بڕیارە مانگی حوزەیرانی داهاتوو، سەرۆکی فەرەنسا سەردانی
عێراق بکات و چەندین گرێبەستی گەورە لەبوارەکانی کەرتی وزە و فرۆشتنی کەرەستە و
تەقەمەنی سەربازیی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق واژۆبکات، لەو چوارچێوەیەدا بڕیارە
سەردانی هەولێر بکات.
سەردانەکەی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا،
لەچوارچێوەی چالاکییەکانی بەشدارییکردنە لە (سێیەمین کۆنگرەی بەغداد)، کە بڕیارە
لە مانگی حوزەیرانی داهاتوو لە شاری بەغداد بەڕێوەبچێت.
چوار ساڵ لەمەوبەر و لە کۆتایی مانگی ئابی 2021، ماکرۆن
بەشدارییکرد لە (یەکەمین کۆنگرەی بەغداد)، پاشان سەردانی هەولێری کرد و لەگەڵ
بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی ئەنجامدا.
ئەم خولەی کۆنگرەی بەغداد دەبوایە دوو ساڵ لەمەوبەر
سازبکرایە و بەپێی ئەجێندای سەردانەکە، ماکرۆن دەهاتە
بەغداد و هەولێر، بەڵام بەهۆی جەنگی غەززە و پشێوییەکانی ناوچەکە دواخرا، بڕیارە
لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانی داهاتوو سازبکرێت و هەردوو وێستگەکە بەسەر بکاتەوە.
عامر ئەلفایز، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق، بە
میدیاکانی راگەیاندووە، عێراق و فەرەنسا لیژنەی هاوبەشیان پێکهێناوە و لە ئێستاوە
دەستیانکردووە بە ڕێکخستنی ئەو فایلانەی کە لە سەردانەکەی ماکرۆن بۆ بەغداد گفتوگۆیان
لەسەر دەکرێت.
ئەلفایز ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق سەرجەم پێداویستییە ئەمنی و لۆجستییەکانی
سەردانەکە دەستەبەردەکات و "لە کاتی سەردانەکەی ماکرۆن، کۆنفرانسێک بۆ سەرکردەکانی
وڵاتانی دراوسێی عێراق ڕێکدەخرێت".
عامر ئەلفایز، ئەوەشی خستەڕوو، لەچوارچێوەی ئەو گرێبەستانەی بەئامادەیی
ماکرۆن ئیمزا دەکرێن، توانای ئەمنی و سەربازیی عێراق پێشدەخرێت و زیاتر کاراکردنی
کۆمپانیا فەرەنسییەکان لەناوعێراق لە کەرتە جیاجیاکاندا، هەروەها فەرەنسا بەشداریی
بکات لە پرۆسەی سەقامگیریی عێراق.
وڵاتی فەرەنسا، یەکێکە لە پێنج وڵاتە زلهێزەکانی جیهان و
ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیە، هەروەها یەکێکە لەو وڵاتانەی
پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ عێراق هەیە، پێدەچێت لەگەڵ جێبەجێکردنی رێگای
گەشەپێدان، هێندەی دیکە پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا بەهێزتربێت،
بەتایبەتیی فەرەنسا، هەربۆیە لەم سەردانەی ماکرۆندا، کار بۆ بەهێزکردنی ئاستی
وەبەرهێنانی کۆمپانیا فەرەنسییەکان دەکرێت لە عێراقدا.
رۆژی 5ی ئایاری 2025،
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرایکرد، دووبارە دورگەی ئەلیکتراز لە نۆکەندی
سان فرانسیسکۆی ئەمریکا، دەکاتەوە بە زیندان، ئەگەرچی 62
ساڵە ئەمریکا بڕیاریدابوو تەنها وەکو شوێنێکی گەشتیاریی بەکاربهێنرێت.
