ژیان

ئێمە کێین..؟ چۆن گەیشتین بە ئێرە..؟ دی ئێن ئەیە کۆنەکان و ڕابردووی مرۆڤ

Mic
2021-11-30

 


 نوسینی: لوقمان حەوێز...

ڕەچەڵەک بیرۆکەیەکی کۆمەڵایەتیە، چۆن پڕۆفیسۆر دێڤید ڕایش و تیمەکەی لە زانکۆی هارڤەرد بەشێوەیەکی زانستی لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەکانیان لە ماوەی چەندەها ساڵ سەلماندیان کە هیچ ڕەچەڵەکێکی بێگەرد نیە لەنێو مرۆڤەکانی ئەمڕۆ..؟

ئەم دوو دێرەی سەری سەرەوە ناوی کتێبێکی زۆر گرنگ و سەرنجڕاکێشە کە لەلایەن پرۆفیسۆری دی ئێن ئەی و جینۆمەکان دێڤید ڕایش لە زانکۆی هارڤەرد نوسراوە و لە ساڵی 2018 لە ئەمریکا بڵاوکرایەوە، لەبەر گرنگی کتێبەکە بە پێویستم زانی لەم چەند دێرەی خوارەوە شرۆڤەیەکی کورتی بۆ بکەم...

تەنیا چەند ساڵێک دەبێت بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا بەگشتی و زیرەکی دەستکرد بەتایبەتی، توانیومانە خوێندەوە و ڕیزبەندیکردن بکەین بۆ دی ئێن ئەی ئەو مرۆڤانەی پێش هەزارەها و بگرە دەیەها هەزار ساڵ پێش ئێستا ژیاون، ئەویش لەڕێگەی دەرهێنانی دی ئێن ئەی لەو پەیکەرە ئێسقانانەی مرۆڤ کە دەگەڕێتەوە بۆ مێژووە کۆنەکان و لە چەندەها ساڵی ڕابردوو دۆزراونەتەوە لە شوێنە جیاوازەکانی جیهان، ئەمەش دەرگایەکی نوێ و گەورەی کردۆتەوە بۆ ئێمە بەسەر مێژوو و وردەکاریەکانی ژیانی مرۆڤ پێش دەیەها هەزار ساڵ و زیاتریش، هەروەها جوڵە و کۆچکردنیان لەو کاتانەدا لە سەرانسەری جیهان و گەلێک بەڵگەی بەهێزی تری پێ بەخشین لەسەر پەرەسەندنی مرۆڤ و چۆنیەتی سەرهەڵدانی و گەیشتنی بە ئێستا لەپاڵ ئەو بەڵگانەی پێشتر هەمان بوون لەڕێگەی بەبەردبووەکان، هەروەها خوێندنەوەی زنجیرەکانی دی ئێن ئەی زانیاری زۆر گرنگیشمان پێدەدات لەسەر کۆچکردن و جوڵانەوەی مرۆڤ لە دەیەها هەزار ساڵی رابردوو لەنێو ناوچەکان و کیشوەرەکانی جیهان و پەیوەندیەکانی نێوان جۆرەکانی مرۆڤ کە لەو کاتانەدا هەبوون، ئەمە ئەنجام دەدرێت بە بەراوردکردنی خوێندنەوەکانی ئەو زنجیرە دی ئێن ئەیانەی کە لە مرۆڤە کۆنەکانەوە ماون و لە پەیکەرە ئێسقانە کۆنەکانەوە وەرگیراون لەگەڵ یەکتر هەروەها بەراوردکردنیان لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە خوێندنەوەکانی ڕیزبەندی دی ئێن ئەی مرۆڤەکانی ئێستا...

