ژیان

تاڵیی و شیرینییەکانی سێڵفی

Mic
2021-06-19

رەنگە ئێستا تۆ خاوەنی دەیان و سەدان وێنەی سێڵفی بێت، لەوانەیە بەلای خۆتەوە، جوانترین و باشترین وێنەکانت ئەوانەبن کە بە سێڵفی گرتووتن. بەڵام ئایا چی دەزانی سەبارەت بە وێنەی سێڵفی و لێکەوتەکانی؟
مرۆڤ هەمیشە حەزی بەوەیە وێنەیەکی خۆی و شوێن و کارەکەی بدات بەکەسانی بەرامبەری. بێگومان حەزەکەیش بۆ ئەوەیە وێنەکە وای نیشان بدات کە من هەم سەرکەوتووم هەم ئاسوودەم. 

 رەنگە لەم سەردەمەدا هیچ رێگەیەک بە قەدەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاسان نەبێ بۆ گەیاندنی ئەم وێنەیە بێگومان سێڵفی سەرتۆپی هەموویانە.
ئەمە یاسایەکی نەگۆڕە، هەر شتێ چاکەی هەبێ، لە بەرامبەردا کاندیدە بۆ ئەوەی خراپەیشی هەبێ. بۆیە گوێ لەم بابەتە بگرە تا سەبارەت بە یەکێک لە نەریت و کردەوەکانی رۆژانەی خۆت و دەوروبەرەکەت بزانی ئەویش وێنەی سێڵفییە.

خەون و خولیای وێنەی سێڵفی، لەوانەیە لەگەڵ یەکەم دروستبوونی کامێرادا لە دایکبووبێ، بەڵام تا سەردەمی گەشەکردنی مۆبایلی زیرەک، مرۆڤ نەیتوانی بەم خەون و خولیایە بگات وەکو ئێستا گەیشتووە.
بۆ یەکەمجار وشەی سێڵفی بۆ وێنەگرتن ساڵی ٢٠٠٢ لەلایەن پیاوێکی ئوسترالی بەناوی نیوتن هۆپ بەکارهات،ئەویش کاتێک وێنەیەکی خۆی لە ئینتەرنێت دابەزاندبوو، لەژێریدا نووسیبووی: لۆمەم مەکەن ئەگەر کواڵێتی وێنەکە جوان دەرنەچووە چونکە وێنەکەم بە سێڵفی گرتووە!
ئەو وشەیە بووە جێی بایەخی زمانناسانی ئینگلیزی، ئەوەبوو ساڵی ٢٠١٣ (فەرهەنگی وشەنامەی ئۆکسفۆرد) سێڵفی وەکو دەستەواژەی ساڵتۆمارکرد و بەمجۆرە پێناسەی کرد و خستیە ریزی دەستەواژە تازەکانەوە: بە وێنەیەک دەوترێ کە کەسێک لەڕێی مۆبایلە زیرەکەکەیەوە وێنەی خۆی دەگرێ و لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوی دەکاتەوە.
 وێنەی سێڵفی ئێستا یەکێکە لە دیاردە هەرە باوەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەڵام ئەم دیاردەیە بۆ دەروونناسان و کۆمەڵناسان بووەتە جێی باس و توێژینەوە. چونکە بەشێک لە کۆمەڵناسانی رۆژئاوایی ئەم دیاردە تازەیە دەبەستنەوە بە بۆچوونە زانستییەکانی دەروونناسان و کۆمەڵناسانی سەدەی پێشووەوە.
شارەزایانی هەڵسوکەوتە کۆمەڵایەتییەکان دەڵێن: هەموو سەردەمێک نەخۆشییەکی کۆمەڵایەتی تایبەت بەخۆی هەیە. بۆیە لای هەندێکیان سێڵفیگرتن دەچێتە چوارچێوەی نەخۆشییە کۆمەڵایەتییەکانەوە لەوانە: زیادەڕۆیی لە خۆپەرستیی و کەمبوونەوەی متمانەی گشتیی!


 زیانەکانی سێڵفی:
گۆرانیبێژی میللی کورد (ئارام شەیدا) لە گۆرانییەکدا دەڵێ:
لە سناپ دەڵێی خۆریت
کەچی خۆت رەش و بۆریت!

ئەم کۆپلەیە ئەگەرچی رەهەندێکی گاڵتەوگەپی هەیە زیاتر، بەڵام ئاماژەیەکی روونە بەوەی کە وێنەی سێڵفی توانایەکی زۆری هەیە لە فریودانی بەرامبەردا.

