ژیان

رۆستی قەڕنابیت؛ ژەمێکی تەندروست و ئاسان بۆ ئامادەکردن

سەرچین ساڵح رۆپیتەن
2021-06-20

ئامادەکردنی ژەمی سەوزەوات تەندروستتر و ئاسانترە بەتایبەت ئەوکاتانەی پەلەمانە و فریای دروستکردنی ژەمە قورسەکان ناکەوین، یان ئەو کاتانەی دەمانەوێت کەمێک بەزەیمان بە گەدەماندا بێتەوە.

ڕەنگە خوێندنەوەی ئەم بابەتە بۆ کەسێک نەگونجێت کە هەفتەی چەند جارێک برنج و شلە و قۆزی بخوات، بەڵام بۆ ئەوانەی بیر لە تەندروستی خۆیان دەکەنەوە باشترین بژاردەیە.

کاتێک  باسی قەڕنابیت دەکرێت، زیاتر وەک جۆرە سەوزەیەکی خاو بیری لێدەکرێتەوە، بەڵام ئەگەر بە سۆسی ماست و سیر ئامادەی بکەیت تامێکی جیاوازی هەیە، هەرچەندە کەمێك شیرینە کاتێك تامی دەکەیت، بەڵام نەک هێندەی پاقلاوە شیرین بێت. ئەگەر کەمێک نەعنای تێکەڵاو بکەیت بۆنێکی خۆش و فرێشی پێدەبەخشێت و هاوسەنگی دەدات بە تامەکەی.

 

رۆستی قەڕنابیت بە سۆسی ماست و سیر پێویستی بە ٤٠ خولەكە بۆ ئامادەکردن، بەتایبەت بۆ ٤ کەس. ئەوەی پێویستە هەتبێت بۆ دروستکردنی ئەم ژەمە خۆراکە:
 نیو کیلۆ قەڕنابیت بە پارچەکراوی
بەهاراتی کاری
چوار کەوچکی قاوە زەیتی زەیتون
کەوچکێکی چا زیرە( کەمون)
یەك کەوچکی  چا کەزبەرە
یەك کەوچکی چا زەردەچەوە
یەك کەوچکی چا پاپریکا
یەك کەوچکی چا بەهاراتی بیبەری شیرین
یەك کەوچکی چا خوێ
دە گرام گەڵای نەعنای وشک
یەك پارچەی بچوک سیر
٢٤٠ گرام ماست (باشتر وایە ماستی کوردی نەبێت) 
ئاوی لیمۆیەک بەپێی حەزی خۆت

ئینجا کاتی ئەوەیە کەمێک سەر کەوانتەرەکە شپرزە بکەیت و دەست پێبکەیت. پێش هەموو شتێک فڕنەکە گەرم بکە لەسەر ٢٢٠ پلە، کاغەزی برژاندن و ئەلەمنیۆم لەسەر سینیەکە دابنێ (دواتر ئاسانیش دەبێت بۆ پاککردنەوە).

لە قاپێکی قوڵدا قەڕنابیتەکان لەگەڵ  زەیتەکە و کارییەکە، زیرە، زەردەچەوە، پاپریکیا، کەزبەرە، بەهاراتی بیبەری شیرین تێکەڵ بکە.
دواتر کاغەزی فڕنەکە چەور بکە و هەموو قەڕنابیتەکانی لەسەر بڵاوبکەرەوە، ئێستا ئامادەیە بۆ برژاندن.

لەکاتی برژاندنەکە کات بەفیڕۆ مەدە و سۆسەکە ئامادە بکە، سەرەتا جوان سیرەکە ورد بکە و تێکەڵی بکە لەگەڵ ماستەکە و ئاوی لیمۆی بۆ زیاد بکە لەگەڵ خوێ، بیخەرە ناو ساردکەرەوەکەت.

جار جار سەیری ناو فڕنەکە بکە، چونکە کاتێک ڕەنگی قەڕنابیتەکە ئاڵتونی و قاوەیی بوو واتە ئامادەیە بۆ دەرهێنان و تێکەڵ کردن لەگەڵ سۆسەکە.  پێش ئەوەی تێکەڵەکە ببەیتە سەر خوانەکەت دڵنیابە کە نەعنا وشەکەکە بپروێنی بەسەریدا، ئێستا دەتوانیت تامی بکەیت و خواردنێکی بەلەزەت نۆش بکەیت.

 

More News

Most Popular

تەندروستی

بەکارهێنانی مەیکەپی دژە ئاو مەترسیدارە؟

Mic
2025-10-04

توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری زانستی ژینگە و تەکنۆلۆژیادا بڵاو کراوەتەوە ئاماژەی بەوە داوە، بەشێک لە بابەتی جوانکارییەکان کە ئەمڕۆ بەکار دێت، ڕێژەیەکی زۆر لە ماددە کیمیایییە ژەهراوییەکان لە پێکهاتەیاندا هەیە وەک پۆڵی فلۆرۆ ئەڵکیل (PFAS ) . کە بەداخەوە لە پێکهاتەی ماددە جوانکارییەکاندا ئەم ماددە نانووسرێت بۆ ئەوەی خەڵک هۆشیار بێت.

ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) باس لەوە دەکات، بەشێک لە بابەتە جوانکارییەکانی وەکوو بۆیەی نینۆک و کرێمەکان و سوراو و قەڵەم چاو و ماسکەرا، دەکرێت ئەم ماددانەی تێ بکرێت بۆ ئەوەی زۆرتر بە درەوشاوەیی دەربکەوێت. بۆیە زۆر گرنگە ئەو بابەتە جوانکارییانە بەکار دێت کە دڵنیان لەوەی ئۆریجیناڵە و کوالێتی بەرزە.