چەکی ئەتۆمیی، داهێنانی زانایەکی
ئەمریکی بە رەگەز جووە، زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە هەڕەشەیە لە زەوی دەکات، ئێستا پاساوی
جەنگی ئێران و ئیسرائیل و ئەمریکایە و وێرانکردنی وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران مەترسی
پیسبونی ژینگەی دروسدەکات.
ئۆپنهایمەر، رەنگە
لای زۆرێکمان تەنها ناوی فلیمێکی سینەمایی ئەمریکی بێت، بەڵام لە راستیدا
ئۆپنهایمەر "باوکی چەکی ئەتۆمی"ە، ئەو زانایەیە دوای ئەوەی چەکی ئەتۆمی داهێنا،
چەکەکە بووە بە "وێرانکاری جیهان" و رێڕەوی مێژووی جیهانی بەیەکجاریی
گۆڕاوە.
جولیەس رۆبەرت
ئۆپنهایمەر، کە زانایەکی زانستی فیزیا بوو خاوەنی بیردۆزی خەمڵاندنی کردەی شەپۆلە ئەتۆمییەکانە، لە 22ـی نیسانی 1904 لە نیویۆرکی
ئەمریکا لەدایکبووە، دایک و باوکی لە رەچەڵەکەدا جووی ئەڵمانی بوون و لە ئەمریکادا
ببوونە پەنابەر.
ئۆپنهایمەر برایەکی
لە خۆی بچووکتری هەبوو بەناوی فرانک، کە دواتر ئەویش دەبێت بە فیزیازان، جولیەس
هێندە ئاشقی فیزیا بووە کە هەر کاتێک براکەی لەبارەی هاوڕێیەتیەوە پرسیاری
لێکردووە، ئەو لە وەڵامدا وتویەتی، "من فیزیام زیاتر لە هاوڕێ پێویسترە".
باوکی ئۆپنهایمەر
یەکێک بووە لە بازرگانانی قوماش لە ئەمریکا، دایکیشی وێنەکێش بووە و یەکێک بووە لە
هونەرمەندە دەستڕەنگینەکانی سەردەمی خۆی.
تواناکانی
ئۆپنهایمەر هەر لە منداڵییەوە دەرکەوتوون، لەگەڵ ئەوەی خوێندکارێکی زیرەک و جیاواز
بووە، بەردەوامیش گرنگی بە خوێندنەوە داوە.
فەلسەفەی یۆنانی و
لاتینی زۆرینەی ئەو ناونیشانانە بوون کە ئۆپنهایمەر هەر لە سەرەتای فێربوونی بە
خوێندنەوە و نوسین پێیان ئاشنا بووە.
ئۆپنهایمەر هاوشانی
خواستە زۆرەکەی بۆ فەلسەفە، گرنگیشی بەهیوا و ئامانجە هەمیشەییەکەی داوە کە بواری
کانزا و تاقیکردنەوە زانستییەکان بووە.
داهێنەرە
ئەمریکییەکە دوای تەواوکردنی خوێندنی ئامادەیی، لە زانکۆ هارڤارد کە یەکێکە لە
زانکۆ بەناوبانگەکانی جیهان، کورسییەکی خوێندن لە بواری کیمیا وەردەگیرێت.
ئەگەرچی ئۆپنهایمەر
زۆر لە خەونەکەیەوە نزیک دەبێتەوە، بەڵام ناتوانێت ساڵی یەکەم بخوێنێت، بەهۆی
ئەوەی پێش دەستپێکردنی وەرزی خوێندن لە ئەنجامی تێکەڵکردنی دوو ماددەی دژ بەیەکدا
تەقینەوەیەک لە ماڵەکەیاندا روودەدات و برینداردەبێت.
ئۆپنهایمەر دوای
ئەوەی خوێندن لە زانکۆی هارڤارد تەواو دەکات، بۆ درێژەدان بە خەونەکەی دەچێتە
بەریتانیا و لە زانکۆی کامبریج درێژە بە خوێندن دەدات.
لەساڵی 1926، لە
دوای دەرچوونی لە زانکۆی کامبریج، ئۆپنهایمەر روودەکاتە زانکۆی گۆتنگینی ئەڵمانیا
کە ئەوکات باشترین زانکۆی جیهان بووە لە بواری فیزیادا.
