ڕۆمانی 'بیر'ـی نووسەری ئوروگوایی 'خوان کارلۆس ئۆنێتی' یەکەمین ڕۆمانی هاوچەرخی ئەمریکای لاتینە، ژیار هۆمەر لە ئیسپانییەوە وەریگێڕاوە و ئێستا لە کتێبفرۆشییەکانی کوردستان بەردەستە.
خوان کارلۆس ئۆنێتی ڕۆماننووس و چیرۆکنووس و وتارنووسێکی ئوروگواییە. نووسەرێکی هەرە گرنگی مێژووی ئەمریکای لاتین و زمانی ئیسپانییە. سەر بە وێژەی بوونخوازییە و باوکی ڕۆمانی هاوچەرخی ئەمریکای لاتینە. ساڵی ١٩٨٠، خەڵاتی بەناوبانگی سێرڤانتێس و ساڵی ١٩٨٥، خەڵاتی مەزنی وێژەی ئوروگوایی وەرگرتووە. ساڵی ١٩٣٩، یەکەمین ڕۆمانی خۆی بە ناوی بیر بڵاو کردووەتەوە، ژیار هۆمەر لە ئیسپانییەوە وەریگێڕاوە و ناوەندی کەشکۆڵ لە زانکۆی ئەمریکی لە عێراق، سلێمانی لە دووتوێی ٨٤ لاپەڕەدا بڵاوی کردووەتەوە.
وەرگێڕی لاو ژیار هۆمەر لە لێدوانێکیدا بەمایكی وت: بیر بنچینەیەکی تێگەیشتنی دنیای گێڕانەوەی ئەمریکای لاتینە. ئۆنێتی کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ڕیالیزمی جادوویی و ڕەوتی وێژەییی «بوم» و نەوەی دواتر داناوە؛ ئەو کەڵەنووسەرانی وەک نوێنەری ئەمریکای لاتین لە چوار قۆڕنەی دنیادا دەنگیان داوەتەوە، نووسەری وەک ماریۆ بارگاس یۆسا و خولیۆ کۆرتاسار و کارلۆس فوێنتێس و خوان ڕولفۆ و گابریێل گارسییا مارکێز لە لایەنی ناوەڕۆک، لێکدان و ڕێکخستن و تێکهەڵکێشی کات، گەمەی بەردەوامی نێوان حەقیقەت و خەیاڵەوە، قەرزارباری ئۆنێتین.
نووسیاری کۆبەرهەمی ئۆنێتی، ئۆرتێنسیا کامپانێلا، دەڵێت: "بیر گرنگترین بەرهەمی ئۆنێتییە، زۆربەی کەڵکەڵەکانی نووسەر لەم ڕۆمانەدایە، دەقی بیر سەرتۆپی سەردەمەکەیەتی. زۆر کەس بەراوردی «هێڵنج»ـەکەی سارتەری دەکەن. ڕاستە کەشەکەیان هاوشێوەیە، بەڵام ئۆنێتی ئاگاداری «هێڵنج» نەبووە و حەوت ساڵ لەوەو پێشتر «بیر»ـی نووسیوە." ڕەخنەگری ئوروگوایی، ئێمیر ڕۆدریگێز مۆنێگال، بیری بە «خەیاڵی ناو خەیاڵ» و «فرەلایەنیی ڕوانگەی گێڕانەوە» و «تێترنجاندنی دنیایەکی خەیاڵی لە دنیایەکی دیکەدا» پێناسە کردووە، هەروەها دەڵێت: "بیر سیمای تێکڕای بەرهەمەکانی دواتری ئۆنێتییە.''
یەکەمین ڕۆمانی هاوچەرخی ئەمریکای لاتین چۆن نووسراوە؟
وەرگێڕی کتێبەکە، ژیار هۆمەر، دەڵێت: ساڵی ١٩٣١ لە بوێنۆس ئایرێس، سەردەمی ڕژێمی ئوریبوروو، شەممە و یەکشەممان فرۆشتنی جگەرە قەدەغە بووە، ئەوەی جگەرەکێش بووایە، دەبووایە هەینی مشووری بخواردایە. جارێکیان ئۆنێتی بیری دەچێت و جگەرەی لێ دەبڕێت، دادەنیشێت لەسەر ئامێری نووسین بیر دادەڕێژێت. منیش خۆم جگەرەکێشێکی باشم، جگەرە بە جگەرە دادەگیرسێنم. لەبەر وەرگێڕانی ئەم ڕۆمانە وازم لە جگەرەکێشان هێنا، هەمووان حەپەسان و کەس بڕوای نەدەکرد، هۆکارەکەیشیم نەدرکاند، خۆم خستە هەمان دۆخی نووسەر تا باشتر بتوانم وەریبگێڕم و دایبڕێژمەوە و هەستی ئەودیو وشەکان بگوازمەوە. دڵخۆشم دوای شەونخوونیی تاقەتپڕووکێن و نەبڕاوە، وەرگێڕانی ئەم بەرهەمەم بڕاندەوە.