ئەم کتێبە لەڕێگەی لێکۆڵینەوە لە کۆمەڵێکی زۆر لە زنجیرەکانی دی ئێن ئەی کە دەگاتە نزیکەی 2000 نمونەی جیاواز و لە پاشماوەی ئێسقانی مرۆڤی کۆن وەرگیراوە کە لە دەیەها و سەدەها شوێن لە شوێنەوارەکانی جیاوازی جیهان کۆکراونەتەوە بەشێوەیەکی زانستی دەیسەلمێنێت کە:

ڕەچەڵەک تەنیا بیرۆکەیەکی کۆمەڵایەتیە، لە ئێستادا لە هەموو جیهان تەنیا یەک ڕەچەڵەکی بێگەردیش نیە، هیچ مرۆڤێکی جیهان لە ئەمڕۆدا ناتوانێت بڵێت من سەدا سەد لە ڕەچەڵەکێکم، هەموو تاکێک لە ئێمەی مرۆڤی هۆمۆ سێیپیان لە ئەمڕۆدا لە سەرتاسەری جیهان لە تێکەڵاوێک یان کۆمەڵێک ڕەچەڵەکین کە بە درێژایی دەیەها و سەدەها هەزار ساڵ لەڕێگەی تێکەڵبوونی جینۆمەکان بە ئەمڕۆ گەیشتووین، هەروەها دەریدەخات ئێمەی مرۆڤی هۆمۆ سێیپیان زۆر تایبەت نەبووین بەبەراورد بە جۆرەکانی تری مرۆڤ پێش ئێمە و بڕێکی باش لە دی ئێن ئەی ئەو جۆرانەی پێشتر هەبوون گەیشتووە بە ئێمە و لە ئێمەدا هەیە بەهۆی کۆچکردن و تێکەڵبوونی ئەژدادەکانی ئێمە لە جۆرە جیاوازەکانی مرۆڤ و لە ئەنجامدا ڕوودانی جووتبوون و خستنەوەی نەوەی تر...

کەواتە سپی پێستێکی ئەوڕوپی یان پێست ئەسمەرێکی ئیسپانی یاخود ژاپۆنیەک یان تاکێکی هەر ووڵاتێک لەڕووی زانستیەوە ناتوانێت بە ڕەچەڵەکی خۆی بنازێت و خۆی پێ زۆر جیاواز بێت یان خۆی زۆر جیا بکاتەوە لە ڕەچەڵەکی تاکەکانی تری جیهان، ئەو لەوانەیە تەنیا بڕێکی زۆر کەم لە جینۆمەکانی جیاوازی هەبێت بە بەراورد بە تاکێکی تر لە هەر کوێیەکی جیهان بژییت، هەموو جینۆمەکانی تری تێکەڵاوێکی هاوبەشە...

