قۆناغی باڵغبوون گۆڕانکاریەکی زۆر دەهێنێت بەسەر جەستەدا، پێست و قژ زۆر بە ئاسانی چەور دەبن و هەموو ڕۆژێك مووی زیاتر لە شوێنە جیاجیاکانی جەستە دەڕوێت، هەندێك جاریش کەسانی تازە پیگەشتوو بێ هۆکار ئارەق دەکەنەوە و بۆن لە جەستەیان دێت، بەڵام هەموو ئەمانە گۆرانکاری سروشتین لە هەمان کاتیشدا چارەسەریان هەیە.
ئەم گۆڕانکاریانە ئاسایین کاتێك دەبینە کەسێکی پێگەیشتوو بەڵام دەگونجێت هەندێکیان ببنە سەرچاوەی دوودڵی. کەس هەیە خەمی ئەوەی نەبێت بن باڵی بۆنی ناخۆشی لێبێت ؟
لە خوارەوە چەند زانیاریەك دەربارەی چەند بنەمایەکی سەرەکی پاکوخاوێنی ئامادەکراون بۆ ئەوەی بزانیت چۆن مامەڵە لەگەڵ گۆرانکارییەکانی جەستەدا بکەیت کاتێک بەرەو باڵغبوون هەنگاو دەنێیت.
قژی چەور
ئەو هۆرمۆنانەی وادەکەن زیپکە دروست ببێت هەمان هۆرمۆنن وادەکەن هەستبکەیت بە شانەیەکی ڕۆناوی قژت دادەهێنیت. هەموو تاڵێکی قژت دەرچەیەکی چەوری تایبەت بە خۆی هەیە کە وادەکات قژت بریقەدار و دژە ئاو بێت، بەڵام لە قۆناغی باڵغبووندا ئەو دەرچانە ڕۆن و چەوری زیاتر دەردەدەن و وادەکەن قژت بریقەدارتر و چەورتربێت.
ڕۆژانە قژ شتن وادەکات کۆنتڕۆڵی چەوری قژت بکەیت، بۆیە ئاوی گەرم و بڕێکی کەم لە شامپۆ بەکار بهێنە بۆ ئەوەی کەفێکی کەم دروست بکەیت. توند و بەهێز سەرت مەشۆ چونکە ئەمە هێندەی پێستی سەرت بریندار دەکات و زیان بە قژت دەگەیەنیت هێندە چەوری قژت لانابات.
ئارەق کردنەوە و بۆنی لەش
ئارەقکردنەوە لەو کونیلەی ئارەقانەوە دێن کە هەمیشە لە لەشتدا بوونی هەبووە، بەڵام بەهۆی قۆناغی باڵغبوونەوە کونیلەکان زیاد لە پێویست چالاك دەبن و هەندێك پێکهاتەی کیمیایی جیاواز دەکەنە ناو ئارەقەکەوە کە بۆنێکی بەهێزی هەیە، لەوانەیە لە بنباڵ و قاچەکان و ئەندامی زاوزێدا هەست بەو بۆنە بکرێت.
باشترین ڕێگە بۆ پاکوخاوێنی خۆشتنی رۆژانەیە بە سابونێك کە زۆر بەهێز نەبێت لەگەڵ ئاوی گەرمدا. ئەمە وادەکات ئەو بەکتریایانە لەناو بچن کە بۆن دەردەکەن.
مووی لەش
سەرهەڵدانی موو لە شوێنە جیاجیاکانی لەشتدا شتێکە بێگومان ڕوودەدات ئەمیش بە هەمان شێوە بەهۆی هۆرمۆنە چالاکەکانە، لەوانەیە واباشتربێت مووی هەندێك شوێنی جەستە بتاشرێت.
هەندێك کوڕ هەن حەزدەکەن مووی دەموچاویان هات بیهێڵنەوە بۆ ئەوەی ڕیش و سمێڵێیان هەبێت لەهەمان کاتدا هەندێك کچ حەزدەکەن مووی قاچیان یان بنباڵیان جێبهێڵن بەو شێوەیەی خۆی، بۆیە هەرکەسێك سەربەستە لەوەی چی دەکات دەربارەی ئەمە و چۆن ئاسودەیە پێی.
