ژیان

بێدەنگی بەهێزترین هاواره‌، سوودەکانی بێدەنگی چین لەم جیهانە پڕ لە ژاوه‌ژاوەدا

Mic
2021-07-13

لەم جیهانە قەرەباڵغەماندا سەختە مەودایەك بدۆزینەوە بۆ بێدەنگی، بەتایبەتیش کە لە منداڵیەوە فێرکراوین وەڵام بدەینەوە هەرچەندە ئەوەشی دەیڵێین سوودی نەبێت، وەك ئەوەی گرنگ بێت ژاوەژاوێك دروستبکەین لە چواردەورمان بۆ ئەوەی نوقمی بیرکردنەوە تۆقێنەرەکانمان نەبین.

ئایا بێدەنگی لاوازییە؟

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی پێشبینی دەکات بەشێکی زۆری دانیشتوان بەهۆی ژاوەژاوی چواردەوریانەوە کێشەی تەندروستیان بۆ دروست ببێت و پێشبینی دەکرێتتا ساڵی 2030،  500 ملیۆن کەس کێشەی بیستنی بۆ دروست ببێت.

زۆرینەی کات باسی گرنگی دەربڕینی ڕاوبۆچونمان دەکەین تا خۆمان بسەلمێنین، بەڵام دەکرێت بێدەنگی ئامێرێکی بەهێز بێت بۆ گەیاندنی پەیامەکانمان.

کە بیر لە کەسێکی بەهێز دەکەینەوە بێ ترس ڕاوبۆچونی خۆی دەربڕێت، زۆرینەمان وای بۆ دەچین کە هێزەکەی لە دەنگە بەرزەکەیەوە بێت.

بە منداڵی فێری ئەوە دەکرێین کەسایەتییە سیاسی و بەناوبانگەکان و خاوەن پارە و دەسەڵاتەکان هەمیشە بە دەنگی بەرز قسە دەکەن بۆ گەیاندنی پەیامەکانیان، واش پەروەردە دەکرێین کە بێدەنگی لاوازیە و کاتێك بێدەنگ دەکرێین هەست دەکەین دەست بەسەرین و توانای قسەمان نابێت.

بەڵام دوور لەم بیروبۆچونە هەڵانە بێدەنگی بەهێزترین هاواره‌ و بەهێزترە لە وشە.

لایەنەکانی تری بێدەنگی
توێژینەوەیەك کە لەلایەن دکتۆر ئالبێرت میحرابیانەوە ئەنجامدرا لە شەستەکاندا، دەڵێت کە 93٪ ی پەیوەندیەکانمان نا زارەکین. وشە تەنها 7٪ ی پەیامەکانمان دەردەخەن و زۆرینەی پەیامەکانمان لە ڕێی بەرز و نزمی دەنگ و زمانی جەستە و ڕوخسارمانەوەیە.

بێدەنگی پەیوەست نییە بەوەی خۆت دابڕێنیت، بەڵکو واتا باش گوێگرتن و تێگەیشتنە لە لایەنەکەی بەرامبەرت، هەوڵ بدەیت تێبگەیت پێش ئەوەی بازبدەیت بۆ پێشبینیەکانت.

کاریگەری ئەرێنی بێدەنگبوونمان تەنها لە هەستکردنی کەسانی چواردەور نییە بەرامبەرمان بەڵکو توێژینەوەکان دەڵێن کاریگەری لەسەر ئەو زانیاریانەش هەیە کە پێمان دەبەخشرێت، بێدەنگی هێزێکی زۆرمان پێدەبەخشێت و وادەکات تێڕوانینەکانمان بگۆڕینەوە لەگەڵ کەسی بەرامبەر و شتی لێوە فێربین.

ئه‌گەر بێدەنگیشمان زەردەخەنە و زمانێکی جەستەی ئەرێنی لەگەڵدا بێت ئەوا وادەکات کەسی به‌رامبه‌ر ئاسوودەترانە ڕاوبۆچونی خۆی بڵێت، بەڵام ئه‌گەر دەموچاومان بدەین بە یەکدا ئەوا کەسی بەرامبەر وریاتر وشەکانی هەڵدەبژێرێت و تەنها چەند شتێکی سەرەکی باسدەکات بێ قوڵبوونەوە لە بابەتەکەدا.

سوودەکانی بێدەنگی

دکتۆر ستێفانی لۆدویگ دەڵێت "بێدەنگی وامان لێدەکات نامورتاح بین چونکە ڕاهاتووین خۆمان سەرقاڵبکەین دوور لەو شتانەی هەستیان پێدەکەین"، دەشڵێت: "کاتێك بێدەنگین دەبێت ڕووبەڕووی گشت ئەو شتانە ببینەوە کە لە ناخماندان".

