هەواڵ

ئەحمەد حاجی رەشید بۆ Mic: فەرمانی دەستگیکردنم هەیە بۆیە بەشداری کۆنگرەم نەکرد

Mic
2025-07-19

ئەحمەد حاجی رەشید ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی كۆمه‌ڵی دادگه‌ری بەهۆی ئەوەی بە تۆمەتی "هەڵبەستن و مامەڵەکردن دژی ئاسایشی نیشتمانی" فەرمانی دەستگیرکردنی هەیە نەیتوانی بەشدای کۆنگرەی پێنجەمی کۆمەڵ بکات لە هەولێر و دەڵێت، پاسەوانی بارەگاکان دەبم تا دێمەوە. 

 ئەحمەد حاجی رەشید ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی كۆمه‌ڵی دادگه‌ری کوردستان بە دیجیتاڵ میدیای Micـی راگەیاند، بەهۆی ئەوەی فەرمانی دەستگیرکردنی هەیە بەشداری کۆنگرەی پێنجەمی حزبەکەی نەکردووە. 

 

رونیکردەوە، جگەلە هۆکاری ئەو فەرمانە دەستگیرکردنە هیچ هۆکارێکی دیکە لە پشت بەشداریکردنییەوە نییە و پشتیوانی تەواوی کارەکانی کۆنگرە دەکات. 

 

 ئەحمەد حاجی رەشید لەگەڵ دەستپێکردنی کارەکانی کۆنگرەکی پێنجەمی حزبەکەی لە هەولێر؛ وێنەیەکی خۆی لە بەردەم باڵەخانەی ئەنجومەنی باڵای حزبەکەی لە سلێمانی بڵاوکردەوە.

 

ئەندامەکەی کۆمەڵی دادگەری لەسەر وێنەکە نوسیوویەتی، پاسەوانی بارەگاکان دەبم تا دێنەوە لەسەفەر و کارەکانی کۆنگرەی پێنجەم تەواو دەبێت. 

 

ئەحمەد حاجی رەشید لەبارەی دەستووەردانی کۆمەڵ بۆ چارەسەرکردنی كێشەکەی بە دیجیتاڵ میدیای Micـی وت،" قبوڵ ناکەم بۆم چارەسەر بکەن دەبێت یاسا یەکلایی بکاتەوە".

بەپێی نوسراوێک کە مانگی حوزەیران بڵاوکرایەوە، دادگای لێكۆڵینه‌وه‌ی هه‌ولێر لە نوسراوێکدا سه‌رجه‌م هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار ئاگادار کردوەتەوە، "له‌هه‌ر شوێنێك ئه‌حمه‌د حاجی ڕه‌شید، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی كۆمه‌ڵی دادگه‌ریتان بینی ده‌ستگیری بكه‌ن، چونكه‌ له‌ دادگا سكاڵای له‌سه‌ر تۆمار كراوه‌ و فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی بۆ ده‌رچووه‌".

 

فەرمانگەی لێکۆڵەرەوەی دادوەری لە دادگای لێکۆڵینەوەی هەولێر، بە نووسراوی 1980، داوای لە دادگای لێکۆڵینەوەی سلێمانی کردووە تۆمەتبارەکەیان بە دەستگیرکراوی ڕادەست بکات.

 

فەرمانی دەستگیرکردنەکە بە پێی ماددەی 226ـی یاسای سزادانی عێراقی دەرچووە، ئەوەیش دوای ئەوەی کەناڵی "عەهد " لە زاری ئەحمەد حاجی رەشیدەوە بڵایکردەوە،" هەندێک لایەنی کوردی خزمەتێکی گەورەیان پێشکەشی ئیسرایل کردووە و ئاسانکارییان بۆ ناردنی 10 هەزار درۆن بۆ خاکی ئێران کردووە". 

 

لە ماددەی 226 لەیاسای سزادانی عێراقیدا هاتوە"هەر كەسێك بەشێوەیەكی ئاشكرا سوكایەتی بە ئەنجومەنی گەل، حكومەت، دادگاكان، هێزە چەكدارەكان یان هەر دەستەیەكی نیزامی‌و دەسەڵاتێكی گشتی، بەرژەوەندی یان فەرمانگەیەكی فەرمی‌ و نیمچە فەرمی بكات، سزا دەدرێت بە زیندانیكردن بۆ ماوەیەك كە لە حەوت ساڵ زیاتر نەبێت یان حەبسكردنی یاخود غەرامەكردنی". 

