هەواڵ

پرۆژەی هاوبەشی کورد… دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات و لامەرکەزی لە سوریا

Mic
2025-04-26

لایەنەکانی رۆژئاوای کوردستان، پڕۆژەی هاوبەشەی کوردییان بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی نوێی سوریا پەسەند کرد، دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات، لامەرکەزی، هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی دژە کورد و ناساندی زمانی کوردی وەک زمانی فەرمی لە دیارترین داواکارییەکانە. 

کۆنفرانسی یەکڕیزی کورد لە رۆژئاوای کوردستان ئەنجامدرا و پڕۆژەی هاوبەشی سەرجەم لایەنەکان بۆ چارەسەری پرسی کورد لە سوریا پەسەند کرا.

بڕیارە شاندێکی هاوبەشی لایەنەکان ئەو پڕۆژەیە بکەنە بنەمای گفتوگۆکانیان لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سوریا کە لەلایەن ئەحمەد شەرع-ەوە سەرۆکایەتی دەکرێت. 

پڕۆژەکە لە دوو تەوەری سەرەکی پێکهاتووە تایبەت بە سوریا و رۆژئاوای کوردستان و  نزیکەی 30 خاڵی لە خۆگرتووە، کە سەرەکترینیان پاراستنی سەرجەم پێکهاتە ئاینی و نەتەوەییەکانی سوریایە.

کورد دەیەوێت، سرود و ئاڵایی نوێی سوریا گوزارشت لە فرەیی بکات، ناسنامەیەکی نیشتمانیی گشتگیر دابنرێت کە ڕەچاوی تایبەتمەندییەکانی پێکهاتە جیاوازەکان بکات. 

بەپێی پڕۆژە هاوبەشەکە، کورد پشتوانی سیستمی لامەرکەزی، پەرلەمانی و فرەیی سیاسی لە سوریا دەکات، کە پشت بە دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان لە یەکتر دەبەستێت. 

داواشکراوە، حکومەتی نوێی سوریا پێداچوونەوە بە دابەشکارییە کارگێڕییەکانی ئێستادا بکات بەجۆرێک کە ڕەچاوی چڕی دانیشتوان و روبەری جوگرافی بکات.

ئەحمەد شەرع کە پێشتر بە ناوی ئەبو محەمەد جۆلانیەوە سەرۆکایەتی گروپی تەحریر شامی دەکرد، یەکێکە لە مسوڵمانانی سوننە و نزیکە لە تورکیاوە. 

لایەنە کوردییەکان ترسیان هەیە رابردووی ئەحمەد شەرع کاریگەری لەسەر داهاتووی ئاینە جیاوازەکانی سوریا هەبێت، هەر بۆیە داوای بێلایەنی دەوڵەتییان لە نێوان ئایینە جیاوازەکان کردووە. 

پاراستنی مافی منداڵان و ژن و دەستەبەرکردنی یەکسانیی دەستوری لە نوێنەرایەتیکردنی ژنان، یەکێکی دیکەیە لە خاڵی پڕۆژە هاوبەشەکەی کورد بۆ حکومەتی نوێی سوریا. 

کورد لە پڕۆژەکەیدا پێشنیازی سێ رۆژی بۆ یادکردنەوە کردووە، هەشتی مارس وەک جەژنی ژنان، 21ـی ئازار وەک جەژنی نەورۆز و 12ـی ئازار وەک ڕۆژێک بۆ یادکردنەوەی ڕاپەڕینی قامشلۆ.

لایەنەکان پێشنیازیان کردووە، مافی دەربڕین و فێرکردن بە زمانی دایک و مومارەسەکردنی کولتوور وەک مافێک بۆ هەموو پێکهاتەکان دیاری بکرێت، هەروەها دانپێدانانی دەستوری بە زمانی کوردی وەک زمانێکی فەرمی لە پاڵ زمانی عەرەبی و دەستەبەرکردنی فێربوون و میدیا و چاپ و بڵاوکردنەوە. 

لە ماوەی رابردوو تورکیا هێرشی کردە سەر ناوچەکانی عەفرین، گرێ سپی و سەرێکانی و داگیریکردن، کورد پێی وایە گۆڕانکاری دیمۆگرافی لەو ناوچانەدا کراوە، بۆیە داوایان کردووە ئەو گۆڕانکارییانە هەڵوەشێننەوە، پرسی ئاوارەکان چارەسەر بکرێن و شوێنەوارە دزراوەکانیش بگەڕێندرێنەوە. 