لە دەرئەنجامیشدا بۆ ئەوەی ئەو ڕووبەڕووبوونەوەیە ئەنجام نەدەین بەردەوامین لە جوڵە و پلان دانان، هەوەها دەڵێت,"گەر نیعمەتەکانی بێدەنگی بزانین ئەوا کاتی زیاتری بۆ تەرخان دەکەین".

زۆرێك ڕقیان لە بێدەنگیە و بێدەنگی دەبەستنەوە بە تەنیاییەوە هەندێك هەن حەز دەکەن کات بۆ خۆیان و بیرکردنەوەکانیان دابنێن و هەوڵ دەدەن مەودایەك بدۆزنەوە بۆ بێدەنگی چونکە بۆ ئەوان وەکو نیعمەتێکە.

توێژینەوەکانیش سودی بێدەنگی دەردەخەن لە ڕووی سودی جەستەیی و دەروونیەوە، تێبینی ئەوە کراوە بێدەنگی سودی هەیە بۆ گەشەکردنی خانەکانی مێشك، کەمکردنەوەی فشاری خوێن، بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری لەش و کەمکردنەوەی ڕێژەی کۆرتیزۆڵ لە خوێندا, هەروەها ڕێکخستنەوەی هۆرمۆنەکان و ڕەق نەبوونی شاخوێنبەرەکان.

سوودەکانیشی لەڕووی دەروونییەوە: هاندان بۆ داهێنان، زیادکردنی سەرنج و خۆڕاگری، دەرفەتێك بۆ بەخود چونەوە کە ئەمەش چەندین شوێنی ناو مێشك چالاك دەکات و کاتمان پێدەبەخشێت بۆ کەمکردنەوەی ژاوەژاوی ناخمان و وادەکات گرنگی زیاتر بدەین بەو شتانەی شایستەی ئەوەن کاتیان بۆ تەرخان بکەین

هانمان دەدات لە ئێستادا بژین نەك لە دڵەڕاوکێی ڕابردوو یان داهاتوودا بژین، بەپێی توێژینەوەیەکیش کە لە ساڵی 2006 دا ئەنجام دراوە ئەوە دەردەخات بێدەنگی بۆ ماوەی دوو خولەك زیاتر ئارامی دەبەخشێت پێت وەك لە گوێگرتن لە مۆسیقا.

چۆن بێدەنگی بەکار بهێنین بۆ گەیاندنی بیرۆکەکانمان ؟

لانا قەسقەس, شارەزای بواری دەروونناسی  دوپاتی کردەوە کە زۆرینەی خەڵك لە جیهانی ئێستادا لە بێدەنگی دەترسن، لە لێدوانیکیدا بۆ ماڵپەڕی ڕەسیف22 وتی: بێدەنگی دەکرێت مەوادەیەك بێت بۆ ئەوەی مرۆڤ بیر بکاتەوە لە ڕووداوەکان و شیکردنەوەیان بۆ بکات.

"لەگەڵ هەستەکانیدا بە ئارامی تێکەڵدەبێت بێ ئەوەی بڕیاری هەڵەشە و خێرا بدات، دەکرێت بێدەنگیش زیان بگەیەنێت کاتێك کەسێك هەستەکانی ناخی دەرنابڕێت و بەرکەوتنی نامێنێت لەگەڵ کەسانی دیکەدا".

بۆیە هەروەکو شێوە جیاجیاکانی هێز، بێدەنگی دەکرێت لایەنی ئەرێنی و نەرێنی هەبێت، دەکرێت ڕێگایەك بێت بۆ ئارامکردنەوەی ناخ یاخود زیان بگەیەنێت و ئەمەش وادەکات خەڵك ترسیان هەبێت لە بێدەنگی، لای هەندێك بێزارکەر و تەنیابوونە، دەکرێت وەکو ئاماژەیەك بەکاربێت بۆ کشانەوەی دەروونی یان سزا، زۆرینەی کاتیش لە کۆمەڵگەکانماندا بێدەنگی دەبەسترێتەوە بە لایەنە نەرێنیەکانەوە، بۆیە پێویستە هەمووکات لە خۆمان بپرسین:

ئایا بێدەنگیم هەستی ئارامیم پێدەبەخشێت یان جێی دوودڵیە بۆ کەسانی چواردەورم؟

ئایا بێدەنگی بەکاربهێنم بۆ یاریکردن بە کەسی بەرامبەرم یان بۆ پێدانی مەودایەك بۆ دەربڕینی ڕاوبۆچوون و تێڕوانینەکانی کەسی بەرامبەرم؟

هەندێکمان لە منداڵیدا کاتێك هەڵەیەکمان دەکرد دایك و باوکمان بێدەنگانە پەیامێکیان پێدەداین کە ڕەفتارەکەمان هەڵەیە، لەگەڵ گەورە بوونیشماندا هەندێك ئەمە ئەنجام دەداتەوە و کەسی بەرامبەر لە گوماندا دەهێڵێتەوە.

