ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگ لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای بودجە دەدات و تێچووی دەرهێنانی بەرمیلێک نەوتی کوردستان دەکرێتە 16 دۆلار.
ڕۆژی 19ـی کانوونی دووەمی 2025، دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر هەمواری یەکەمی یاسای بودجەی عێراق ئەنجام دەدرێت.
بڕگەی (ج) لە ماددەی 12ـی یاسای بودجەی عێراق ئەو بەشەیە کە هەموار دەکرێتەوە، پەسەندکردنی ئەم هەموارە یەکێکە لە خواستەکانی هەرێمی کوردستان چونکە تێچووی دەرهێنانی هەر بەرمیلێک نەوتی هەرێمی کوردستان لە 8 دۆلارەوە دەکاتە 16 دۆلار.
زیادکردنی تێچووی دەرهێنانی نەوت، بەشێکی گەورەی کێشەی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان چارەسەر دەکات و هەنگاوەکانی هەناردەکردنەوە خێراتر دەکرێن.
لە گرێبەستی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان، تێچووی دەرهێنانی بەرمیلێک نەوت بە سەروی 26 دۆلار دانراوە، بەڵام لە یاسای بودجەی عێراقدا بە 8 دۆلار دیاریکرابوو.
ڕۆژی 20ـی ئەیلولی 2024، مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بەو تێچووەی دەرهێنانی نەوت کە هەرێمی کوردستان داوای کردووە بە کەناڵی العرەبییەی ڕایگەیاند، "كێڵگەكانی كوردستان جیاوازن و جۆری نەوتیش لەو كێڵگانە جیاوازن، ئەو تێچووە ئێمە دیاریمان نەكردووە، ئەوە واقیعێكە كە لە لایەن لیژنەی تایبەتمەندەوە دیراسە كراوە".
لەبارەی شێوازی دیاریکردنی تێچووی نەوت باسی لەوەشکرد، كۆمپانیا وەبەرهێنەرەكان هەموویان بیانین و بەشێك لە سەرمایەكانیان بۆ دەرهێنانی نەوت وەبەرهێناوە، بەشێكیشی وەك تێچوی گەڕاندنەوە لەوەی لە نەوت دەردەهێندرێت، بەشێكی دیكەی وەبەرهێنانەكەشیان بەپێی گرێبەستەكانە، ئەوەی دەمێنێتەوە لە قەرزە كەڵەكەبووەكان وەردەگیرێت، بە كۆكردنەوەی هەموو ئەو تێچوونانە، تێچوونی راستەقینەی دەرهێنانی نەوت دەردەكەوێت.
سەرەتای مانگی تشرینی دووەمی 2024، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا پێشنیازێک پێشکەشی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بکات تا تێچووی هەناردەی نەوت لە 8 دۆلارەوە بۆ 16 دۆلار زیاد بکات.
ڕۆژی 13ـی کانوونی دووەمی 2025، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق خوێندنەوەی دووەمی بۆ هەمواری مادەی 12ـی لە یاسای بودجە کرد.
ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان
ڕۆژی 25ـی ئازاری 2023، دادگای ناوبژیوانیی پاریس بڕیاڕی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانی دەرکرد، ئەوەیش لەسەر بنەمای سکاڵایەکەی حکومەتی عێراق.
عێراق لەو سکاڵایەدا کە لە دادگاکە تۆماری کردبوو، داوای کردبوو هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی تورکیاوە ڕابگیرێت، چونکە هەناردەکردنە بەبێ ڕەزامەندی دەکرێت.
پێش بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانیی پاریس، هەرێمی کوردستان ڕۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان و 75 هەزاری کەرکوکی هەناردەی تورکیا دەکرد.
بە وتەی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتەوە، مانگانە هەرێمی کوردستان نزیکەی یەک ملیار دۆلار زیانی پێدەگات.
ترەمپ لە یەکەمین بڕیارەکانی دەستبەکاربوونیدا وڵاتەکەی لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی کشاندەوە، بە کشاندنەوەی ئەمەریکا ساڵانە نزیکەی 500 ملیۆن دۆلار پاڵپشتی دارایی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی کەمدەبێتەوە و چاوەڕوانیش دەکرێت بەرنامەکانی ڕێکخراوەکە لەسەرانسەری جیهان بخاتە مەترسییەوە.