کوڕ بیت یان کچ، ئەگەر بڕیارتدا هەر شوێنێکی لەشت بتاشیت ئەوا چەند هەڵبژاردەیەکی جیاوازت لەبەردەمدایە. دەکرێت گوێزانی ئاسایی بەکاربهێنیت لەگەڵ کرێم یان جێڵی تاشین یان دەگونجێت گوێزانی کارەبایی بەکار بهێنیت.
ئەگەر گوێزانی ئاسایی بەکار دەهێنیت دڵنیاببەوە لەوەی دەمی گوێزانەکە تیژ و نوێ بێت بۆ ئەوەی ئازارت پێنەگات، بەکارهێنانی کرێم و جێڵی موو تاشین باشترە وەك لە سابونی ئاسایی چونکە وادەکەن دەمی گوێزانەکە ئاسانتر بخشێت لەگەڵ پێستتدا.
ڕەنگە باش نەبێت ئەندامی زاوزێ بە گوێزان بتاشیت چونکە دەکرێت کە مووەکان هاتنەوە پێستت بێزارت بکات یان بخورێت و بێزارت بکات، کوڕەکانیش واباشە دووجار بیربکەنەوە پێش تاشینی مووی سنگیان و کچانیش بۆ مووی دەموچاویان چونکە دواتر کە ڕوایەوە چڕتر و ڕەقتر دەبن و وات لێدەکەن دوبارە و دوبارە بیتاشیتەوە.
گەر کچیت و خەمی مووەکانی سمێڵتە، کەمێك دوربکەوەرەوە لە ئاوێنەکە دەبینیت ئەو مووەی بەڕاستی خەڵکی دەیبینن لە دوورەوە هێندە خراپ نیە وەك لەوەی بیری لێدەکەیتەوە.
گەر حاڵەتیکی نامۆ هەبوو لە مووی دەموچاوی کچاندا، بە ڕادەیەك دوودڵیەکی زۆر دروست بکات، دەکرێت پزیشك یان شارەزایەکی بواری پێست بتوانێت چەند شێوازێکی بنبڕکردنی هەتا هەتایی بەکاربهێنێت وەکو کارەبا و لەیزەر.
لە هەندێك حاڵەتیشدا دەکرێت مووی زۆر لە کچاندا نیشانەی نەخۆشیەك بێت وەکو دیاردەی هێلکەی فرە کیس. گەر کچیت و خەمی مووی زیادەتە، واباشترە لەگەڵ دکتۆرێکی پسپۆڕدا قسە بکەیت.
سەرەڕای کشانەوەی لە پرۆسەی سیاسی و بەشدارینەکردنی لە هەڵبژاردنی
داهاتووی پەرلەمانی عێراق، بەڵام موقتەدا سەدر هێشتا مۆتەکەی دەسەڵاتدارانی
عێراقە، ئەمەش وایکردووە لەلایەک چاویان لەسەر هەڵبژاردن بێت و لەلایەکیش چاویان
لەسەر سەدر بێت، خودی موقتەدا سەدریش چاوەڕێی روودانی دوو ئەگەرە لە عێراق.
موقتەدا سەدر سەرکردەی ڕەوتی سەدر، هێشتا یەکێکە لە گەورەترین مەتەڵە
سیاسییەکان، کە ڕووبەڕووی نەیارەکانی دەبێتەوە لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا، یان تەنانەت
لایەنگران و هاوپەیمانە نزیکەکانی.
لەدوای بڕیارە بەناوبانگەکەی سەدر بۆ کشانەوەی کوتلە پەرلەمانییەکەی
کە خاوەنی 72 کورسی پەرلەمانی بوو، لە هاوینی 2022 و راگەیاندنی ڕەتکردنەوەی
کارکردن لەگەڵ "گەندەڵکاران" کە مەبەستی چوارچێوەی هەماهەنگی بوو، پێشبینیەکان
سەبارەت بە هەنگاوی داهاتووی سەدر بەردەوام مشتومڕی لە نێوان سیاسەتمەداران و شیکەرەوەکان
و تەنانەت هاوڵاتیانی ئاسایی دروستکردووە.
