر ئەنجامێک بۆ مانەوەمان، بۆیە هەوڵەکانمان بۆ مانەوە لە زڕگوێز بێ ئاکام کۆتایی هات."
دەنگی ئەمەریکا لەسەر دۆسیەی گواستنەوەی ئەو حزبانە پەیوەندی کرد بە دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، بەڵام تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە دەزگای ئاسایش وەڵامی پرسیارەکانی دەنگی ئەمەریکای نەداوەتەوە.
بە پێی نوسراوێکی فەرمی ڕۆژی 19ی مانگی هەشت قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق، داوا لە وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەکات ڕەزامەندی دەرببڕێت بۆ بەکارهێنانی کەمپی سورداش بۆ جێگیرکردنی هێزە کوردیە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران، لە بەرامبەردا ئیڤان فایەق وەزیری کۆچ و کۆچبەران لە هەمان ڕۆژ وەڵامی نوسراوەکەی داوەتەوە و رەزامەند بووە بە داواکەی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق.
گواستنەوەی حزبە کوردیەکان لە زڕگوێز پەیوەستە بە ڕێککەوتنێکی هاوبەشی نێوان ئێرا ن و عێراق کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2023، تایبەت بە پاراستنی سنوری نێوان هەردوو وڵات.
عەلی شەمخانی، ئەمینداری باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، لە کۆتایی مانگی سێی 2023دا سەردانی عێراقی کرد و لەگەڵ قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق ڕێکەوتنامەیەکی ئەمنییان واژۆ کرد تایبەت بە ئاسایشی سنورەکانی نێوان هەردوو وڵات و سنوردارکردنی جموجۆڵی حزبەکانی کوردستانی ئێران.
لە دوای چەند جارێک هێرشی ئێران بۆسەر بارەگای حزبە کوردییەکان لە مانگی نۆی 2022، حکومەتی ئێران ڕۆژی 19ی نۆی 2023ی وەکو دوا وادە بۆ چەککردن و داخستنی بارەگای حزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی دانابوو، بەڵام پێش ئەو وادەیە لەلایەن عێراق و هەرێمی کوردستانەوە هێزە کوردییەکان لە ناوچە سنورییەکان کشێنرانەوە، هێزەکانیشیان لە کەمپەکانی زرگوێز و کۆیە و ناوچەکانی تر "چەککران." بەڵام لە ئێستادا حکومەتی عێراق ڕەزامەندی دەربڕیوە بەوەی لەو کەمپانەش بگوازرێنەوە و لە سورداش جێگیربکرێن.
وێڕای جەخت کردنەوەی هەردوو وڵات بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنە هاوبەشەکەی نێوانیان، بەڵام حزبە کوردیە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێرانی نیگەران کردووە، لە چاوپێکەوتنی بەرپرسانی ئەو حزبانەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، چەند جارێک بە نیگەرانیەوە لە دۆخەکە دەڕوانن و دەڵێن،" وێڕای ڕەچاوکردنی دۆخی هەرێمی کوردستان، بەڵام لە کاری سیاسی خۆیان بەردەوام دەبن."

More News

Most Popular

تەندروستی

بەکارهێنانی مەیکەپی دژە ئاو مەترسیدارە؟

Mic
2025-10-04

توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری زانستی ژینگە و تەکنۆلۆژیادا بڵاو کراوەتەوە ئاماژەی بەوە داوە، بەشێک لە بابەتی جوانکارییەکان کە ئەمڕۆ بەکار دێت، ڕێژەیەکی زۆر لە ماددە کیمیایییە ژەهراوییەکان لە پێکهاتەیاندا هەیە وەک پۆڵی فلۆرۆ ئەڵکیل (PFAS ) . کە بەداخەوە لە پێکهاتەی ماددە جوانکارییەکاندا ئەم ماددە نانووسرێت بۆ ئەوەی خەڵک هۆشیار بێت.

ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) باس لەوە دەکات، بەشێک لە بابەتە جوانکارییەکانی وەکوو بۆیەی نینۆک و کرێمەکان و سوراو و قەڵەم چاو و ماسکەرا، دەکرێت ئەم ماددانەی تێ بکرێت بۆ ئەوەی زۆرتر بە درەوشاوەیی دەربکەوێت. بۆیە زۆر گرنگە ئەو بابەتە جوانکارییانە بەکار دێت کە دڵنیان لەوەی ئۆریجیناڵە و کوالێتی بەرزە.