کۆمەڵناسان ئەم بەشەی سێڵفیگرتنیان ناوناوە گۆڕی متمانە، واتە متمانە زۆر کەم دەکاتەوە لە پەیوەندییە راستەوخۆکانی کۆمەڵدا.  لە وێنەی سێڵفیدا کات و شوێن بۆ وێنەگرتن دەکەوێتە دەست کەسەکە خۆیەوە.
 لە کاتی گرتنی وێنەی سێڵفیدا، توانای بڕینی دیمەنەکان و بچووککردنەوەی شتە خراپ و دزێوەکان لە هەمووکاتێک زیاترە.   

 

 لە سێڵفیدا، بەشە تێکچوو یان ناڕێکەکانی روخسار و لەشولار بە ئاسانی دەشاردرێتەوە. ئەمەش وادەکات کەسی بەرامبەر هەست بەو ناڕێکییە نەکات.

 بۆیە کاتێک یەکتر دەبینن و راستەوخۆ بەرامبەر یەکتر دەوەستن، دەبینن کەسانی ناو وێنەکانی سێڵفی زۆر جیاوازن لە کەسایەتییە راستەقینەکانی دەرەوە. ئەمەش کاریگەری خراپی دەبێت بۆ داهاتووی پەیوەندی و یەکترناسینەکان.

لە وێنەی سێڵفیدا، قەبارەی بەرزی یان نزمی باڵا نادیارە، بۆیە لێرەدا وێنەراستەقینەکە ون دەبێ تا ئەو ئەوکاتەی کەسەکان یەکتر دەبینن و راستەوخۆ بەریەکتر دەکەون. پاشان بۆیان دەردەکەوێ ئەوان وێنەی کەسێکی تریان دیوە و کەسێکی جیاوازتریان ناسیوە.
شارەزایانی بواری پەروەردەو پێگەیاندنی منداڵ روونی دەکەنەوە، ئەو بەشەی لەدەستدان یان کەمبوونەوەی متمانە بەهۆی وێنەی سێڵفییەوە، کاریگەری زۆری دەبێ لەسەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی منداڵ لە داهاتوودا.

 چونکە منداڵ زۆر زوو ئەو شتانەی دەیانبینێ،لەلای دەبێتە باوەڕ. کاتێکیش بەهۆی وێنەی سێڵفییەوە زۆر کەسی بینیوە بەو شێوازانەی دەرکەوتوون بەڵام لە راستیدا وا نین، متمانەی بە هەموو ئەو شتانە لەق دەبێ کە هێشتا راستەوخۆ بەریان نەکەوتووە.

خاڵێکی تری جێی سەرنج بۆ دەروونناسان ئەوەیە سێڵفی دەخەنە قاڵبی جۆرێک لە خۆپەرستی و خۆپەسەندییەوە. لە وێنەی سێڵفیدا ئەستەمە کەسەکە بە وێنەیەک یان دووان رازی ببێ، بەڵکو چەندینی تر دووبارە دەکاتەوە تا دەگات بەو وێنەیەی خۆی پەسەندی دەکات نەک ئەو وێنەیەی خۆی کە مۆبایلەکەی تۆماریکردووە.

یەکێکی تر لە لایەنە خراپەکانی سێڵفی ئەوەیە لە یەک کاتدا لاسایی ئەوانی تردەکاتەوە، بەڵام دەیەوێ لە هەمووانیش جیاوازبێ، ئەمەش وادەکات کەسەکە بێ ئەوەی بەخۆی بزانێت دەبێتە بەرهەمهێنەری درۆی روخسار و درۆی شوێنی.

لە پاڵ هەموو ئەو شتانەی کە بە خراپە هەژمار دەکرێن لەسەر وێنەی سێڵفی، بەڵام بەشی خۆی لایەنی ئەرێنیشی هەیە، بۆ نموونە: دەتوانی هەندێک رووداو تۆماربکەی، کە متمانە و هاوسەنگی دەبەخشن بە کردەوەکانت، کە ئەگەر سێڵفییەکانت نەبێ بەرامبەرەکانت بە ئاسانی نەتوانن بڕوات پێ بکەن.

