ئەمڕۆ، 3ی ئایار، وەکو "رۆژی جیهانیی ئازادی رۆژنامەگەریی" دەناسرێت لەلایەن رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە و رێکخراوی یونیسکۆ، رایدەگەیەنێت، ئەم رۆژە بۆ بیرهێنانەوەی حكومەت و دەسەڵاتەکانە کە وابەستەبن بە بەرپرسیارێتییەکانیان بۆ پاراستنی ئازادی رادەربڕین و کاری رۆژنامەوانی.
رێکخراوی یونیسکۆ، لەسەر ماڵپەڕی فەرمی خۆی، هەروەها ئاماژە بەوەدەدات، رۆژی جیهانی ئازادی کاری رۆژنامەوانیی دەرفەتێکە بۆ کۆکرنەوەی پشتیوانی بۆ ناوەندەکانی راگەیاندن کە لەبەردەمی هەڕەشە و مافخواردندان و مافی خۆیانە دەستەبەری ئازادی کاری رۆژنامەوانییان بۆ بکرێت.
رێكخراوی پەیامنێرانی بێسنور، ئاشکرایدەکات، لە عێراق رۆژنامەوانان لە هەموو لایەكەوە رووبەڕووی هەڕەشە دەبنەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئازادیی رۆژنامەوانی لە عێراق بۆ ئەمساڵ هەنگاوێكی گەورەی ناوە و 14 پلە هاتووەتە پێشەوە و لەسەر ئاستی جیهانیش وڵاتی نەرویج بۆ نۆیەمین ساڵ، پلەی یەکەمی هەیە لەریزبەندی وڵاتانی جیهاندا بۆ پاراستنی ئازادی رۆژنامەوانیی.
کاریگەرییەکانی سۆشیاڵ میدیا و ئەو گۆڕانکارییانەی کە زیرەکی دەستکرد و هەواڵی ساختە لەبواری کاری رۆژنامەوانیدا دروستی کردووە، هۆکارێکە بۆئەوەی گرنگی زیاتر بدرێت بە کاری رۆژنامەوانیی پیشەیی، دەستەبەرکردنی زانیاریی پشتڕاستکراوە و دروست بۆ خەڵک.
ساڵانە لەم رۆژەدا رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنور، راپۆرتێک بڵاودەکاتەوە و سەرجەم زانیارییەکان لەبارەی ئازادی رۆژنامەوانی لە جیهاندا دەخاتەڕوو، لەبارەی عێراقەوە دەنوسێت: "عێراق لە پاراستنی رۆژنامەوانان شكستی هێناوە"، بەهۆی ناسەقامگیریی سیاسی و فشارە داراییەکان لەسەر رۆژنامەوان و دەزگا میدیاییەکان.
عێراق بۆ ئەمساڵ لە پلەی 155ـی وڵاتان دەبینرێت لەکۆی 180 وڵات، لەبارەی ئازادیی رۆژنامەگەرییەوە، لەکاتێکدا ساڵی رابردوو عێراق لە ریزبەندی 169دا بووە، بەڵام ئەمساڵ 14 پلە هاتووەتە پێشەوە، لەگەڵ ئەوەشدا لە پاڵ دەیان وڵاتی تر هەر لە هێڵی سووردایە.
نۆ ساڵە وڵاتی نەرویج سەلامەترین وڵاتە بۆ رۆژنامەوانان و پلەی یەكەمی گرتووە، لە دوای ئەویش ئیستۆنیا و هۆڵەندا پلەكانی دووەم و سێیەمیان گرتووە، سوید و دانیمارك و فینلەندا و ئێرلەندا و پرتوگال و سویسرا و چیك، پلەكانی دواتریان گرتووە.
رێكخراوی پەیامنێرانی بێسنور، ئاماژە بەوەدەکات، ئەریتریا خراپترین وڵاتە بۆ رۆژنامەنووسان و پلەی كۆتایی و 180 گرتووە، دوای ئەویش كۆریای باكور و چین و سووریا و ئێران و ئەفغانستان دێن.
رۆژی 5ی ئایاری 2025،
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرایکرد، دووبارە دورگەی ئەلیکتراز لە نۆکەندی
سان فرانسیسکۆی ئەمریکا، دەکاتەوە بە زیندان، ئەگەرچی 62
ساڵە ئەمریکا بڕیاریدابوو تەنها وەکو شوێنێکی گەشتیاریی بەکاربهێنرێت.