لەو زانکۆیە،
ئۆپنهایمەر دکتۆرا لە فیزیا و دواتریش لە فەلسەفەدا دەهێنێت. هەر لەو ماوەیەدا،
ئۆپنهایمەر چەندین توێژینەوەی زانستی بڵاودەکاتەوە بەتایبەتی لە بواری میکانیکی
کوانتەم کە زانستی فیزیاییە و باس لە تەنۆلکە بچووکەکانی بۆشایی ئاسمان دەکات.
دوای ئەوەی
دەگەڕێتەوە بۆ ئەمریکا، لە ساڵی 1929 دا لە زانکۆکانی کالیفۆڕنیا دەستی بە وتنەوەی
وانە کرد.
زۆرن ئەوانەی وەک
ئەزمونێکی مەزن باس لە وانەکانی ئۆپنهایمەر دەکەن و پێیان وایە، \بیردۆزەکانی
فیزیا و تاقیکاریەکان لە سەردەمی ئەودا گەشەیانکردووە.
لە ساڵی 1939، دوای
ئەوەی فرانکلین رۆسڤێلت، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا پرۆژەی لێکۆڵینەوە لە
بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی پەسەند دەکات، ئۆپنهایمەر لەگەڵ فیزیازانە دیارەکانی
ئەمریکا دەستنیشانکرا بۆ ئەوەی دەستبکەن بە لێکۆڵینەوەی فراوانتر لە توانای چەکی
ئەتۆمدا.
کارەکان لە ژێر
ناوی نهێنی پرۆژەی مانهاتن بەڕێوەدەچوون، ئامانجی کارەکە بریتیی بوو لە
بەکارهێنانی وزەی ئەتۆمی بۆ مەبەستی سەربازی کە زۆرینەی سەرچاوەکان ئۆپنهایمەر وەک
سەرپەرشتیاری تیمەکە دەناسێنن.
لە مانگی ئەیلولی
ساڵی 1942، بەشێکی کارەکانی ئەو تیمە گەیشتنە ئەنجام و بۆیان دەرکەوت دەتوانن بۆمبی
ئەتۆمی دروستبکەن.
هەر لەو ساڵەدا
کارەکانی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی دەستیانپێکرد، ساڵی 1943، ئۆپنهایمەر و تیمەکەی
فەرمانیان پێکرا دەست بە دروستکردنی کڵاوەی ئەتۆمی بکەن و بۆ ئەو مەبەستەش
تاقیگەیەکی توێژینەوەیان لە ناوچەی لۆس ئالمۆس، لە ویلایەتی نیو مەکسیکۆی ئەمریکا
دامەزراند.
دوای کارکردن و
بەرهەمهێنانی ئەو بۆمبە، ئۆپنهایمەر و تیمەکەی توانیان یەکەم تاقیکردنەوەی بۆمبی
ئەتۆم لە تەمووزی 1945 ئەنجام بدەن و یەکەم بۆمبی بەرهەمهاتوو بە سەرکەوتوویی تاقیبکەنەوە.
پاش یەک مانگ لە
تاقیکردنەوەکە، ئۆپنهایمەر و تیمەکەی دوو بۆمبی دیکەی ئەتۆمیان دروستکرد کە دواتر
دژی ژاپۆن بەکارهێنران.
ملنەدانی ژاپۆن بە
کشانەوەی سوپاکەی لە زەریای هێمن، ئەمریکای ناچار کرد بیر لە بەکارهێنانی بۆمبە
نوێیە وێرانکارەکەی بکاتەوە، ئەوە بوولە 6ـی ئابی 1945دا، یەکەمجار شاری هێرۆشیما
بە بۆمبی ئەتۆم کرایە ئامانج و سێ رۆژ دواتریش لە 9ـی ئابدا، شاری ناکاساکی کرایە
ئامانج.
لە هێرشی ئەتۆمی
ئەمریکا بۆسەر ژاپۆن کە چەند رۆژێک بەر لە کۆتایی هاتنی جەنگی دووەمی جیهانی
ئەنجامدرا، 140 هەزار کەس لە هێرۆشیما و 74 هەزار کەس لە ناکاساکی گیانیانلەدەستدا.
