بەپێی بەدواداچونێکی دیجیتاڵ میدیای مایک، ئەگەر بەغداد ئەمڕۆ بڕیار لە ناردنی مووچە بدات، نزیکترین وادە بۆ دابەشکردنی مووچە کۆتایی ئەم هەفتەیە دەبێت.
چەند زانیارییەکی جیاواز سەبارەت بە ناردنی پارە لەلایەن بەغدادەوە بۆ هەرێمی کوردستان هەن، بەڵام تا ئێستا وازارەتی دارایی هیچ لێدوانێکی فەرمی لەسەر پرسەکە نەداوە.
زۆرینەی زانیارییەکان بەو ئاڕاستەیەن، ئەمڕۆ 2ـی شوباتی 2025 بەغداد بڕیار لە ناردنی زیاتر لە 900 ملیار دینار بۆ مووچەی مانگی کانوونی دووەمی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەدات.
بەپێی بەدواداچونێکی دیجیتاڵ میدیای مایک، ئەگەر بەغداد ئەمڕۆ بڕیار لە ناردنی پارەی مووچە بدات ئەوە نزیکترین کات بۆ دابەشكردنی مووچە کۆتایی ئەم هەفتەیە دەبێت.
ڕێکارەکانی ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی هەژمارەی بانکییەوە دەکرێت، وەزارەتی دارایی عێراق لە ڕێگەی لقی هەرێمی کوردستانی بانکی ناوەندییەوە بڕە پارەی دیاریکراوە دەخاتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان.
بەرپرسێکی باڵا لە لقی هەرێمی کوردستانی بانکی ناوەندی بە مەرجی ئاشکرانەکردنی ناوەکەی بە دیجیتاڵ میدیای مایک-ی وت، "دەبێت بەغداد نوسراوی خەرجکردنی پارە و تەمویلی پارەکە بکات، دواتر وەزارەتی دارایی و ئابوری نوسروا بۆ ڕاکێشانی پارەکە بکات".
ڕێکارەکانی ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان 2 تا 3 ڕۆژی پێویستە، هەر بۆیە ئەگەر ئەمڕۆیش وەزارەتی دارایی و ئابوری عێراق واژۆ لەسەر خەرجکردنی پارە بکات، کۆتایی ئەم هەفتەیە نزیکترین کاتە بۆ دابەشكردنی مووچە.
کۆتا مووچە لە هەرێمی کورستان
مووچەی مانگی تشرینی دووەمی 2024 کۆتا مووچە بووە لە هەرێمی کوردستان دابەش کرابێت و چارەنوسی مووچەی مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردوو نادیارە، وەزارەتی دارایی و ئابوری ڕۆژی 5ـی کانوونی دووەمی 2025 دەستی بەدابەشکردنی کرد و ڕۆژی 8ـی هەمان مانگ کۆتایی بە دابەشكردنی هێنا.
ئەگەرچی ڕۆژی 26ـی کانوونی دووەمی 2025 وەرزی دووەمی خوێندن دەستیپێکرد، بەڵام دژی دابەشنەکردنی مووچە زۆرێک لە مامۆستایانی قوتابخانەکانی سنوری پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕین بایکۆتی دەوامیان کرد.
مامۆستایان و فەرمانبەران لەگەڵ بایکۆتی دەوام، ژمارەیەکی دیکەیان ماوەی شەش ڕۆژە لە بەردەم نوسینگەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە سلێمانی خێمەیان هەڵداوە و مانیان لە خواردن گرتووە.
دابەشکردنی مووچەی مانگەکانی کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردوو و کانوونی دووەمی ئەمساڵ سەرەکیترین داواکاری مامۆستایان و فەرمانبەری مانگرتووە.
مانگرتن و ناڕەزایی مامۆستایان و فەرمانبەران لەکاتێکدایە،ماوەی سێ ڕۆژە شاندی هەرێمی کوردستان بۆ مووچە و بودجەی خەڵکی کوردستان لە بەغدادن و لەگەڵ شاندی وەزارەتی دارایی عێراق کۆبوونەوەکان بەردەوامن و بە وتەی هەردوولا کۆبوونەوەکان ئەرێنی بوون.
ئەمەریکا کاروانێکی نوێی چەک ڕەوانەی ئیسرائیل دەکات، بەرپرسی فەرمانگەی ڕاگەیاندنی حکومەتی غەززە دەڵێت، ئەمەریکا لەبری ناردنی هاوکاری بۆ غەززە، پشتگیری تاوانبارانی جەنگ دەکات.
وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل گەیشتنی کاروانێکی نوێی کەرەستەی سەربازی ئەمەریکی بە وڵاتەکەی ڕاگەیاند، گەیشتنی کاروانەکە هاوکاتی سەردانی مارک ڕۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکایە بۆ وڵاتەکە.
ئیسرائیل گەیشتنی ئەو کاروانە سەربازییە بە "هێمای پەیوەندی بەهێزی"یان لەگەڵ ئەمەریکا دەزانێت، چاوەڕوانی بەهێزکردنیشی دەکات.
ئیدارەی بایدن، دوای هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەرى 2023ـی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، هەزاران بۆمبی رەوانەی وڵاتەکە کرد، بەڵام دواتر بەهۆی نیگەرانیی کاریگەرییەکانی لەسەر غەززە، یەکێک لە کاروانەکانی راگرت.
ئەم کاروانەی ئێستا گەیشتووە، هەمان ئەو کاروانە ڕاگیراوەیە کە مانگی ڕابردوو لەلایەن ئیدارەکەی ترامپەوە ڕاگرتنی هەڵگیرا و ڕەوانە کرا.
ناردنی چەکی نوێ لەلایەن ئەمەریکاوە دووبارە نیگەرانی دورستکردووە، سەلامە مەعروف، بەرپرسی فەرمانگەی ڕاگەیاندنی حکومەتی غەززە ڕایگەیاند، "لەبری ناردنی خۆراک، دەرمان، ئاو، یان شوێنی حەوانەوە و کەرەستەی بیناسازی بۆ قوربانیانی کەرتی غەززە، ئەمریکا پشتگیری تاوانبارانی جەنگ دەکات و هاوکاری زیاتریان بۆ دەنێرێت".
هاوکارییە سەربازییە نوێیەکان چین؟
بۆمبی قورس لە جۆری MK-84 بە کێشی دوو هەزار پاوەندە کە توانای زیانگەیاندنێکی بەرفراوانیان هەیە و مەبەست لێی بەهێزکردنی تواناکانی هێرشی ئیسرائیلە.
چەکی دورهاوێژ لە جۆری دۆشکەی (IDF)، کە لەلایەن ئەمریکاوە پەرەی پێدراوە و لە قەبارەی 7.62x51 ملمدایە.
-پێداویستی تەقەمەنی تۆپخانە و فڕۆکەی هێرشبەر کە پاکێجەکە بە بڕی 8 ملیار دۆلار بۆ ئیسڕائیل نێردراوە.
ئامانجی ئەمەریکا چییە؟
هاوکارییەکانی ئەمەریکا بۆ ئیسرائیل بەشێکن لە دەستپێشخەرییەکانی واشنتن بۆ بەرزکردنەوەی توانای سەربازی تەلئەڤیڤ لە جەنگ و ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.