توێژینەوەکان باس لە پەیوەندى دایک و باوکان و کاریگەرییەکانى لەسەر تەندروستى منداڵان دەکەن، بەوپێیە ئەو منداڵانەى لە خێزانێکى جیابوەوەدا دەژین ئەگەرى توشبونیان بە قەڵەوى زیاترە، بەراورد بەو منداڵانەى لەناو خێزانەکانیاندا بە بەختەوەرى دەژین.
توێژەران لە زانکۆى لەندەن بۆ ئابورى و زانستە سیاسییەکان دوای ئەوەی شیکاری داتاى (7574) منداڵیان کردوە، گەیشتونەتە ئەو ئەنجامەى کێشى زیاد لەو منداڵانەدا دەردەکەوێت کە دایک و باوکیان جیابونەتەوە پێش ئەوەى منداڵەکان تەمەنیان بگاتە شەش ساڵ.
ئەم لێکۆڵینەوەیەش کۆمەڵێک هۆکارى دیاریکردوە کە دەبێتە هۆى زیادبونى کێشى منداڵ دواى جیابونەوەى دایک و باوکیان لەوانەش:
*نەبونى پارە بۆ کڕینى سەوزەوات و میوەى تازە.
*زۆرى کاتەکانى کارکردنى دایک و باوکان و نەبونى کات بۆ دروستکردنى خۆراکى تەندروست.
*دابین نەکردنى پارەى پێویست بۆ منداڵەکان تا بەشداریبکەن لە چالاکییەکاندا وەک وەرزش کردن.
*دایک و باوک کات تەرخان ناکەن بۆ منداڵەکانیان تا خۆراکى تەندروست بەیەکەوە بخۆن.
*کێشە سۆزدارییەکان وا لە دایک و باوک دەکات خۆراکى زیاتر بدەن بە منداڵەکانیان زیاتریش ئەو خۆراکانەى کە چەورى و شیرینى زیاتریان تێدایە.
لێکۆڵینەوەکە ئەوەی دەرخستوە کە ئەو منداڵانەى دایک و باوکیان جیابونەتەوە لە ماوەى (24) مانگدا کێشیان زۆر زیادى کردوە بەراورد بەو منداڵانەى لەناو خێزانەکانى خۆیاندا دەژین، هەروەها دڵنیایی داوە لەوەى جیابونەوەى دایک و باوک ئاکامێکى دور مەوداى هەیە لەسەر ژیانى منداڵەکان.
ئەمساڵ هەرێمی کوردستان زیاتر لە 35 هەزار کەس پێکەوە خانەشین دەکات، هەر کەسێکیشیان تەمەنی خزمەتی 25 ساڵ بێت 18 مووچەی پێکەوە پێدەدرێت. پێشبینی دەکرێت، بە خانەنشینی بوونی ئەو ژمارە فەرمانبەرە دەرگای دامەزراندنی نوێ بەڕوی بەشێک لە گەنجاندا بکرێتەوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە، تەنها لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا زیاتر لە 35 هەزار فەرمانبەر خانەنشین بکات.
بەشی کارگێڕی سەرجەم فەرمانگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ماوەی دوو ڕۆژە سەرقاڵی ئامادەکردن و رێکخستنی لیستی ئەو فەرمانبەرانەن کە خانەنشین دەکرێن.
بەپێی ڕێکارەکان، ئەو کەسانەی لەم قۆناغەدا خانەشین دەکرێن، لەدایکبووانی ساڵەکانی 1962،1963،1964ن لەگەڵ لەدایکبووانی مانگی یەکی ساڵی 1965 کە تەمەنیان بووەتە 60 ساڵ خانەنشین دەکرێن.
یاساکەی عێراق بۆ خانەشینکردنی فەرمانبەران بەکاردەهێنرێت
کۆتایی مانگی تشرینی دووەمی 2022، دادگاى باڵاى فیدراڵى عێراق، بڕیاریدا بە پابەندکردنی حکومەتى هەرێمى کوردستان بە کارکردن بە یاسای ژمارە 9ـی ساڵی 2014ـی تایبەت بە یاسای یەکگرتوی خانەنشینی عێراق، بەگوێرەى یاساکە کەمترین موچەى خانەنشینى 400 هەزار دینار دەبێت.
تەموزی 2024، حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندبوونی خۆی بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیەوە ڕاگەیاند و بڕیاریدا ئەو یاسایە بۆ خانەنشینکردنی فەرمانبەرانی بەکاربهێنێت.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە خانەنشینکردنی ئەم فەرمانبەرە نوێیانەشدا پشت بە هەمان یاسا دەبەستێت، بەڵام بڕیاریداوە، تەمەنی خانەنشینیی لە 63 ساڵەوە بۆ 60 ساڵی كەم بکرێتەوە.
بەپێی یاسای خانەنشینی عێراق کە هەرێمی کوردستان بۆ خانەنیشینی بوونی فەرمانبەران بەکاریدەهینێت، هەر فەرمانبەرێک لە کاتی خانەنشینیدا ئەگەر 25 ساڵ خزمەتی هەبێت، 12 مووچە وەک پاداشتی ساڵانی خزمەت پێدەدرێت لەگەڵ شەش مووچەی مۆڵەتی کۆکراوە.
کەسوکاری شەهیدان دەتوانن خانەنشین نەبن
وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستان مافی بەردەوامبوون بەو کەسانە دەدات کە خاوەن شەهیدی پلە یەک و دوون و تەمەنی خانەشینیان تەواو کردووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتەکە، ئەو کەسانەی کەسی پلە یەک و پلە دوویان شەهیدە، فۆڕمێکی تایبەتی وەزارەتی دارایی عێراقییان پڕکردوەتەوە، بە مەبەستی "ئەنجامدانی کاری پێویست و بەردەوامبوونیان لە خزمەت".
ژمارەی خانەنشیان
بەپێی دوایین ڕاپۆرتی وەزارەتی دارایی و ئابوری بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، 277 هەزار و 541 کەس لە هەرێمی کوردستان خانەنشینن.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان، مووچەی یەک مانگی خانەشینان پێویستی بە زیاتر لە 180 ملیار دیناری مانگانە هەیە.
دامەزراندن دەکرێتەوە؟
خانەنشین بوون، ڕێگەیەکە بۆ نوێکردنەوەی فەرمانگە و دامەزراوە حکومییەکان بە گەنجان و لاوان، چونکە پێویستە لەگەڵ خانەشینبوونی توێژێکدا توێژێکی نوێ دابمەزرێت.
تا ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ، ڕێکار و ڕێنماییەکی بڵاونەکردوەتەوە کە تایبەت بێت بە دامەزراندنی فەرمانبەری نوێ لە شوێنی ئەو فەرمانبەرانەی خانەنشین دەکرێن، بەڵام پێشبینی دەکرێت، بە خانەنشینی بوونی ئەو ژمارە فەرمانبەرە دەرگای دامەزراندنی نوێ بەڕوی بەشێک لە گەنجاندا بکرێتەوە.