ژیان

ئەنجامدانی نەشتەرگەری بڕینی گەدە بەهۆی توانجی خەڵكەوە زیادی کردووە

Mic
2021-07-03

بەم دواییانە نەشتەرگەری بڕین و بچووککردنی گەدە ڕووی لە زیادبوون کردووە بەهۆی ئەوەی کەسانێکی زۆر کە بەدەست کێشی زیادەوە دەناڵێنن دوای هەوڵدانی جۆراوجۆر لە کێش دابەزاندن سەرکەوتوو نەبوون، هەندێکیشیان تەنها لەبەر توانجی خەڵک ئەنجامیانداوە.

لەم نەشتەرگەریەدا، كه‌ پێی ده‌ڵێن "Gastric Sleeve"، بەشێک لە گەدە بە ڕێژەی ٨٠٪ دەبڕدرێت و قەبارەکەی بچوك دەکرێتەوە. بچوکردنەوەی گەدە ڕێژەی ئەو خواردنە دیاری دەکات کە کەسێک دەتوانێت بیخوات.

ئەم نەشتەرگەرییە دەبێتە هۆی گۆڕانکاری هۆڕمۆنی کە بۆ لەدەستدانی کێش یارمەتیدەرە. ئەم نەشتەرگەرییە یەکێکە لەو نەشتەرگەریانەی ئامانجی کەم کردنەوەی کێشە و بە نەشتەرگەری قەڵەوی دەناسرێت.

بەپێی وتەی پسپۆران، کێشی زیادە هۆکاری زۆری هەیە کە هۆکاری ژینگەیی، بۆماوەیی، هۆڕمۆن، کارکردن، خوێندن، چواردەوری کۆمەڵایەتی دەگرێتەوە و هەریەکەیان دەبنە هۆکارێکی سەربەخۆ بۆ زیادخۆری.

لەگەڵ ئەوەی چەندین توێژینەوە هەیە دەیسەلمێنن کێشی زیادە پەیوەندی بە لاوازی ئیرادە و هەڵبژاردن نییە، بەڵام وێنایەکی نەرێنی و شەرمەزارکەرانە لەلایەن کۆمەڵگاوە دروستکراوە بەرامبەر ئەو کەسانەی بەهۆی کێشی زیادەوە دەناڵێنن.

لەلایەکی دیکەوە فشاری خێزانی و میدیایی و تەنانەت پزیشکیش هەن، کە وادەکەن ئەو کەسانە هەست بە شەرمەزاری و خۆبەکەم زانین بکەن، ئەمەش دەبێتە  هۆی زیادخۆری و کێش زیادکردن.

جگە لەوەش، دەکرێت کێشی زیادە پەیوەندی هەبێت بە کێشەی تەندروستی وەک نەخۆشی شەکرە و بەرزبونەوەی پەستانی خوێن و نەخۆشییەکانی دڵ و بۆری خوێن.

لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا مەرج نییە هەر کەسێک کێشی زیادی هەبێت نەخۆش بێت یاخود تووشی نەخۆشی بێت و کەسێکی خاوەن کێشی ئاسایی هەمیشە بە لەشساغی بمێنێتەوە.

زۆر لەو کەسانەی بڕیاری ئەنجامدانی ئەم نەشتەرگەریە دەدەن دەڵێن بە هۆی ڕاوبۆچونی دەوروبەریان و چۆنیەتی بیرکردنەوەیان ئەو کارە دەکەن، هەمان ئەو کەسانە دەڵێن بۆ ئاسوودەی خۆیان هەوڵی دابەزاندنی کێشیان داوە بێ گرنگیدان دەوروبەر.

زۆربەی زۆریان خەڵک بە دڵڕەق ناودەبەن و دەڵێن کە ئەو نەشتەرگەریەیان کردووە لەبەر نەهێشتنی سەیرکردن و توانجی خەڵك بووە نەك کێشی زیادەی لەشیان.

دوای لەدەستدانی کێشێکی زۆر و گۆڕانکارییەکی گەورە لە جەستەیاندا، زۆربەیان دەڵێن کە لەگەڵ ئەوەی ئێستا هەست بە جوانتر و تەندروستر دەکەن بەڵام لەهەمان کاتدا هەست بە نامۆیی دەکەن  و هەستێکی سەیریان بۆ دروست بووە.

زۆربەیان تووشی خەمۆکییەکی زۆر دەبن و ناچاردەبن چارەسەری چڕ وەربگرن و دان بەوەدا دەنێن ئەگەر کات بگەڕێتەوە هەمان نەشتەرگەرییان ئەنجام نەدەدا.



More News

Most Popular

هەواڵ

دوو کۆبونەوەی باڵا نەیتوانی مووچە دابەشبکات و ئەنجامی دوو کۆبونەوەی دیکە ماوە

Mic
2025-07-14


کۆبونەوەی دادگای باڵای فیدراڵی و کۆبونەوەی لوتکەی یەکێتی و پارتی هیچ هەواڵێکی خۆشیان بۆ مووچە خۆران پێنەبوو، بڕیارە لە 24 کاتژمێری داهاتوودا دوو کۆبونەوەی باڵا لە بەغدا بەڕێوەبچێت و تێدا پرسی موچەی هەرێم تەوەری سەرەکی دەبێت.

ئەمڕۆ 14ـى تەمموز، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق تایبەت بە دوو سکاڵا لەبارەی نەناردنی مووچەی هەرێمی کوردستانەوە کۆبووەوە، هەرچەندە موچە خۆران چاوەڕێبوون دادگا بڕیاری ناردنی مووچە بدات، بەڵام دادگاکە بڕیاردانی لەسەر سکاڵاکان بۆ 28ـی تەمموز دواخست.

پرسی مووچەی مووچە خۆرانی هەرێم، ئەمڕۆ پارتی و یەکێتی لە ئاستی باڵادا کۆکردەوە، شاندی یەکێتی بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی لەگەڵ شاندی پارتی بە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی کۆبونەوە.

دوای کۆتاییهاتنی کۆبونەوەکە، راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە کە بەشێکی تایبەتبوو بە پرسی مووچە و ئاماژە بەوەکراوە، هەموو هەوڵەکان چڕ بکرێنەوە بۆ چارەسەری کێشە و دابینکردنی مووچە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان
وابڕیارە ئەمشەو، کۆبونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگیی بەڕێوەدەچێت، کە لە لایەنە سەرەکیە شیعەکانی ناو حکومەت پێکهاتووە، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئامادەی کۆبونەوەکە دەبێت و پرسی ناردنی مووچەی هەرێم تەواوەرێکی کۆبونەوەکە دەبێت.

سبەینێ، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە و تاوتوێی ئەو راپۆرتە دەکات، کە لیژنە وەزارییەکەی حکومەتی عێراق ئامادەی کردووە لەسەر پرسی مووچەی هەرێم.

شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە میدیای حزبەکەی راگەیاندووە، دواخستنی دانیشتنەکەی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی هیچ یاسایی نەبوو، تەنیا نەیانویست بڵێن لە تواناماندا نییە بڕیار بدەین، دواخستنی دادگای فیدراڵی بۆ 28 مانگ پەیامێکی ناراستەوخۆیە کە ناتوانن مووچە بنێرن.

لەبارەی هەڵوێستی فراکسیۆنی پارتی لە بەرامبەر دواخستنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان وتی: کۆتا وادەی چاوەڕوانیمان یەک هەفتەی دیکەیە و ئەگەر تا ئەو کاتە پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چارەسەر نەکرێت، هەڵوێستمان دەبێت.