موقتەدا سەدر لە هەموو پەیامەکانیدا سەبارەت بە کشانەوەی لە پرۆسەی
سیاسی و هەڵبژارد، تەنها ئاماژەی بە چینێکی گەندەڵی دەسەڵاتدار کردووە، بەبێ ئەوەی
هیچ نیازێکی تری خۆی بخاتەڕوو، بەڵام سەرکردەویەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی خواستی
سەدر ئاشکرا دەکات.
سەرکردەیەک لە چوارچێوەی هەماهەنگی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ڕۆژنامەی
«الشرق الأوسط»ـى راگەیاندووە، سەدر سیستەمێکی دەوێت کە لەگەڵ تێڕوانینی خۆیدا
بگونجێت، کە لەوانەیە لەگەڵ تێڕوانینی ئەوانی تردا نەگونجێت.
ئەو سەرکردەیەی چوارچێوەی هەماهەنگی پێیوایە، کشانەوەی ئێستای موقتەدا
سەدر لە پرۆسەی سیاسی و بایکۆتی هەڵبژاردن، لەم دیدگایەوە سەرچاوە دەگرێت نەک ڕق لە
کاری سیاسی.
ئاماژە بە پێگە و بەهێزی سەدر دەکات لە دەرەوەی پرۆسەی سیاسی و دەڵێت:
لەوانەیە یارییەکە بە تەواوی بگۆڕێت تەنانەت ئەگەر لە پێشبڕکێی هەڵبژاردنیش دوور بێت،
هەر بۆیە، چوارچێوەی هەماهەنگی چاوێکیان لەسەر هەڵبژاردنەکان و چاوەکەی دیکەش لەسەر
سەدرە.
لەگەڵ ئەوەی لایەنەسیاسییەکان و چاودێرانی سیاسی پێیانوابوو، سەدر لە
چوار ساڵی رابروودا، شەقامی لە بەرژەوەندی خۆی ساز و ئامادەکردووە بۆ چوونە سەر
سندوقەکانی دەنگدان، بەڵام لە بڕیارێکی چاوەڕواننەکراودا، سەدر بایکۆتکردنی
هەڵبژاردنی راگەیاند، هەرچەندە سەرۆک کۆماری عێراق بە فەرمی داوای لێکرد بە
بڕیارەکەیدا بچێتەوە، بەڵام ئەو سوربوو لەسەر بڕیارەکەی.
لە ناوەڕاستی مانگی تەمووزی ساڵی ڕابردوودا، موقتەدا سەدر بڕیارێکی دەرکرد
بۆ دوورخستنەوەی 31 کەس لە بزووتنەوەکە و باڵی سەربازی سەرایا سەلام، بەهۆی ئاماەکارییان
بۆ بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا.
سەرکردەیەکی رەوتی سەر بە رۆژنامەی «الشرق الأوسط»ـى
وتووە، ڕەوتی سەدر پشتگیری لە هیچ لیست و کاندیدێک ناکات لە هەڵبژاردنەکانی
داهاتوودا، ئەو سەرکردەیە ڕەتی دەکاتەوە پێشبینی هەنگاوەکانی داهاتووی سەدر بکات و
دەڵێت: هەموو شتێک دەگونجێت، بەڵام کەس نازانێت چۆن و کەی ڕوودەدات.
ئەو سەرکردەیە ئاماژەی بەوەکردووە، کە سەدر درکپێدەکات و گرەو لەسەر ئەگەری
داڕمانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەکات بە تێپەڕبوونی کات، چونکە بڕوا وایە سیستەمی سیاسی
ئێستا بە ئاسانی چاکسازی ناکرێت.
دەشڵێت: سەدر هەموو جۆرە کارێکی سیاسی تاقیکردۆتەوە. بەشداری کردن لە
پەرلەمان و کشانەوەی لێی و بەشداریکردن لە حکومەت و کشانەوەی لێی و هەروەها دژایەتیکردنی
چالاکی لە شەقامدا و پێدەچێت گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە ئەم سیستەمە توانای
چاکسازی نییە.
یەکێکی تر لەو ئەگەرانەی کە سەدر چاوەڕێی دەکات، شوێنگرتنەوەی عەلی
سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانە لە عێراق، خودی سەدریش خواستی خۆی بۆ جێگرتنەوەی
نەشاردووەتەوە و بەپێی بنەماکانی مەزهەبی شیعە، موقتەدا سەدر هەموو مەرجەکانی
تێدایە.