بێ ئەوەی هیچ کەسێک ماندوو بکەیت تا وێنەیەکت بگرێت، ئەوا بۆ خۆت دەتوانی هەموو ئەو رووداوانەی لە ژیانتا روو دەدەن یان ئەو دیمەنانەی گرنگن بۆت، بە دەستی خۆت تۆماریان بکەی. ئەمەش دەبێتە جۆرێک لە نووسینەوەو تۆمارکردنی مێژووی تایبەتیت.

سێڵفی هانت دەدات بەشدارییەکی زیاتر بکەی لە چالاکییە کۆمەڵایەتییەکانتدا ودەبێتە هۆی شکاندنی شەرم و رقلێبوونەوە لە خۆت. هەروەها هەندێک دیمەن خۆت تۆماریان دەکەیت کە رەنگە هەرگیز لە رووت نەیەت بە خەڵکی تر بڵێیت کە وێنەی ئەو شوێنە یان ئەو دیمەنەی خۆت بچرکێنێت.

بەڵام لە بیری نەکەیت، لە هەموو حاڵەتێکدا سێڵفی دەبێتە گۆڕی متمانە ئەگەر زیادەڕۆیی زۆرت کرد لە گۆڕینی روخسار و شوێنەکەت. چونکە سێڵفی توانای کەمە بۆ گواستنەوەی شتە راستەکان، بەڵام بۆ فریودان و لە خشتەبردن سێڵفی دەتوانێ موعجیزە بخولقێنێ!

More News

Most Popular

هەواڵ

دوو کۆبونەوەی باڵا نەیتوانی مووچە دابەشبکات و ئەنجامی دوو کۆبونەوەی دیکە ماوە

Mic
2025-07-14


کۆبونەوەی دادگای باڵای فیدراڵی و کۆبونەوەی لوتکەی یەکێتی و پارتی هیچ هەواڵێکی خۆشیان بۆ مووچە خۆران پێنەبوو، بڕیارە لە 24 کاتژمێری داهاتوودا دوو کۆبونەوەی باڵا لە بەغدا بەڕێوەبچێت و تێدا پرسی موچەی هەرێم تەوەری سەرەکی دەبێت.

ئەمڕۆ 14ـى تەمموز، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق تایبەت بە دوو سکاڵا لەبارەی نەناردنی مووچەی هەرێمی کوردستانەوە کۆبووەوە، هەرچەندە موچە خۆران چاوەڕێبوون دادگا بڕیاری ناردنی مووچە بدات، بەڵام دادگاکە بڕیاردانی لەسەر سکاڵاکان بۆ 28ـی تەمموز دواخست.

پرسی مووچەی مووچە خۆرانی هەرێم، ئەمڕۆ پارتی و یەکێتی لە ئاستی باڵادا کۆکردەوە، شاندی یەکێتی بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی لەگەڵ شاندی پارتی بە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی کۆبونەوە.

دوای کۆتاییهاتنی کۆبونەوەکە، راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە کە بەشێکی تایبەتبوو بە پرسی مووچە و ئاماژە بەوەکراوە، هەموو هەوڵەکان چڕ بکرێنەوە بۆ چارەسەری کێشە و دابینکردنی مووچە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان
وابڕیارە ئەمشەو، کۆبونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگیی بەڕێوەدەچێت، کە لە لایەنە سەرەکیە شیعەکانی ناو حکومەت پێکهاتووە، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئامادەی کۆبونەوەکە دەبێت و پرسی ناردنی مووچەی هەرێم تەواوەرێکی کۆبونەوەکە دەبێت.

سبەینێ، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە و تاوتوێی ئەو راپۆرتە دەکات، کە لیژنە وەزارییەکەی حکومەتی عێراق ئامادەی کردووە لەسەر پرسی مووچەی هەرێم.

شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە میدیای حزبەکەی راگەیاندووە، دواخستنی دانیشتنەکەی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی هیچ یاسایی نەبوو، تەنیا نەیانویست بڵێن لە تواناماندا نییە بڕیار بدەین، دواخستنی دادگای فیدراڵی بۆ 28 مانگ پەیامێکی ناراستەوخۆیە کە ناتوانن مووچە بنێرن.

لەبارەی هەڵوێستی فراکسیۆنی پارتی لە بەرامبەر دواخستنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان وتی: کۆتا وادەی چاوەڕوانیمان یەک هەفتەی دیکەیە و ئەگەر تا ئەو کاتە پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چارەسەر نەکرێت، هەڵوێستمان دەبێت.