حکومەتی نوێی سوریا دەستوری پەسەند کردووە، بەڵام کورد نیگەرانە و دەستورەکەی بە پێشێلکردنی مافی کورد لە رۆژئاوای کورستان ناوبردووە و داوای کردووە، ئەنجومەنێکی دامەزرێنەر بە بەشداری نوێنەری هەموو پێکهاتەکان و چاودێریی نێودەوڵەتی دەستوری نوێ بنوسنەوە.

لایەنەکانی رۆژئاوای کوردستان نیازی جیابوونەوەیان لە تورکیا نییە، هەر بۆیە داوای یەکخستنی  ناوچە کوردییەکانیان وەک یەکەیەکی سیاسی و کارگێڕی تەواو لە چوارچێوەی سووریایەکی یەکگرتوودا پێشنیاز کردووە.

پاراستن و  دڵنیاکردنی نوێنەرایەتیی کورد لە دامەزراوە یاسادانان، دادوەری، جێبەجێکردن و ئەمنییەکانی دەوڵەت و ڕێزگرتن لە شەهیدانی شۆڕشی سوریا لەسەرجەم هێزەکان و شەهیدانی شەڕی داعش و کۆمەڵکوژییەکان و دابینکردنی ماف بۆ خێزانەکانیان یەکێکی دیکەی پڕۆژە هاوبەشەکەی کوردە. 

لە ئەنجامی سەرژمێری نائاسایی ساڵی 1962، کوردەکان لە هاوڵاتیبوونی سوری بێبەشکران، بۆیە یەکێک لەو خاڵانەی کورد لە پڕۆژەکەیدا داوای کردووە، گەڕاندنەوەی مافی هاوڵاتیبوونی سورییە بۆ کورد. 

کورد داوای پەرەپێدانی ژێرخانی ناوچە کوردییەکان و تەرخانکردنی ڕێژەیەک لە داهاتی سەرچاوەکانیان بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی ئەو ناوچانە کردووە کە لە رابردوو پەراوێزخراون.

کوردانی رۆژئاوای کوردستان داوای هەڵوەشاندنەوەی هەموو سیاسەت، ڕێکار و یاسا و رێککەوتنە نهێنییانە کردووە کە دژی کورد پیادەکراون، وەک پڕۆژەی پشتێنەی عەرەبی و کردەوەکانی بەعەرەب کردن لە ناوچە کوردییەکان بەکارهێنراون، داواشکراوە ئەوانەی لەو جۆرە سیاسەتە زەرەرمەندبون قەرەبوو بکرێنەوە. 

رۆژی 26ـی نیسانی 2025، کۆنفرانسی نیشتمانیی کوردی لە شاری قامشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان بە بەشداری 300 ئەندام بەڕێوەچوو.

ئامانجی کۆنفرانسەکە، یەکخستنی هەڵوێستی کورد بوو بە تایبەت هاوهەڵوێستی لایەنەکانی رۆژئاوای کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی نوێی سوریا. 


More News

Most Popular

تەندروستی

بەکارهێنانی مەیکەپی دژە ئاو مەترسیدارە؟

Mic
2025-10-04

توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری زانستی ژینگە و تەکنۆلۆژیادا بڵاو کراوەتەوە ئاماژەی بەوە داوە، بەشێک لە بابەتی جوانکارییەکان کە ئەمڕۆ بەکار دێت، ڕێژەیەکی زۆر لە ماددە کیمیایییە ژەهراوییەکان لە پێکهاتەیاندا هەیە وەک پۆڵی فلۆرۆ ئەڵکیل (PFAS ) . کە بەداخەوە لە پێکهاتەی ماددە جوانکارییەکاندا ئەم ماددە نانووسرێت بۆ ئەوەی خەڵک هۆشیار بێت.

ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) باس لەوە دەکات، بەشێک لە بابەتە جوانکارییەکانی وەکوو بۆیەی نینۆک و کرێمەکان و سوراو و قەڵەم چاو و ماسکەرا، دەکرێت ئەم ماددانەی تێ بکرێت بۆ ئەوەی زۆرتر بە درەوشاوەیی دەربکەوێت. بۆیە زۆر گرنگە ئەو بابەتە جوانکارییانە بەکار دێت کە دڵنیان لەوەی ئۆریجیناڵە و کوالێتی بەرزە.