ڕاستیەکەش ئەوەیە ئێمە ڕانەهاتووین خۆمان بەهێز دەربخەین لەڕێی بێدەنگیەوە، بەڵام دەکرێت فێرببین و بێدەنگی بەکاربهێنین بۆ تێگەیشتن لە کەسانی چواردەورمان، لە کۆتاییشدا بەکارهێنانی بێدەنگی بوێری دەوێت.

دەکرێت سەختبێت وشەکانتان جێبهێڵن بێ ڕوونکردنەوە بەڵام وەکو پێشوو ئاماژەمان پێدا، هێز هەیە لە بێدەنگیدا، بۆیە پێویستە ڕۆژانە کات تەرخان بکەین بۆ بێدەنگی و دانیشین و بیربکەینەوە، ئەوکات مێشكتان و جەستەتان سوپاستان دەکەن بۆ ئەو ساتە گرانبەهایانە کە قەرەبوو ناکرێنەوە.


More News

Most Popular

هەواڵ

لە قەڵادزێ بەڕێکەوت و لە فەرەنسا خنکا

Mic
2024-04-25

لە قەڵادزێ بەڕێکەوت و لە فەرەنسا خنکا
سلێمانی - MIC
ژیلان محەمەد ئەمین، کچە کوردێکی تەمەن 24 ساڵە و یەکێکە لە قوربانییەکانی رووداوەکەی دوێنێ سێشەممەی نێوان فەرەنسا و بەریتانیا.
ژیلان لەگەڵ چەند کەسێکی دیکەدا و یەکێک بووە لەو 100 سەرنشینەی کە لەناو بەلەمێکی پەڕینەوەدابوون لە فەرەنساوە بۆ بەریانیا.
بەڵام پێش گەیشتنیان چەند کەسێک دەکەونە ناو ئاوەکەوەو دەخنکێن کە یەکێکیان ژینایە.
زانیاری ئەوە هەیە، رووداوەکە بەهۆی زۆری ژمارەی سەرنشینانی سەر بەلەمەکەوە بوبێت، بەتایبەت کاتێک کە بەلەمەکە کەوتوەتە ڕێ، ژمارەیەک کۆچبەری ئەفریقیش لەڕێگەی بەکارهێنانی فشارەوە چونەتە ناو بەلەمەکەوە و هەندێکیش دەڵێن شەڕ و ئاڵۆزی روویداوە.
هێشتا بەتەواوی هۆکاری خنکانی ژیلان و ئەوانی دیکە نییە، روونیش نییە کە ئاخۆ جگە لە ژیلان لەناو خنکاوەکاندا کوردی دیکە هەیە یان نا، بەڵام ئەوەی دەزانرێت کە بەشێکی زۆری کۆچبەرەکانی سەر بەلەمەکە عێراقی بوون و لەناو عێراقیەکانیشدا ژمارەیەک کورد هەبوون.
تائێستا نازانرێت کە ئاخۆ ژیلان محەمەد بەتەنها کۆچیکردوە یان خزم و کەسوکاری لەگەڵدا بووە.
ساڵانە لەکاتی پەڕێنەوەی کۆچبەران لەنێوان فەرەنسا بۆ بەریتانیا دەیان کۆچبەر دەخنکێن، ئەوەش لەپێناو گەیشتنیان بۆ ئەو وڵاتە و مافی بەدەستهێنانی مانەوەیان.
هەرچەندە لەچەند رۆژی رابردوودا پەرلەمانی بەریتانیا یاسای ناردنی کۆچبەرانی نایاسایی وڵاتەکەی بۆ رواندا پەسەند کرد ئەوەش وەک هەولیک بۆ رێگریکردن لە چوونی کۆچبەران بۆ ئەو وڵاتە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا کۆچبەران بە یەکێک لە وڵاتە دڵخوازەکەی خۆیان دەزانن بۆ مانەوەیان و وەرگرتنی مافی پەنابەری.