بەهۆی پێشکەشنەکردنی لیستی بارمتەکراوان، ئیسرائیل هەڕەشەی بەردەوامی هێرشەکانی بۆ سەر غەززە دەکات. حەماس دەڵێت، کێشەی تەکنیکمان هەیە لەگەڵ چارەسەرکردنی پێشکەشی دەکەین.
کاتژمێر 9:30 خولەکی ڕۆژی یەکشەممە بە کاتی هەرێمی کوردستان، وادەی دەستپێکردنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس بوو، بەڵام پێشکەشنەکردنی لیستی بارمتەکراوان دۆخەکەی ئاڵۆز کردووە.
نوسینگەکەی بنیامین نەتەنیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، حەماس لیستی بارمتە ئازادکراوەکانی ئەمڕۆی پێشکەش نەکردوون، بۆیە تا لیستەکە پێشکەش نەکات ئاگربەست دەست پێناکات.
دانیال هەگاری وتەبێژی سوپای ئیسرائیل لەگەڵ ڕاگەیەندراوەکەی نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەی ڕایگەیاند، تا حەماس داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکات، سوپاکەیان لە هێرشکردن بەردەوام دەبێت.
بزوتنەوەی حەماس لە بەرامبەر لێدوان و هەڕەشەکانی سوپای ئیسرائیلدا ڕاگەیاندووە، بەهۆی کێشەی تەکنیکیەوە پێشکەشکردنی لیستەکە دوا کەوتووە، لەگەڵ چارەسەربوونی کێشەکەدا لیستەکە پێشکەش دەکات.
ئیسرائیل و حەماس چۆن ئاگربەستییان کرد؟
شەش مانگ زیاترە، هەریەکە لە ئەمەریکا، قەتەر و میسر لە هەوڵی بەردەوامدان تا ئیسرائیل و حەماس بە ئەنجامدانی ئاگربەست ڕازی بکەن تا شەڕ لە غەززە کۆتایی بێت.
دوای دانوستانێکی درێژ، پلانی ئاگربەستێکی سێ قۆناغی ئامادە کرا، لە یەکەم هەنگاودا حەماس و ئیسرائیل قۆناغی یەکەمی ئاگربەستەکەیان واژۆکرد کە 42 ڕۆژ دەخایەنێت.
بەپێی ڕێککەوتنەکەیان، لەم قۆناغەدا حەماس 33 بارمتەی ئیسرائیلی ئازاد دەکات کە ژن و منداڵ و کەسانی بە تەمەن و نەخۆشن.
ئیسرائیل سێ وێستگەی جیاوازی لە سنورەکانی کەرتی غەززە بۆ وەرگرتنەوەی ئەم بارمتانە ئامادەکردووە، بڕیارە لەگەڵ جێبەجێکردنی ئاگربەستەکەدا حەماس بارمتەکان بگەیەنێتە ئەم وێستگانە تا پشکنینی بۆ بکرێت و دواتر بگوازرێنەوە.
ئیسرائیل لە بەرامبەر ئازادکردنی بارمتیەکراوەکانیدا، بەڵێنی داوە لە چەند ناوچەیەکی دیاریکراوی غەززە بکشێتەوە و زیاتر لە دوو هەزار فەڵەستینیش ئازاد بکات کە زۆرینەیان بە تۆمەتی کوشتنی سەربازانی وڵاتەکەی دەستگیریکردوون.
هاوکاری مرۆیی
نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریداوە، بەهۆی نەبوونی خۆراکەوە غەززە مەترسی برسێتی لەسەرە و داوای کردووە ناردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ناوچەکە زیاتر بکرێن.
میسر کە وڵاتێکی بەشداری دانوستانەکانی ئاگربەستە، لە ڕێگەی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەیەوە ڕایگەیاند، "رێککەوتن لەسەر ئەوە کراوە کە ڕۆژانە 600 بارهەڵگر بچنە ناو غەززە"، لەنێویاندا "50 بارهەڵگری سووتەمەنی".
شەڕ دەستپێدەکاتەوە؟
ئاگربەستەکەی نێوان ئیسرائیل و حەماس کاتییە، گرەنتی نییە دوای کۆتایی هاتنی وادەکەی جارێکی دیکە شەڕ دەستپێبکاتەوە، وەک بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، "ئێمە مافی خۆمانە ئەگەر پێویست بکات شەڕ دەستپێبکەینەوە".
ئەگەر ئەم قۆناغی یەکەمی ئاگربەست سەرکەوتوو بێت، لە قۆناغی دووەمی ئاگربەستدا سەرجەم زیندانیکراوان ئازا دەکرێن و لە قۆناغی سێیەمیشدا کار بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە دەکرێت.
شەڕی ئیسرائیل و حەماس
ڕۆژی 7ـی تیشرینی یەکەمی 2023، باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە ئاسمان و زەمینەوە هێرشی کردە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و گەڕێکی نوێی شەڕ لە نێوان هەردوولا هەڵگیرسا.
بەپێی ئاژانسی فرانس پرێس بە پشتبەستن بە داتای فەرمی ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا هەزار و 210 کەس کوژراون کە زۆربەیان مەدەنی بوون. لەو ماوەیەدا 251 کەس ڕفێندراون کە 94 کەسیان تا ئێستا لە کەرتی غەززە دەستبەسەرن
بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستی غەززە، زیاتر لە 46 هەزار و 899 فەلەستینی کە زۆربەیان خەڵکی مەدەنی و ژن و منداڵن، لە هەڵمەتی سەربازیی ئیسرائیل لە غەززە کوژراون.
توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری زانستی ژینگە و تەکنۆلۆژیادا بڵاو کراوەتەوە ئاماژەی بەوە داوە، بەشێک لە بابەتی جوانکارییەکان کە ئەمڕۆ بەکار دێت، ڕێژەیەکی زۆر لە ماددە کیمیایییە ژەهراوییەکان لە پێکهاتەیاندا هەیە وەک پۆڵی فلۆرۆ ئەڵکیل (PFAS ) . کە بەداخەوە لە پێکهاتەی ماددە جوانکارییەکاندا ئەم ماددە نانووسرێت بۆ ئەوەی خەڵک هۆشیار بێت.
ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) باس لەوە دەکات، بەشێک لە بابەتە جوانکارییەکانی وەکوو بۆیەی نینۆک و کرێمەکان و سوراو و قەڵەم چاو و ماسکەرا، دەکرێت ئەم ماددانەی تێ بکرێت بۆ ئەوەی زۆرتر بە درەوشاوەیی دەربکەوێت. بۆیە زۆر گرنگە ئەو بابەتە جوانکارییانە بەکار دێت کە دڵنیان لەوەی ئۆریجیناڵە و کوالێتی بەرزە.