دێڤید ڕایش لەڕێگەی کاری تیمەکەی خۆی لەو تاقیگەی دروستی کردووە لەگەڵ لێکۆڵینەوەکانی تر لەم بارەیەوە لە کتێبەکەیدا دەڵێت بەدرێژایی مێژوو تێکەڵبوونێکی بەردەوام ڕوویانداوە لە جینۆمەکانی هەموو گروپە جیاوازەکانی مرۆڤ لە جیهان لەڕێگەی کۆچکردن و تێکەڵبوونی کۆمەڵایەتی یان داگیرکردن، ئەوەش لە خوێندنەوەی نمونەی زنجیرەکانی دی ئێن ئەی مرۆڤەکانی ئەو کاتە بە ڕوونی دەردەکەوێت کە بەم دواییە دۆزراونەتەوە و تیمەکەی ئەو خوێندنەوە و ڕیزبەندی بۆ کردوون و بەراوردی کردوون لەگەڵ دی ئێن ئەی مرۆڤەکانی ئەمڕۆ، ئەو وەکو نمونە باس لە دانیشتوانی ئێستای بەریتانیا دەکات و دەڵێت لە هەموو بەریتانیەکانی ئێستا کە لە ژیاندان زۆر کەمتر لە 1% بە ڕەچەڵەک دەگەڕێنەوە بۆ ئەو بەریتانیانەی کە بەر لە 6 هەزار ساڵ لە دورگەکانی بەریتانیا دەژیان، زۆربەی ئەو 99% ی تر لە دانیشتوان بەڕەچەڵەک دەگەڕێنەوە بۆ ئەو گروپە مرۆڤانەی کە دوایی لە دوو شەپۆڵی گەورەدا هاتوون بۆ بەریتانیا و لەوێ نیشتەجێ بوون، لە هەردوو شەپۆڵدا ئەو گروپەی کە هاتووە هەندێکی لەوەی پێش خۆی پەرش و بڵاوکردونەتەوە و لەگەڵ ئەوانی تریش تێکەڵبووە بە جۆرێک گروپێکی نوێ لە دانیشتوان دروستبووە، دێڤید دەنوسێت: بەر لە نزیکەی 6 هەزار ساڵ ئەو کاتەی چەرخی بەستەڵەک لە نیوەی باکووری گۆی زەوی بەرەو تەواوبوون چووبوو لە بەریتانیا ژمارەیەکی کەم لە دانیشتوان دەژیان کە ژیانیان لەسەر ڕاوکردن بوو، لەو کاتەدا شەپۆڵێکی کۆچکردن ڕوویدا لە ئەوڕوپاوە بۆ بەریتانیا، ئەو دانیشتوانەی هات بۆ ئەوێ بۆ کاری کشتوکاڵ کردن هاتن و بەڕێژەی 99% ی دانیشتوانەکەی گۆڕی، شەپۆڵی دووەم لە کۆچکردن بەر لە نزیکەی 4500 ساڵ ڕوویدا بۆ بەریتانیا لە دەوروبەری ئەو کاتانە بوو کە Stonehenge لە ناوچەی Wiltshire لە ئینگلتەرا دانراوە، پێدەچێت ئەو شەپۆلە پەیوەندی بە شەڕ و داگیرکردنەوە بووبێت، بەو پێیە بەریتانیەکانی ئەمڕۆ لەڕووی ڕەچەڵەکەوە بێت تەنیا نزیکەی لە 0.1% یان خەڵکە بنەڕەتیەکەی ئەوێن و نزیکەی 99.9% ی لە ئەوان باب و باپیرانیان کۆچیان کردووە بۆ بەریتانیا لە شوێنەکانی تری ئەوڕوپاوە، ئەمەش بە دڵنیاییەوە لەهەموو شوێنەکانی جیهان لە چەند هەزار ساڵی ڕابردوو ڕووی داوە...

چەندە دی ئێن ئەی مرۆڤی نیاندرتاڵ لە ئێمەدا هەیە..؟ ئەوان بۆ لەناوچوون..؟

دەێڤید ڕایش لە کتێبەکەیدا دەڵێت هەموو ئەو مرۆڤانەی ئێستای جیهان تەنیا ئەفریقیەکان نەبێت نزیکەی سەدا دوو لە دی ئێن ئەیەکانیان هی مرۆڤی نیاندرتاڵە، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە تێکەڵبوون و جوتبوونی نێوان هۆمۆ سێیپیان و نیاندرتاڵەکان لە دەرەوەی ئەفریقیا ڕوویداوە دەوروبەری 50 بۆ 45 هەزار ساڵ، ئەو دەڵێت ئەو جووتبوونانە بەزۆری لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوویانداوە، نەوەکانی یەکەمی دوای ئەو جووتبوونانە ژمارەیەکی زۆری لە مرۆڤە نەزۆکەکان بەرهەم دەهێنا، بەڵام بەهۆی ئەوەی نەزۆکەکان نەوەیان نەنایەوە و کاریگەری بژاردەی سروشتی لەوانەی کە نەزۆک نەبوون وردە وردە دی ئێن ئەی مرۆڤە هۆمۆ سێیپانەکان زاڵ بوو و مایەوە، پێدەچێت هۆمۆ سێیپیانەکان بەگشتی جینۆمەکانیان زاڵتربووبێت، زنجیرەکانی ئەو دی ئێن ئەیانەی نیاندرتالەکانیش کە مایەوە لە هۆمۆ سێیپیانەکان تا ئێستا لە ئێمەدا ماون، ئەو دەڵێت ئەم تێکەڵبوونی جینۆمانە پەیوەندی بە لەناوچوونی نیاندرتالەکانەوە نەبووە و ئەوان لەبەر هۆکاری تر لەناوچوون کە پەیوەندی بە جینۆمەکانەوە نەبووە، زیاتر هۆکارەکەی بڵاوبوونەوەی مرۆڤی هۆمۆ سێیپیان بووە لەناوچەکانی ژیانی ئەوان، هۆمۆ سێیپیانەکان بۆ یەکەمجار هەندێک سیمبۆڵی کەلتوریان داهێنا و بەکاریان هێنا وەکو دروستکردنی خشڵ و کەرەستەی نوێ و بەکارهێنانیان لە ژیانی ڕۆژانە، هەروەها هۆمۆ سێیپیانەکان لەو کاتانەدا بە خۆیان و کەلتورەکەیان بەهەموو لایەکی جیهاندا بڵاوبوونەوە...

