هەواڵ

ئیتر کورد و دیاردەی فایەق زێدان

Mic
2025-07-03

لەپاش هەڵگیرسانی جەنگی ئێران و ئیسرائیل، توانا کارگێڕیی و یاساییەکانی فائیق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری لە عێراق زیاتر لە دەرکەوتوون، دەستوەردانەکانی لەبوارە جیاجیاکان و دەستوپەنجە و سیناریۆکانی زیاتر بە دۆخی عێراقەوە دەردەکەون.

کەس نەیدەزانی، بەس فایەق دەیزانی
رۆژی 19ی 6ی 2025، لە دادگای فیدراڵی عێراق، 9 ئەندام لەکۆی 13 ئەندام دەستیان لەکارکێشایەوە، چەند کاتژمێرێک بەرلەوەی دادگاکە کۆببێتەوە بۆ دەرکردنی فەرمانسالاریی لەبارەی بڕیارەکەی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق بۆ وەستاندنی پارەناردن بۆ هەرێمی کوردستان، هەروەها دۆسیەی خۆر عەبدوڵا.

 سەرەتا کەس نەیدەزانی ئەو ئەندامانە بۆچی دەستیانلەکارکێشاوەتەوە، تەنانەت دادوەرێکی کوردی ئەندامی دادگاکە بەناوی جاسم جەزا، بە دیجیتاڵ میدیای MICـى وت: دەستم لە ئەندامێتی دادگای فیدڕاڵی نەکێشاوەتەوە و نازانم هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەی ئەندامەکانی دیکەی دادگاکە چییە.

دواتر لە میدیاکانەوە ژێربەژێر باسی ئەوە دەکرا کە بەهۆی فشاری لایەنە عێراقییەکان لەسەر ئەندامانی دادگاکە بۆ دۆسیەی خۆر عەبدوڵا، یان فەرمانسالاری بۆ پرسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و بابەتی دیکە.. دادوەرەکان دەستیانلەکار کێشاوەتەوە و کاری دادگاکە راگیراوە.

هێشتا سیناریۆکە ئاشکرا نەکرابوو لەسەر ئاستی عێراق، بەڵام دادوەر فائیق زێدان، جموجوڵەکانی دەستپێکردبوون و دیاربوو شتێک لەژور سەریدایە.

گرنگیی دادگای فیدراڵیی
دادگای فیدراڵی، باڵاترین دادگایە لە عێراقدا، کە ئەرکی "پشکنین و چاودێرییکردنی دەستوورییبوونی یاسا و رێساکانی کارپێکراوە لە عێراقدا و هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسایانەیە کە لەگەڵ بڕگەکانی دەستووردا ناکۆکن و لە پەرلەمان پەسەندکراون".

بەگوێرەی راگەیەندراوی ئەنجوومەنەکە، "ئەو لیژنەیەی کە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی دادگا دیاری کراوە کە لە مادەی 3-یەکەم و دووەمی یاسای دادگای باڵای فیدراڵیدا هاتووە، رەزامەندی دەربڕی لەسەر رەوانەکردنی سەرۆکی ئێستای دادگای باڵای فیدراڵی، دادوەر جاسم محمد عەبود، بۆ خانەنشین بوون بە هۆکاری تەندروستی و کاندیدکردنی جێگری سەرۆکی دادگای فیدراڵی، دادوەر مونزیر ئیبراهیم حسێن، لە شوێنی ئەو.

بەپێی مادەی ٣-یەکەم، دادگای باڵای فیدراڵی لە سەرۆک و جێگری سەرۆک و حەوت ئەندامی کارا و سێ ئەندامی یەدەگ پێکدێت، سەرۆکی دادگا لەنیو دادوەرە کاراکاندا هەڵدەبژێردرێت، هەربۆیە تەنها کاتێک لێشاوی دەستلەکارکێشانەوە دەستیپێکرد، ئەندامێکی کارا و دوو ئەندامی یەدەگ دەستیانلەکار نەکێشابوویەوە و سیناریۆکە دیاربوو.

د. یەحیا کوبەیسی، چاودێری سیاسی لە عێراق، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، نوسی: "دەستلەکارکێشانەوەی بەکۆمەڵی دادوەرەکان لە دادگای باڵای فیدراڵی "ناشەرعی"یە، لەوەدەچێت "ئۆردەر"ێکیان پێگەیشتبێت بۆ دەستلەکارکێشانەوە!"

