لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی
هەرێمی کوردستان سەرقاڵی دروستکردنی بەرەیەکی سیاسی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق
و زۆرینەیان پشتیوانی دەکەن، چاوەڕوان دەکرێت دروستکردنی بەرەکە پارتی و یەکێتیش
ناچار بە یەک لیستی بکات.
کۆمەڵی دادگەری
کوردستان پڕۆژەیەکی بۆ کۆکردنەوەی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی هەرێمی کوردستان ئامادەکردووە
و دەیەوێت لایەنەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی لە بەرەیەکدا کۆبکاتەوە.
ئامانجی پڕۆژەکە،
بەشداریکردنی لایەنەکانی نەوەی نوێ، یەكگرتوو، هەڵوێست، كۆمەڵ، بەرەی گەل-ە، بە یەک
لیستی هاوبەش بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق.
زۆرینەی لایەنە
ئۆپۆزسیۆنەکان پشتیوانی پڕۆژەکە دەکەن، بەڵام تا ئێستا رێککەوتنی کۆتاییان لەسەر پڕۆژەکە
نەکردووە و سەرقاڵی تاوتوێکردنی ئەگەرە چاوەڕوانکراوەکانن.
ئامانجی
دروستکردنی ئەو بەرەیە بە دەستهێنانی زۆرترین کورسی پەرلەمانی عێراق لە هەڵبژاردنی
داهاتوودا، چونکە ئەو یاسایەی هەڵبژاردنەکەی پێ ئەنجام دەدرێت لە بەرژوەندی لایەنە
بچوکەکان نییە.
پارتی و یەکێتش
دەیانەوێت یەک لیست بن:
هاوشانی هەوڵی
لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان، پارتی و یەکێتیش دەیانەوێت پرسی یەک لیستی تاوتوێ بکەن، بافڵ
تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی لە دیدارێکدا لەگەڵ میدیای حزبەکەی رایگەیاند، حەز دەکەم بۆ
هەڵبژاردنی عێراق لەگەڵ پارتی بە یەک لیست بەشداربین ئەمجارە لەگەڵ مەسرور بارزانی
دابنیشم پێشنیازی یەك لیستی لەگەڵ دەكەم.
یەکێتی دەیەوێت،
ئەگەر لە هەرێمی کوردستانیش نەتوانێت لەگەڵ پارتی یەک لیست بۆ هەڵبژاردن دروست
بکات، ئەوە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ببنە یەک لیست.
چاوەڕوان دەکرێت،
دروستکردنی بەرەی سیاسی و یەک لیستی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان، پارتی و یەکێتی بە یەک
لیستی لە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیش ناچار
بکات.
هەڵبژاردنى پەرلەمانى
عێراق:
هەڵبژاردنی ئەمجارەی
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دەبێتە شەشەمین هەڵبژاردن لە دوای ساڵی 2004ـەوە، سیستمى
یەک بازنەیی و دواتر فرەبازنەیی لەسەر ئاستی پارێزگاکانە چوار هەڵبژاردندا پەیڕەوکرا،
لە کاتێکدا دوایین هەڵبژاردنى ساڵی 2021 بەپێی سیستمى فرە بازنەیی ئەنجامدرا و عێراق
بۆ سەر 83 بازنەی هەڵبژاردن دیاری کرا.
داوای جێبەجێکردنی مافی هیوا بۆ عەبدوڵا ئۆجەلان،
رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە و ئازادکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە
دەکرێت.
لە 15ـی ئەم مانگەوە لیژنەی
وەزیرانی ئەنجوومەنی ئەوروپا چەند کۆبوونەوەیەکی کردووە و بڕیا ئەمڕۆش دوا
کۆبوونەوەی بکات، چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ پێدانی مافی هیوا بۆ
عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە بکات.
هاوکاتی ئەو کۆبوونەوەیە؛ یەکێک لە پارێزەرانی
ئۆجەلان بەناوی فایەق ئۆزگور ئاماژەی بەوەکردووە، پێویستە مافی هیوا بۆ ئۆجەلان جێبەجێبکرێت
و دەسەڵاتی تورکیا پیادەی بکات.
هەروەها ئەمڕۆ هاوڵاتییان لە بەشێک لە پارێزگاکانی
تورکیا و باکووری کوردستان خۆپیشاندان و رێپێوان بۆ ئازادکردنی ئۆجەلان دەکەن و
داوای جێبەجێکردنی مافی هیوا دەکەن.
مافی هیوا یاسایەکە یان مافێکە کە لەلایەن دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپاوە دەرچووە،
بەپێی ئەم یاسایە، دوای 25 ساڵ لە زیندانیی هەتا هەتای؛ کەسەکە ئازاد
دەکرێت یان بە سزاکەیدا بچنەوە بۆ ئەوەی بە مەرج ئازاد بکرێت.
لەلایەکی ترەوە
پارتی یەکسانی و دیموکراسی- دەمپارتی داوا ئازادکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش-
هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان- هەدەپە دەکات.
جەنگیز چاندار، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە رۆژانی
رابردوو سەردانی هەریەکە لە دەمیرتاش و سەلچوک مزراکلی- هاوسەرۆکی پێشوو گەورە
شارەوانی ئامەد کردووە و، دەڵێت، ئەگەر پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەستی پێکردووە با
دەمیرتاش و مزراکلی ئازاد بکرێن.
چاندار ئاماژەی بەوەشکردووە، دەمیرتاش چاوەڕێی جێبەجێکردنی
بڕیارەکەی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپایە، کە لە 8ی تەممووزی 2025 دەرچووە، ماوەی
تانەلێدانی تورکیا خەریکە کۆتایی دێت و ئەگەر تورکیا ناڕەزایی دەرنەبڕێت، دەمیرتاش
دەستبەجێ ئازاد دەکرێت.
جەختیش لەوە
دەکاتەوە بۆ دروستکردنی متمانەیە هاوڵاتییان بە پرۆسەی ئاشتی نابێت سەلاحەدین
دەمیرتاش لە زیندان بهێڵدرێتەوە و دەبێت ئازاد بکرێت.
پێشتر، دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بڕیارەکەی خۆی
سەبارەت بە ئازادکردنی دەمیرتاش دووپاتکردبووەوە و ماوەی سێ مانگی بۆ تورکیا دیاریکردبوو
بۆ تانەلێدان.