چۆن وە بۆچی هۆمۆ سێیپیانەکان کە ئەو جۆرەی ئێمەن پێش دەوروبەری چل و پێنج هەزار ساڵێک تاوەکو ئێستا بوون بە تاکە جۆری مرۆڤ کە بمێنن و بەردەوام بن..؟ ئایا چەند جینۆمێکی تایبەتی وای لێکردن..؟

زانستی جینۆمەکان دەرگایەکی نوێی کردەوە بۆ زانینی ڕابردووی مرۆڤ و جۆرەکانی و جوڵانەوەکانی و کۆچکردنی لە کیشوەر و ناوچەکان، دەیڤید دەڵێت بە پێی زانیاریەکانمان تا ئێستا هیچ جینێکی زۆر جیاواز لە هۆمۆ سێیپیانەکان یان بازدانێکی کت و پڕی جینۆمەکان وەکو هۆکارێکی مانەوەی هۆمۆ سێیپیانەکان و بڵاوبوونەوەیان نەبینراوەتەوە و دیاری نەکراوە، بازدانە گەورەکان دەیەها هەزار ساڵی ویستووە بۆ ئەوەی ڕووبدات و زاڵ ببێت نەوەک چەند هەزار ساڵێکی کەم، ئەو پێی وایە هۆکاری مانەوەی جۆری مرۆڤی هۆمۆ سێیپیان بە تەنیا بەر لە نزیکەی چل و پێنج هەزار ساڵ تاوەکو ئێستا زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ زاڵبوونی کەلتوری نەوەک هیچ تایبەتمەندیەکی جینۆمەکانی خودی مروڤی هۆمۆ سێیپیان، بە کورتی ئەو دەڵێت هیچ جینۆمێکی موعجیزە لە مرۆڤی هۆمۆ سێیپیاندا نیە یان نەهاتووە بۆ ئەوان بۆ ئەوەی ئەوە هۆکارێک بووبێت لە مانەوەی ئەوان و لەناوچوونی جۆرەکانی تر، ئەو دەڵێت هۆکارەکە زیاتر پەیوەندی هەبووە بە دواهەمین شۆڕشی چەرخی بەردینی کە بەر لە 70 بۆ 50 هەزار ساڵێک لەنێو هۆمۆ سێیپیانەکان هاتەکایەوە و بەو هۆیەوە ئەوان توانیان زووتر بڵاو ببنەوە و زاڵ ببن، بۆ نمونە نیاندرتالەکانیش وەکو هۆمۆ سێیپیانەکان زیرەک بوون و قەبارەی مێشکیان نزیک بوو لە ئەوەی ئێمە، بەڵام لەنێو ئەواندا هەمان ئەو پێشکەوتنە کەلتوریەی نێو هۆمۆ سێیپیانەکان ڕووی نەداوە...


ناوی کتێب و نوسەرەکە بە ئینگلیزی:


Who We Are and How We Got Here: Ancient DNA and the New Science of the Human Past By David Reich

More News

Most Popular

هەواڵ

لیای 10 ساڵ، ئەو کیژۆڵەی دووجار بەخاکسپێردرا

Mic
2022-05-23

کیژۆڵەیەکی 10 ساڵان، تەنها لە هەفتەیەکدا دووجار بەخاکسپێردرا، ئەوەش بەهۆی ئەوەی گومان لەدۆسییە کوشتنەکەیدا هەبوو، بەڵام دواجار دادگا دۆسییەکەی یەکلاییکردەوە.