بەپێی بەڵگەنامەکان
کە دوای چەند ساڵێک لە مردنی بڵاوکرانەوە، ئەگەرچی جولیەس رۆبەرت ئۆپنهایمەر
لەسەرەتادا لەگەڵ دروستکردنی چەکی ئەتۆمدا بووە، بەڵام دواتر پەشیمان بووەتەوە.
یەکێک لە
بەڵگەنامەکان کە ساڵی 2024 لە زیادکردنێکدا فرۆشرا، نامەیەکی ئۆپنهایمەر بوو،
تیایدا ترسی خۆی خستووەتەڕوو سەبارەت بە بەکارهێنانی داهێنانی چەکی ئەتۆم لەداهاتوودا.
ساڵی 1954 بەهۆی
پەیوەندییە کۆمۆنیستەکانی پێشووترییەوە، تۆمەتی ئەمنی و دژایەتیکردنی لەگەڵ
سیاسەتی ئەتۆمی ئەمریکا خرایە پاڵ، بەو هۆیەوە سەرجەم پۆست و کارە حکومییەکانی
لێوەرگیرایەوە، بەڵام ساڵی 2022 حکومەتی ئەمریکا بە فەرمی بڕیارەکەی ساڵی 1954ـی
هەڵوەشاندەوە و هەموو ئیمتیازە مەعنەوییەکانی بۆ گەڕاندەوە.
ئۆپنهایمەر،
ئەگەرچی لە سەرەتاکانی تەمەنیدا کەسێکی لەسەرخۆ و ئارام بووە، بەڵام بەهۆی فشارە
زۆرەکانی کارکردنەوە نیشانەکانی هەڵچوون و زوو توڕەبوونی تێدا دەردەکەوێت.
کار بەشێوەیەک فشار
بۆ ئۆپنهایمەر دەهێنێت کە لە ساڵانی سەرقاڵیدا بەشێوەکی تەواو لە بەشێک لە
ژەمەکانی خواردن دوردەکەوێتەوە و بەشێوەیەکی بەردەوام جگەرە دەكێشێت.
کێشانی جگەرە زوو
کاریگەریی لەسەر تەندروستی ئۆپنهایمەر دروستکرد، توشی شێرپەنجەی قوڕگ بوو، 18
شوباتی 1967 لە شاری پرینستن لە ویلایەتی نیوجێرسی کۆچی دوایی کرد.
پاش سێ چارەکە سەدە
لە مردنی، ناوی جولیەس رۆبەرت ئۆپنهایمەر، لە فیلمێکی هۆڵیودی ئەمریکا زیاتر دەنگی
دایەوە و براد بیت رۆڵی ئەو زانایەی ئەتۆمی دەبینی.
فیلمی “ئۆپنهایمەر”
لە دەرهێنانی کریستۆفهر نۆڵان و نواندنی کیلیان مۆرفی-ە، باس لە ژیاننامەی جولیەس رۆبەرت
ئۆپنهایمەر دەکات، سەرکەوتنێکی بەرچاوی لە سینەماکاندا بەدەستهێنا، داهاتەکەی
گەیشتە یەک ملیار دۆلار.
فیلمەکە توانی لە
چوارچێوهی 96 هەمین خولی خەڵاتەکانی ئۆسکار بۆ ساڵی 2024 کە لە شانۆی دۆلبی لە
لۆس ئەنجلۆس بەڕێوەچوو، خەڵاتی باشترین فیلمی بەدەستهێنا.
نزیکەی 80 ساڵە
ئۆپنهایمەر چەکی ئەتۆمی داهێناوە، بەڵام لەگەڵ دروستبوونی هەڕەشەی بەکارهێنانی
چەکی ئەتۆمیی و هێرشکردنە سەر وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران و مەترسییەکانی پیسبوونی
ژینگە بەهۆی بڵاوبوونەوەی تیشکە ئەتۆمییەکان، جیهان ناوی ئۆپنهایمەری بیر
دەکەوێتەوە، بۆ ئەو داهێنانەی مەترسییە لەسەر گۆی زەوی.