Tech

چارەنووسی میشێل ئاشکرا بوو

Mic
2024-03-14

دوای نزیکەی دوو مانگ لە بۆردوومانکردنی ماڵی پێشڕەو دزەیی، سەرمایەداری هەولێر، ئەنجامی پشکنینی DNAـی ئەو پارچانەی جەستە دەرچوو، کە لە ماڵەکەیدا دۆزرابوونەوە، ئەنجامەکان پشتڕاستیان کردەوە پارچەی جەستەی میشێل بوون.

میشێل مێندۆزای تەمەن 42 ساڵ، دایەنی کچەکەی پێشڕەو دزەیی بوو، لە شەوی بۆردوومانەکەوە بێسەروشوێن بوو. لە 23-1-2024 بەرگریی شارستانیی هەولێر رایگەیاند گەڕان لە ماڵی پێشڕەو دزەیی کۆتاییهات و چارەنووسی دایەنەکە نادیارە.

فەلاح ئەنوەر کەلهووری، کۆنسووڵی فەخریی فیلیپین ئەمڕۆ (پێنجشەممە،راگەیاند "دوێنێ ئەنجامی پشکنینی DNAـی ئەو پارچانەی جەستە کە لە ماڵی پێشڕەو دزەیی دۆزرانەوە، دەرچوو و دەرکەوت پارچەی جەستەی میشێل بوون."

بەگوێرەی راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر؛ شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییە فلیپینییەکە لە بەشی پێشەوەی ڤێلاکە بووە و لە بۆردوومانەکەدا ئەو بەشە بەتەواوەتی خاپوور بووە، بەڵام پارچەی لەشی مرۆڤیان دۆزیبووەوە، ئەو کاتە بەرگریی شارستانی گوتی "پارچەکانی جەستە رەوانەی تاقیگە کراون بۆ ناسینەوەیان."

شەوی 15-1-2024 سوپای پاسدارانی ئێران بە 11 مووشەک هێرشی کردە سەر شاری هەولێر و زیاتر لە نیوەیان بە ماڵی سەرمایەداری کورد پێشڕەو دزەیی کەوتن، بەهۆیانەوە پشڕەو دزەیی، ژینای تەمەن 11 مانگی کچی، هاوڕێیەکی بازرگانی و دایەنی منداڵەکەی گیانیان لەدەستدا.

More News

Most Popular

هەواڵ

بۆ دواخستنی هەڵبژاردن دەچێتە تاران

Mic
2024-05-05

پرسی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، نێجیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، ناچار دەکات روو لەتاران بکات و لەوێیەوە پرسەکە یەکلایی بکاتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، تائێستا ئێرانییەکان، هاوشێوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لایەنە ئۆپۆزسیۆنە ناوخۆییەکانی هەرێم سورە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە 10 ئ حوزەیرانی ئەمساڵدا، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان دەیەوێت هەڵبژاردنەکە جارێکی دیکە دوابخات.

بەرپرسانی پارتی، کورسی کۆتاکان و هەندێک کێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری دەنگدانیان کردۆتە بیانوو بۆ ئەوەی بەشداری هەڵبژاردنەکە نەکەن و داوای دواخستنی بکەن، بەڵام خوێندنەوەی ئەوەی دەکرێت پارتی بەتەواوی ترسی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکە هەیە و پێیوایە زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لەدەستدەدات و ئەگەری زۆرە نەتوانێت سەرۆکایەتی حکومەت بەدەستبهێنێتەوە.

هەر ئەوەشە وایکردوە کە زیاتر لە هەفتەیەکە نێچیرڤان بارزانی کەوتۆتە جوڵە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن و هەفتەی رابردووش لە بەغدا بوو، بەڵام ئەنجامێکی لەسەدا سەدی دەستنەکەوت.

رووی ئەمجارەی نێچرڤان بارزانی لە تارانە و دەیەوێت لەڕێگەی ئێرانییەکانەوە هەڵبژاردن دوابخات و رەزامەندی ئەوان بەدەستبهێنێت.

بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەو پرسە بگاتە تاران و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆبێتەوە.

داوای دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەکاتێکدایە کە زۆربەی رێکخرا و لایەنە نێودەولەتی و ناوخۆییەکان داوای ئەنجامدانی دەکەن و دواخستنی بە مەترسی بۆ سەر هەرێم دادەنێن.