هەواڵ

دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسان دوا دەکەوێت؟

Mic
2025-04-27

بەغدا تا ئێستا وردبینی لە لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تەواو نەکردووە، بڕیارە پرسەکە ببرێتە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەوێ پەسەند بکرێت و هەفتەی داهاتوو دابەشکردنی مووچە دەست پێ بکات. 

 وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ماوەی پێنج رۆژە لیستی مووچەی رەوانەی بەغدا کردووە و چاوەڕوانی وەزارەتی دارایی عێراقە پەسەندی بکات و پارەی مووچەی مانگی نیسانی بۆ رەوانە بکات. 

وەزارەتی دارایی عێراق لە دوای دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی پارێزگاکانی دیکە پارە رەوانە دەکات، بەڵام وێرای ئەوەی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق لە کۆتا رۆژدایە، بەڵام دەنگی ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان نییە.

بەپێی زانیارییەکان، تا ئێستا وردبینی لە لیستی مووچەی مووچەخۆراندا تەواو نەبووە، بەغدا چەند تێبینییەکی لەسەر لیستەکە هەیە کە تایبەتن بوونی ناوی ئەو خانەنشینانەی کە تازە خانەشین کراون و ناوەکانیان دەرنەهێنراوە.

بەشی وردبینی وەزارەتی دارایی عێراق، تێبینییەکانیان داوەتە ئەو شاندەی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان کە لیستەکەیان رادەست کردوون و تا ئێستا لە بەغدا ماونەتەوە.

بڕیارە شاندەکەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی نیسان چاک بکەن، دواتر جارێکی دیکە پێشکەشی وەزارەتی دارایی عێراقی بکەنەوە تا ئەم هەفتەیە پارە رەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێت. 

رۆژانی سێشەممە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەڕێوەدەچێت، چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەغدا رایانگەیاندووە، پرسی ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان لە کۆبونەوەی ئەم هەفتەیەی ئەنجومەنەکە بڕیاری لێ دەدرێت.

ئەگەرچی هیچ گرەنتییەک بۆ دیاریکردنی کاتی ناردنی پارە و دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسان نییە، بەڵام بەپێی بەدواداچوونەکانی دیجیتاڵ میدیای Mic نزیکترین وادە بۆ ناردنی پارەی مووچە کۆتایی ئەم هەفتەیە دەبێت. 

هەر بەپێی بەدواداچونەکانی دیجیتاڵ میدیای Mic، دابەشکردنی مووچە لەو وادەیە زیاتر دوا دەکەوێت کە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بۆ دابەشكردنی مووچە دیاریکردووە کە دابەشکردنییەتی لە مانگەدا. 

بەپێی زانیارییەکانی دیجیتاڵ میدیای Mic، ئەگەر لەم هەفتەیەشدا پارە رەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێت، دابەشکردنی مووچە دەکەوێتە هەفتەی داهاتووەوە کە سەرەتای مانگی ئایار دەکات.

More News

Most Popular

تەندروستی

بەکارهێنانی مەیکەپی دژە ئاو مەترسیدارە؟

Mic
2025-10-04

توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری زانستی ژینگە و تەکنۆلۆژیادا بڵاو کراوەتەوە ئاماژەی بەوە داوە، بەشێک لە بابەتی جوانکارییەکان کە ئەمڕۆ بەکار دێت، ڕێژەیەکی زۆر لە ماددە کیمیایییە ژەهراوییەکان لە پێکهاتەیاندا هەیە وەک پۆڵی فلۆرۆ ئەڵکیل (PFAS ) . کە بەداخەوە لە پێکهاتەی ماددە جوانکارییەکاندا ئەم ماددە نانووسرێت بۆ ئەوەی خەڵک هۆشیار بێت.

ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) باس لەوە دەکات، بەشێک لە بابەتە جوانکارییەکانی وەکوو بۆیەی نینۆک و کرێمەکان و سوراو و قەڵەم چاو و ماسکەرا، دەکرێت ئەم ماددانەی تێ بکرێت بۆ ئەوەی زۆرتر بە درەوشاوەیی دەربکەوێت. بۆیە زۆر گرنگە ئەو بابەتە جوانکارییانە بەکار دێت کە دڵنیان لەوەی ئۆریجیناڵە و کوالێتی بەرزە.