کوبەیسی پێشبینی ئەوە دەکات کە دادگای داهاتووی فیدراڵی عێراق ملکەچی ئەنجومەنی دادوەری عێراق دەبێت و سەردەمێکی نوێی دادگاکە دەستپێدەکات.

ئەوەشی نەشاردووەتەوە کە بڕیارێکی لەو جۆرە بۆ دەستلەکارکێشانەوەی لەناکاوی ئەندامان، تەنها لەتوانای یەک کەسدایە، کە مەبەستی "فائیق زێدان"ە.

بەپێی راگەیەندراوی ئەنجومەنی دادوەری کە زێدان سەرۆکایەتی دەکات، سەرۆکی نوێی دادگای باڵای فیدراڵی، دادوەر مونزیر ئیبراهیم حسێن:
ساڵی 1963 لە بەغداد لەدایکبووە
 1989 کۆلێژی یاسای لە زانکۆی بەغداد تەواوکردووە
 1998 پەیمانگای دادوەریی تەواوکردووە
 لە 2018ەوە لە دادگای فیدراڵی کاردەکات
جێگری سەرۆکی دادگای تەمیز و سەرۆکی دەستەی سزاکانبووە تیایدا
ئەندامی یەدەگی دادگای باڵای فیدراڵیی بووە


بە پەسەندکردنی ناوی دادوەر مونزیر بۆ پۆستی سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵیی، کێبڕکێی نێوان حاکم زێدان و حاکم جاسم بە سەرکەوتنی یەکەمیان کۆتایی هات و دووەمیان ناچاری خانەنشینبوونکرا و تەنها لەماوەی یەک هەفتەدا هەموو مامەڵەکانی بۆتەواوکرا و جێگرەوەی بۆ دەستنیشانکرا.

هەربۆیە رۆژی 1ی تەموز، دادوەر زێدان چووە بەشی سەرەوەی مێزە هێلکەییەکە و وەکو سەرۆکی سێبەری دادگای فیدراڵیی، کۆبوونەوەیەکی بە 12 ئەندامەکەی دادگای باڵای فیدراڵی کرد و بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەی 9 ئەندامەکەی هەڵوەشاندەوە و لەگەڵیاندا کۆبوویەوە.


گێچەڵکردن بە حاکم جاسم
حاکم جاسم عەبودی، ساڵی 2020 لەسەردەمی دکتۆر بەرهەم ساڵح، کە سەرۆککۆماری عێراق بوو، سوێندی یاسایی خوارد و دەستبەکاربوو، هەتا توانی بڕیاری گرنگ و یەکلاکەرەوەی لە دادگای فیدراڵی دەرکرد و چەندین دۆسیەی گرنگی بۆ تیمی دەسەڵات لە بەغداد یەکلاکردەوە.

یەکێک لەو بابەتانەی بۆ کاستی دەسەڵاتداری عێراق ئەنجامیدا، چەسپاندنی چەمکی "سێیەکی لەکارخستن - الثلث المعطل" بوو، بۆ ئەوەی رێگە نەدرێت براوەی هەڵبژاردن بتوانێت بە خواستی خۆی حکومەت پێکبهێنێت، بەڵکو دەبێت بگەڕێتەوە ناو هاوپەیمانییەکی گەورە و مەرجەکانیان پەسەند بکات و کاندیدێکی تەوافوقی سەربخرێت بۆ پۆستە باڵاکان، بە پێچەوانەوە سێیەکی ئەندامانی پەرلەمان دەتوانن کۆبوونەوەکە پەکبخەن و دەنگ نەدرێت بە سەرۆکی نوێی ئەنجومەنی وەزیران.

یەکێکی دیکە لە کارەکانی حاکم جاسم، بڕیاری راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بوو لەڕیگەی بۆری و بەندەری جەیهانی تورکیاوە، ئەوەش کۆتاییهێنا بە بیرۆکەی ئابووری سەربەخۆی هەرێمی کوردستان.

بڕیارێکی دیکەی گرنگی حاکم جاسم، فەرمانسالاری بەجێکردنی موچەی هەرێمی کوردستان و گەڕاندنەوەی داهاتە نەوتی و نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بوو، کە ئێستا لێکدانەوەی جیاوازی بۆدەکرێت و هێشتا حکومەتی هەرێم و حکومەتی بەغداد بە چەندین پاساو پابەند نەبوون پێوەی.