دورگەی ئەلکتراز، دوو
کیلۆمەتر لە کەناراوی سان فرانسیکۆ دوورە، لە ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا، پاش
دۆزینەوەی خاکی ئەمریکا، ئەم دوورگەیە بە چۆڵکراوی مایەوە هەتا ساڵی 1847 حاکمی
سەربازیی کالیفۆرنیا لە وڵاتی مەکسیکی دەکڕێتەوە و تاوەرێکی چاودێریی دەریاوانیی
لەسەر دروستکرد، دواتر سوپای ئەمریکا وەکو سەربازگە و پەناگەیەک بەکاریدەهێنا، لە
نێوان ساڵانی 1934 بۆ 1963 وەکو تۆکمەترین و مەترسیدارترین زیندانیی بەکاردەهێنرا.
لێکۆڵەران پێیان وایە
جێکەوتی زیندانییەکە هۆکارێکە بۆئەوەی وەکو مەترسیدارترین و ئازاربەخشترین
زیندانیی لێی بڕوانرێت، لەبەرئەوەی هەر زیندانییکراوێک ئەگەر هیچ ئەشکەنجەیەک
نەدرێت لە ئەلیکتراز، ئەوە ئازاربەخشترینە کە بێبەشبیت لە بینینی جوانیی و روناکی
شاری سان فرانسیسکۆ و روانین بەسەر دۆڵی سلیکۆن-دا کە دەوڵەمەندترین کۆمپانیاکانی
جیهان بارەگای سەرەکییان لەوێیە، وەکو (فەیسبوک، گوگڵ، ویکیپیدیا، مایکرۆسۆفت،
ئەپڵ، ئیبەی، ئەمەزۆن... هتد).
پێشتر حكومەتی ئەمریکا
ئەم زیندانییە فیدراڵییە مەترسیدارە ناوبانگخراپەی داخست، بە پاساوی گرانیی
خەرجییەکان و سەختی دابینکردنی ئاوی خواردنەوە و خزمەتگوزارییەکانی دیکە، بەڵام
ئیدارەی ترەمپ پرۆژەیەکی هەیە بۆ دووبارە گێڕانەوەی ئەم دوورگەیە بۆ ژێر دەسەڵاتی
وەزارەتی داد و زیندانییکردنی کەسانی مەترسیدار لەو دورگەیە.
زیندانەکە لە 378 هۆڵ و
ژووری زیندانی پێکهاتووە، کە 42 دانەی بۆ زیندانی تاکەکەسییە، هێندە تۆکمە و
بەهێزدروستکراوە، بابەتی هەڵاتنی تاوانباران لەو دورگەیە زۆر دەگمەن بووە، بەپێی
راپۆرتە فیدراڵییەکانی ئەمریکا، لە مێژووی زیندانەکەدا تەنها 36 زیندانیی هەوڵی
هەڵاتنیانداوە و زۆرینەیان دەستبەجێ دەستگیرکراونەتەوە.
لە ساڵی 1972 لەسەر
بودجەی کۆنگرێس، پرد و ناوچەی گەشتیاری گۆڵدن گەیت لە بەرامبەر زیندانیی ئەلیکتراز
دروستکرا، دواتر لە ساڵی 1973 زیندانییە داخراوەکە بەڕوی گەشتیاراندا کرایەوە و
بووە یەکێک لە شوێنە گەشتیارییە دڵڕفێنەکان و ساڵانە دوو ملیۆن گەشتیار لە هەموو
جیهانەوە سەردانی دەکەن.
ترەمپ
لە نوسینێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (تروس سۆشیاڵ) نوسیویەتی: "ئەو
بەندینخانەیەی دەکەوێتە سەر دورگەیەکی بچوک لە کەناراوەکانی سانفرانسیکۆ،
تایبەتدەکرێت بە تاوانبارە زۆر توندوتیژ و مەترسیدارەکان لە ئەمریکا، هەر بۆیە کار
بۆ فراوانکردنی زیندانییەکە دەکرێت".
چیرۆکەکانی ئەم زیندانییە
مەترسیدارە، لەلایەن هۆڵیودەوە چەندین فیلمی لەسەر بەرهەمهێنراوە، بەتایبەتی فیلمی
(بەردەکە - The Rock - 1996)
لە نواندنی شۆن کۆنری و کیکۆلاس کەیدج، (پیاوی باڵندەکانی ئەلکتراز - Birdman of Alcatraz - 1962)
و (زنجیرەی تەلەفیزیۆنی ئەلکتراز – 2011 کە باسی هەڵاتنی دەگمەنی زیندانییەکان
دەکات).