باوكی لیا كە چەند رۆژێك لەمەوبەر گیانی لەدەستدا دەڵێت پزیشكی دادوەری پشتڕاستیكردوەتەوە كە كچەكەی بەهۆی پەلاماردانی سەگەوە گیانی لەدەستداوە، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانیش دەڵێت لێكۆڵینەوە لەگەڵ بنەماڵەی منداڵەكە و خاوەنی سەگەكانیش كراوە.

عەلی ڕەحیم، باوكی لیای تەمەن 10 ساڵ، ئەو كچەی ھەفتەی رابردوو لە گەڕەكی ڕاپەڕینی شاری سلێمانی سەگ پەلاماری دا و گیانی لەدەست دا بە مایكی ڕاگەیاند: تەرمی كچەكەم لە پەیمانگەی پزیشكی دادی سلیمانی وەرگرتەوە و جارێكی دیكە بە خاكمان سپاردەوە".

وتیشی: "بەپێی ڕاپۆرتی پەیمانگەی پزیشكی دادی سلێمانی، دەركەوتووە كچەكەم بەھۆی پەلاماردانی سەگەوە گیانی لەدەست داوە و خواردوویەتی، بۆیە سبەی بنەماڵەكەمان لەسەر ئەو ھەموو تۆمەتانەی ئاڕاستەمان كراوە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ھەڵوێستمان دەبێت".

باوكی لیای تەمەن 10 ساڵ، وتیشی: "ئەو سێ سەگەی كچەكەمیان خواردووە، كوژراون، بەڵام من سەگەكانم نەكوشتووە".

لەوبارەیەوە سەركەوتن ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بەمایكی وت:"لەسەر دۆسیەی لیا لێكۆڵینەوە لەگەڵ بنەماڵەی لیا و ئەو بنەماڵەیەش كە سەگەكانیان هەیە كراوە".
وتیشی :"لەسەر دۆسیەكە لێكۆڵینەوەی تەواو كراوە و ئەوەی هەیە پەیوەندی بەدادوەری گشتیەوە هەیە".
هاوكات بەرزان محەمەد بەڕێوەبەری پزیشكی دادی سلێمانی بەمایكی راگەیاند: سەرجەم ئەو پرسیارانەی سەبارەت بە مردنی لیا لەپزیشكی دادوەری لەلایەن داواكاری گشتیەوە كراون وەڵاممان داونەتەوە".
پێشتریش هەر سەبارەت بەو پرسە، گوڵستان سەعید ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی كوردستان بەمایكی وت:"سەبارەت بەو پرسە قسەمان لەگەڵ دەستەی مافی مرۆڤ كردووە، ئەوان پێیان وتین لەسەر دۆسیەكە لێكۆڵینەوەیان كردووە، بەڵام وەكو پەرلەمان ناتوانین دەستێوەردان لەكاروباری داواكاری گشتی بكەین".
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی لە روونكردنەوەیەكدا كە رۆژی هەینی رابردوو بڵاویكردەوە، رایگەیاند: بە بڕیاری دادوەر و بە ئامادەبوونی مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی راپەڕین، تیمەكانی بەشی بەڵگەی تاوان و پزیشكانی دادوەری، تەرمی لیا لەناو گۆڕەكەی دەرهێنراوەتەوە و توێكاری بۆ لاشەكەی دەكرێت و لێكۆڵینەوەش لە رووداوەكە بەردەوام دەبێت".
16 یی ئەم مانگە هەواڵی گیانلەدەستدانی كچێكی 10 ساڵ لە سلێمانی بەهۆی پەلاماردانی سەگ بڵاوبویەوە، هەواڵەكە و پاشانیش لێدوانی باوكی منداڵەكە كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا بەتایبەتیش لەتۆڕە كۆمەڵایەتیەكان، بەوهۆیەشەوە لەسەر فەرمانی داواكاری گشتی گۆڕەكەی لیا هەڵدرایەوە.