ڕۆژی 20ـی کانوونی دووەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی نوێی ئەمەریکا دوای چەند کاتژمێرێک لە دەستبەکاربوونی واژۆی لەسەر فەرمانی کشانەوەی ئەمەریکا لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی کرد.
بەپێی ئەو فەرمانەی ترەمپ واژۆی لەسەر کردووە، دەبێت لە ماوەی 12 مانگی داهاتوودا ئەمەریکا ماڵئاوای لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بکات و ڕێگەیەکی نوێ بۆ جێگرتنەوەی ڕێکخراوەکە بدۆزێتەوە.
سەرۆکی نوێی ئەمەریکا لەسەر کشانەوەی وڵاتەکەی لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند، ڕێکخراوەکە بە هەڵە مامەڵەی لەگەڵ پەتای کۆرۆنا و قەیرانە تەندروستییە نێودەوڵەتییەکانی تردا کردووە.
بڕیارەکەی ترەمپ بۆ کشانەوەی ئەمەریکا لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی شتێکی چاوەڕواننەکراو نییە. ناوبراو لە ساڵی 2020 لە یەکەم خولی سەرۆکایەتیدا، هەنگاوەکانی وازهێنانی لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەستپێکرد و بە هاوکاریکردنی هەوڵەکانی چین بۆ "بەلاڕێدابردنی جیهان" سەبارەت بە سەرچاوەی کۆڤید تۆمەتبار کردن.
ترەمپ لە پەیامە نوێیەکەیدا تۆمەتەکانی ڕابردووی بە بیرهێنایەوە و خەختیکردەوە، ڕێکخراوەکە نەیتوانیووە سەربەخۆیانە لەگەڵ کاریگەریییە سیاسی نەگونجاوەکانی وڵاتانی ئەندام مامەڵە بکات و داوای "پارەیەکی نادادپەروەرانە"ی لە ئەمریکاوە کردووە کە ناڕێژەیی بێت لەگەڵ ئەو بڕە پارانەی کە وڵاتانی دیکە و گەورەتر وەک چین دابینیان کردووە.
لە ماوەی ڕابردوو، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بە توندی سەرجەمی ئەو تۆمەتانەی ڕەتدەکاتەوە کە لەلایەن دۆناڵ ترامپ و ئیدارەکەیەوە ڕوبەرویانکراوەتەوە و ڕایگەیاندووە، فشارەکانیان دژ بە چین بەردەوامە تا بزانن هۆکاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆرۆنا بەهۆی بەرکەوتەی مرۆڤ لەگەڵ ئاژەڵی توشبوو سەریهەڵداوە یان بەهۆی لێکۆڵینەوە لە ڤایرۆسە هاوشێوەکان لە تاقیگەیەکی ناوخۆییدا.
ئەمەریکا گەورەترین پاڵپشتیکاری دارایی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی
ئەمەریکا گەورەترین پشتیوانی دارایی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانییە و نزیکەی 18%ـی کۆی بودجەکانی ڕێکخراوەکە دابین دەکات، بەشێوەیەک تەنها لە ساڵانی 2024 و 20205 وڵاتەکە 6.8 ملیار دۆلاری بە ڕێکخراوەکە داوە.
بەپێی داتاکان، لە ساڵی 1948ـەوە تا ئێستا ئەمەریکا بە تێکڕا ساڵانە 400 بۆ 500 ملیۆن دۆلاری بۆ ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دابین کردووە و گەورەترین پشتیوانی دارایی بووە.
ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری چەند پسپۆرێكی لە ناوەوە و دەرەوەی ڕێکخراوەکە دروستبوونی مەترسی لەسەر کارەکانی ڕێکخراوەکە وروژاندووە و پێشبینی کردووە، بەهۆی کشانەوەی ئەمەریکاوە کارەکانی ڕێکخراوەکە بکەوێتە مەرترسییەوە، بە تایبەت لە پرسی ڕوبەڕوبوونەوەی نەخۆشی سیل کە یەکێکە لە نەخۆشییە درمییە بکوژەکان لە جیهاندا.
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی
ڕێکخراوەی تەندروستیی جیهانی ( World Health Organization- WHO)، دەزگایەکی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکانە کە وەک دەزگایەک هاوکارە لەسەر تەندروستیی گشتیی نێودەوڵەتی کار دەکات. لە ڕێکەوتی 7ـی نیسانی 1948 دامەزراوە و نووسینگەی سەرەکی لە شاری جنێڤە لە سویسرا.