NEWS TONIGHT
بە پێی توێژینەوەیەک کە کۆمەلێک زانای ئەلمانی و ئەمرێکی ئەنجامیان داوەو لە گۆڤاری بەناوبانگی Brain Structure and Function بڵاوکراوەتەوە، زاناکان ئاماژەیان بەوە داوە بێ دەنگی یەکێک لەو هۆکارانەی دەتوانێت ببێتە هۆی گەشەکردنی خانەکانی مێشک.
لە توێژینەوەکەدا، توێژەران کۆمەلێک مشکیان هێنا، و کۆمەلێک دەنگی جیاوازیان لەسەریان تاقیکردەوە هەر لە ژاوەژاو و مۆسیقا و بیدەنگی تەواو، بۆ ئەوەی بزانن کارێگەرییان چۆنە، ئەنجامەکان ئەوەیان دەرخست کە تەنها بێدەنگی تەواو بووەتە هۆی گەشەکردنی بەرچاوی دەمارە نوێیەکانی ناو مێشک کە ڕاستەوخۆ بەشدارە لە بیرەوەری و فێربوون و هەست و سۆزدا.
هەروەها ئاماژەش بەوە کراوە تەنانەت مۆسیقای کلاسیکیش کە بە شێوەیەکی نەریتی پەیوەستە بە باشتربوونی کارکردی مەعریفیەوە، وەک بێدەنگی کاریگەر نەبوو. توێژەران تێبینیان کردووە کە خانە تازە بەرهەم هێنراوەکان لە بێدەنگیدا نەک هەر ژمارەیان زیاترە، بەڵکو چانسی مانەوە و گەشەکردنیان بۆ دەمارەخانە چالاکەکان باشترە.
ئەم دۆزینەوە ئەوەمان بۆ پێشنیار دەکات ڕەنگە کاتی ئەوە هاتبێت کە ڕۆژانە تەنها دوو کاتژمێر بێدەنگی بە خۆمان بدەین، لەناو پەلەقاژەی ژاوەژاوی دیجیتاڵی و میدیا و فشاری ڕۆژانە و کارکردندا؛ نەک وەک تەنیایی، بەڵکو وەک دەرمانێکی ڕاستەقینە بۆ گەشەکردن و بنیاتنانەوەی دەروون.