هەواڵ

دەستەی سەرۆکایەتی هەڵنەبژێردرا و پەرلەمانتارەکەی نەوەی نوێ لە سەرۆکی تەمەن کشایەوە

Mic
2025-01-22

بەهۆی تەواونەبوونی ڕێژەی یاسایی ئامادەبوانەوە نەتوانرا دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان هەڵبژردرێت، وەک کاردانەوەیەکیش پەرلەمانتارەکەی نەوەی نوێ لە سەرۆکی تەمەن کشایەوە و پەرلەمانتارێکی یەکێتی جێگەی دەگرێتەوە. 

ڕۆژی 22ـی کانوونی دووەمی 2025، لەسەر بانگهێشتی سەرۆکی تەمەن ئەندامانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ڕوویان لە باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان کرد، بەڵام بەهۆی بەهۆی تەواونەبوونی ڕێژەی یاسایی ئامادەبوانەوە نەتوانرا کۆبونەوەکە ئەنجام بدرێت.

لە کۆی 100 پەرلەمانتارەکەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، بە سەرۆکی تەمەنەوە تەنها 27 پەرلەمانتار چوونە هۆڵی پەرلەمانەوە. پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ، یەکگرتوو، هەڵوێست، سۆسیالیست و دوو ئەندامی پێکهاتەکان بەشداری دانیشتنەکەیان کرد، هەرچی فراکسیۆنەکانی پارتی و یەکێتییە کە دوو گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی کوردستانن، تەنها چەند ئەندامێکیان بەشداری دانیشتەنەکەیان کرد. 

بانگهێشتەکەی سەرۆک تەمەن، درێژکراوەی یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بوو بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی، چونکە دوای سێ مانگ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن نەتوانراوە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵبژردرێت. 

نەوەی نوێ دانیشتەکە بە دەستپێشخەری دەزانێت 

محەمەد سلێمان سەرۆکی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان کە لە فراکسیۆنی نەوەی نوێیە، وەک بەشێک لە دەستپێشخەری جوڵانەوە سیاسییەکەیان بانگهێشتی پەرلەمانتارانی کردبوو، بەڵێنیشی دابوو ئەگەر دەستەی سەرۆکایەتی هەڵنەبژرێردرێت وەک سەرۆکی تەمەن دەکشێتەوە.

پێشتر، شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕایگەیاندبوو، نەوەی نوێ و لایەنەکانی دەرەوەی پارتی دەتوانن 50+1 پێکبهێنن و دەتوانن حکومەت دروست بکەن، بۆیە ئەگەر سەرۆک وەزیرانێک لە دەرەوەی پارتی دیاری بکرێت ئەوان وەک نەوەی نوێ دەنگی پێدەدەن و پۆستیشیان ناوێت.

کۆمەڵی دادگەری هەر زوو وەڵامی داواکارییەکەی دایەوە و جەختی لەسەر بایکۆتی پەرلەمان و حکومەت کردەوە، یەکگرتوی ئیسلامی و ڕەوتی هەڵوێستی نشتمانیش هەنگاوەکەی نەوەی نوێیان بە " سیناریۆ و چەواشەکاری" ناوبرد و ڕایانگەیاند، هەنگاوەکە لە خزمەتی حزبەکانی دەسەڵات دایە. 

کێ شوێنی محەمەد سلێمان دەگرێتەوە؟ 
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، ئەگەر سەرۆکی تەمەنی پەرلەمان بە هەر هۆکارێک کشایەوە، جێگرەوەی بۆ دادەنرێت. 

هەر بەپێی پەیڕەوەکە، دەبێت ئەو کەسەی دەکشێتەوە، داوای لێبوردن بکات و  بە نووسراو داوا لە سەرۆکایەتیی دیوان بکات کە دەست لە ئەرکەکەی هەڵدەگرێت تا دووەم بە تەمەنترین پەرلەمانتار ڕابسپێرن. 

بەپێی تەمەنی پەرلەمانتارانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ئازاد محەمەد ئەمین لە فراکسیۆنی یەکێتی دووەم بە تەمەنترین پەرلەمانتارە و جێگەی محەمەد سلێمان دەگرێتەوە. 

یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان
ڕۆژی 2ـی کانوونی یەکەمی 2024، یەکەمین دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو. تا ئێستا سەرۆکی تەمەن چوار جار بانگهێشتی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستانی کردووە، بەڵام بەهۆی تەواونەبوونی رێژەی یاسایی، کۆبوونەوە نەکراوە و دەستەی سەرۆکایەتی هەڵنەبژێردراوە. 

More News

Most Popular

تەندروستی

بەکارهێنانی مەیکەپی دژە ئاو مەترسیدارە؟

Mic
2025-10-04

توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری زانستی ژینگە و تەکنۆلۆژیادا بڵاو کراوەتەوە ئاماژەی بەوە داوە، بەشێک لە بابەتی جوانکارییەکان کە ئەمڕۆ بەکار دێت، ڕێژەیەکی زۆر لە ماددە کیمیایییە ژەهراوییەکان لە پێکهاتەیاندا هەیە وەک پۆڵی فلۆرۆ ئەڵکیل (PFAS ) . کە بەداخەوە لە پێکهاتەی ماددە جوانکارییەکاندا ئەم ماددە نانووسرێت بۆ ئەوەی خەڵک هۆشیار بێت.

ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) باس لەوە دەکات، بەشێک لە بابەتە جوانکارییەکانی وەکوو بۆیەی نینۆک و کرێمەکان و سوراو و قەڵەم چاو و ماسکەرا، دەکرێت ئەم ماددانەی تێ بکرێت بۆ ئەوەی زۆرتر بە درەوشاوەیی دەربکەوێت. بۆیە زۆر گرنگە ئەو بابەتە جوانکارییانە بەکار دێت کە دڵنیان لەوەی ئۆریجیناڵە و کوالێتی بەرزە.