هەروەها حاکم جاسم چەندین بڕیاری گرنگی دیکەی بۆ راستکردنەوەی دۆخی کارگێڕیی و یاسایی لە عێراق ئەنجامدا، بەڵام بەرلەوەی دوو بڕیاری گرنگی دیکە دەربکات، تواناکانی لەکارخرا.
یەکەم/ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری پەرلەمان لەسەردەمی نوری مالیکی-دا بۆ گەڕاندنەوەی خاکی خۆر عەبدوڵا بۆ وڵاتی کوەیت پەسەندکرابوو، هەر بۆیە ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵیی بە دژایەتییەک دادەنرا بۆ نوری مالیکی، سەرۆکی دەوڵەتی قانون و یەکێک لە سەرکردە شیعیەکان و هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت.

دووەم/ دەرکردنی فەرمانسالاری بۆ حکومەتی عێراق بۆ ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، پاش ئەوەی وەزیری دارایی کە نزیکە لە گروپێکی حەشدی شەعبی (قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەهلی حەق)، بڕیاریدابوو ئیتر موچە نەنێرێت بۆ هەرێمی کوردستان، لەبەرئەوەی هەرێم پشکی لە بودجەی 2025دا نەماوە.

ئەو دوو بڕیارە بە دژایەتییەکی قوڵی سەرکردە باڵاکانی شیعە لەقەڵەم دەدرا، هەر بۆیە سەری حاکم جاسمی خوارد و پێدەچێت لە داهاتوودا دۆخێکی سەختتر بەڕێوەبێت بۆ بەلاداخستنی ناکۆکییەکانی هەرێمی کوردستان و بەغداد.

هێشتا نازانرێت ئەجێندای حاکم زێدان و سەرۆکە نوێیەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی چۆن دەبێت، بەڵام دەبێت هەرێم بزانێت کە ئایندەیەکی سەختی یاسایی و دەستوریی لە پێشیدایە.

حاکم زێدان سەرسەختانە کار بۆ هەموارکردنەوەی دەستوری هەمیشەیی عێراق دەکات، بەمەبەستی ئەنجامدانی گۆڕانکاریی ریشەیی لە دەستورەکەدا و دەستکارییکردنی هەندێک بڕگە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندیی بە دەسەڵاتی هەرێمەکان و خواستی پێکهێنانی هەرێمی دیکەیە لە سێ پارێزگادا.

More News

Most Popular

هەواڵ

رێککەوتن نەکراوە… حکومەتی عێراق کەی پارەی مووچە رەوانە دەکات؟

Mic
2025-07-16


حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان تا ئێستا لەسەر نەوت و داهاتی نانەوتی رێککەوتنیان نەکردووە، وتەبێژی حکومەت دەڵێت، لێک تێگەیشنەکە سەرەتاییە و دواتر دەبێت رێککەوتنێکی فراوان.

پرسی نەوت و داهاتی نەوتی خاڵی ناکۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بوو، دوای چەندین جار توانرا بگەنە لێکتێگەیشتنێکی سەرەتایی.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوەکەیدا بە روونی دانی پێداناوە لێکتگەیشتنە نەک رێککەوتن و رایگەیاندووە، پێشوازیی لێ دەکەن.

بەپێی لێکتێگەیشتنەکە هەرێمی کوردستان 230 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە و 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی رادەستی حکومەتی عێراق دەکات. حکومەتی عێراق لە بەرامبەردا مانگانە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رەوانە دەکات.

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دیجیتاڵ میدیای Micـی راگەیاند، لێکتگەیشتنەکە سەرەتاییە، دواتر هەردوو حکوومەت دەچنە ناو ڕێککەوتنێکی فراوانترەوە.

بەپێی زانیارییەکانی دیجتاڵ میدیایMic، تا ئەنجامدانی رێککەوتن پارە رەوانەی هەرێمی کوردستان ناکرێت و دوای رێککەوتنەکە حکومەتی عێراق دەست بە ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان دەکات.

تا ئێستا وادەی رێککەوتنەکە بە فەرمی دیاریی نەکراوە، بەڵام هەموو چاوەڕوانییەکان بەو ئاڕاستەیەن کە لە چەند رۆژی داهاتوودا رێککەوتنەکە بکرێت.

بەپێی رێککەوتنەکە وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ  دیجتاڵ میدیای Mic پشتراستکردوەتەوە، نابێت هیچ مووچەیەکی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بفەوتێت.