دورگەی ئەلکتراز، دوو
کیلۆمەتر لە کەناراوی سان فرانسیکۆ دوورە، لە ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا، پاش
دۆزینەوەی خاکی ئەمریکا، ئەم دوورگەیە بە چۆڵکراوی مایەوە هەتا ساڵی 1847 حاکمی
سەربازیی کالیفۆرنیا لە وڵاتی مەکسیکی دەکڕێتەوە و تاوەرێکی چاودێریی دەریاوانیی
لەسەر دروستکرد، دواتر سوپای ئەمریکا وەکو سەربازگە و پەناگەیەک بەکاریدەهێنا، لە
نێوان ساڵانی 1934 بۆ 1963 وەکو تۆکمەترین و مەترسیدارترین زیندانیی بەکاردەهێنرا.
لێکۆڵەران پێیان وایە
جێکەوتی زیندانییەکە هۆکارێکە بۆئەوەی وەکو مەترسیدارترین و ئازاربەخشترین
زیندانیی لێی بڕوانرێت، لەبەرئەوەی هەر زیندانییکراوێک ئەگەر هیچ ئەشکەنجەیەک
نەدرێت لە ئەلیکتراز، ئەوە ئازاربەخشترینە کە بێبەشبیت لە بینینی جوانیی و روناکی
شاری سان فرانسیسکۆ و روانین بەسەر دۆڵی سلیکۆن-دا کە دەوڵەمەندترین کۆمپانیاکانی
جیهان بارەگای سەرەکییان لەوێیە، وەکو (فەیسبوک، گوگڵ، ویکیپیدیا، مایکرۆسۆفت،
ئەپڵ، ئیبەی، ئەمەزۆن... هتد).
پێشتر حكومەتی ئەمریکا
ئەم زیندانییە فیدراڵییە مەترسیدارە ناوبانگخراپەی داخست، بە پاساوی گرانیی
خەرجییەکان و سەختی دابینکردنی ئاوی خواردنەوە و خزمەتگوزارییەکانی دیکە، بەڵام
ئیدارەی ترەمپ پرۆژەیەکی هەیە بۆ دووبارە گێڕانەوەی ئەم دوورگەیە بۆ ژێر دەسەڵاتی
وەزارەتی داد و زیندانییکردنی کەسانی مەترسیدار لەو دورگەیە.
زیندانەکە لە 378 هۆڵ و
ژووری زیندانی پێکهاتووە، کە 42 دانەی بۆ زیندانی تاکەکەسییە، هێندە تۆکمە و
بەهێزدروستکراوە، بابەتی هەڵاتنی تاوانباران لەو دورگەیە زۆر دەگمەن بووە، بەپێی
راپۆرتە فیدراڵییەکانی ئەمریکا، لە مێژووی زیندانەکەدا تەنها 36 زیندانیی هەوڵی
هەڵاتنیانداوە و زۆرینەیان دەستبەجێ دەستگیرکراونەتەوە.
لە ساڵی 1972 لەسەر
بودجەی کۆنگرێس، پرد و ناوچەی گەشتیاری گۆڵدن گەیت لە بەرامبەر زیندانیی ئەلیکتراز
دروستکرا، دواتر لە ساڵی 1973 زیندانییە داخراوەکە بەڕوی گەشتیاراندا کرایەوە و
بووە یەکێک لە شوێنە گەشتیارییە دڵڕفێنەکان و ساڵانە دوو ملیۆن گەشتیار لە هەموو
جیهانەوە سەردانی دەکەن.
ترەمپ
لە نوسینێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (تروس سۆشیاڵ) نوسیویەتی: "ئەو
بەندینخانەیەی دەکەوێتە سەر دورگەیەکی بچوک لە کەناراوەکانی سانفرانسیکۆ،
تایبەتدەکرێت بە تاوانبارە زۆر توندوتیژ و مەترسیدارەکان لە ئەمریکا، هەر بۆیە کار
بۆ فراوانکردنی زیندانییەکە دەکرێت".
چیرۆکەکانی ئەم زیندانییە
مەترسیدارە، لەلایەن هۆڵیودەوە چەندین فیلمی لەسەر بەرهەمهێنراوە، بەتایبەتی فیلمی
(بەردەکە - The Rock - 1996)
لە نواندنی شۆن کۆنری و کیکۆلاس کەیدج، (پیاوی باڵندەکانی ئەلکتراز - Birdman of Alcatraz - 1962)
و (زنجیرەی تەلەفیزیۆنی ئەلکتراز – 2011 کە باسی هەڵاتنی دەگمەنی زیندانییەکان
دەکات).