 

دوای ده‌رچوونی فەرمانی دەستگیرکردنەکە، ئه‌حمه‌دی حاجی ره‌شید لە رونکردنەوەیەکدا بڵاویکردەوە"کەناڵی عەهد لێدوانیکی منیان بەشێواوی بڵاوکردووەتەوە، دوای قسەکردن لەگەڵ کەناڵی ناوبراو و ئاگادارکردنەوەیان، سکاڵای یاساییان لەسەر تۆمار دەکەم"، هەر بۆیە داوای لێبووردنیان کردووه‌، دوو سەرنووسەری کەناڵەکەیان لەکار دورخستووەتەوە و سەرجەم هەواڵەکەشیان لەته‌واوی گرووپی تیلیگرام و سۆشیال میدیاكانیان سڕییەوە.

 

رۆژی 19ـی تەمموزی 2025، کۆنگرەی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە شاری هەولێر دەستی بە کارەکانی کرد و بڕیارە دوو رۆژ بخایێنێت.

 

کۆنگرەکە بە بەشداری نزیکەی 900 ئەندامی کۆمەڵ بەڕێوەدەچێت، لە یەکەم رۆژی کارەکانیدا بە دەنگی ئەندامانی کۆنگرە، عەلی باپیر بە سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان هەڵبژێردرایەوە.

More News

Most Popular

هەواڵ

بەهۆی ئامادە نەبوونی داواکاران دادگای فیدراڵی دوو سکاڵای دژ بە هەرێمی کوردستانی ڕەتکردەوەبە

Mic
2025-07-20

دادگای فیدراڵی ئەو دوو سکاڵایەی دژ بە گرێبەستە نەوتی و غازییەکانی ئەم دواییەی هەرێمی کوردستان بوو ڕەتکردەوە و سکاڵای تایبەت بە پڕۆژەی ڕوناکی-شی بۆ 28ـی تەمموز دواخست.

دادوەرێکی دادگای فیدراڵی بە دیجیتاڵ میدیای MIC ڕاگەیاند: لە دانیشتنی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی کە تایبەت بوو بە سێ سکاڵا دژی هەرێمی کوردستان،  بەهۆی ئامادەنەبوونی داواکاران دادگا دوو سکاڵای تایبەت بە نادەستوریی بوونی گرێبەسەتە نەوتی و غازییەکانی هەرێمی کوردستانی ڕەتکردەوە و سکاڵای تایبەت بە پڕۆژەی ڕوناکی( کارەبای 24 ) کاتژمێریشی بۆ 28ـی تەمموز دواخست.

 ئەو دوو سکاڵایەی ڕەتکراونەتەوە لەلایەن ڕائید حەمدان مالیکی، ئەندامی لیژنەی یاسایی و باسم نەغیمش غەریباوی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق لەسەر گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێم دژی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەکان تۆمارکرابوون.

لە دو سکاڵاکەدا داوا کراوە گرێبەستەکانی نەوت و غازی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیای ئەمریکییەکانی وێسترۆن زاگرۆس و ئێچ کەی ئێن ئینێرجی بە نادەستوری و نادروست دابنرێت و بەتاڵبکرێنەوە، ڕێگەش نەدرێت بەبێ ڕەزامەندی بەغدا هەرێمی کوردستان گرێبەستی نەوت و غاز بکات.

لە یەکێک لە سکاڵاکان، داواکراوە فەرمان سالاری بۆ ڕاگرتنی دەستبەجێی گرێبەستەکان دەربکرێت تا سکاڵاکە یەکلایی دەکرێتەوە.

سکاڵای سێیەم لەلایەن سروە عەبدولواحید سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لەسەر سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە.

سکاڵاکەی سروە عەبدولواحید لەسەر پڕۆژەی ڕوناکی تۆمارکراوە، داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ژمارە 280 ئەنجومەنی وەزیران دەکرێت کە تایبەتە بە پڕۆژەی ڕوناکی.

بەگوێرەی سکاڵاکە، بڕیارەکە کە تێیدا ساڵانە بڕی 265 ملیار دینار بۆ پشتیوانیکردنی هاوبەشانی کارەبا تەرخانکراوە، پێویستە هەڵبوەشێنرێتەوە.