نووسەری ئەمریکای لاتین و براوەی خەڵاتی نۆبڵ، ماریۆ بارگاس یۆسا، دەڵێت: بیر یەکەمین ڕۆمانی هاوچەرخی ئەمریکای لاتینە و ئێمەی نووسەرانی ئەمریکای لاتین هەمیشە قەرزارباری ئۆنێتیین، کەڵەنووسەری ئەرجەنتینی خولیۆ کۆرتاسار لەبارەی گرنگیی ئۆنێتییەوە دەڵێت: 'ئۆنێتی مەزنترین ڕۆماننووسی ئەمریکای لاتینە.
خوان کارلۆس ئۆنێتی (Juan Carlos Onetti): ڕۆماننووس و چیرۆکنووس و وتارنووسێکی ئوروگواییە. ساڵی ١٩٠٩ لە شاری مۆنتێڤیدێیۆی پایتەختی ئوروگوای، لە بنەماڵەیەکی چینی مامناوەند، چاوی بە دنیا هەڵهێناوە. ئۆنێتی هەر لە منداڵییەوە خوێنەرێکی شێلگیر بووە، زوو دەستی لە خوێندن هەڵگرتووە و دەستی بە کاری ڕۆژنامەنووسی کردووە.
لە تەمەنی چواردە ساڵیدا، یەکەمین چیرۆکی بۆ ڕۆژنامەی ئێل موندۆ ناردووە، بەڵام بڵاویان نەکردووەتەوە. ساڵی ١٩٣٠ ژیانی هاوبەشی لەگەڵ «ماریا ئەمالیا ئۆنێتی»ـی ئامۆزای پێک هێناوە. چەند کارێکی جیاوازی تاقی کردووەتەوە و درێژەی بە نووسینی چیرۆک و وتار داوە.
ساڵی ١٩٣٩، یەکەمین ڕۆمانی بە ناوی بیر (El Pozo) بڵاو کردووەتەوە کە یەکەمین ڕۆمانی هاوچەرخی ئەمریکای لاتینە.
ساڵی ١٩٨٠، خەڵاتی سێرڤانتێسی بردەوە. سێرڤانتێس لە گرنگترین خەڵاتەکانی زمانی ئیسپانییە؛ نووسەری وەک خۆرخێ لویس بۆرخێس و ئۆکتاڤیۆ پاز و ئێرنێستۆ ساباتۆ و کارلۆس فوێنتێس و کامیلۆ خۆسێ سێلا و ماریۆ بارگاس یۆسا و ئەلێخۆ کارپێنتیێر وەریانگرتووە. هەر ساڵی ١٩٨٠، لە لایەن پێنی ئەمریکای لاتینەوە بۆ خەڵاتی نۆبێڵی وێژە پاڵێوراوە، بەڵام نەیبردووەتەوە. ئۆنێتی ساڵانێک ئاوارەی ئیسپانیا بووە. لەوێ ژیانێکی گۆشەگیریی هەڵبژاردووە: دوانزە ساڵی کۆتاییی تەمەنی لە باڵەخانەکەی لە مەدرید بەسەر بردووە و خوێنەران و ڕۆژنامەوانان سەریان لێ داوە. ڕۆژی ٣٠ـی مەیی ١٩٩٤، لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا، لە نۆڕینگەیەکی مەدرید بە نەخۆشیی جگەر، کۆچی دواییی کردووە و لەسەر وەسێتی خۆی لە گۆڕستانی لا ئەلمودێنا نێژراوە.
ژیار هۆمەر (Jiyar Homer): وەرگێڕ و نووسیارێکی کوردە. لەدایکبووی ١٩٩٦ـی سلێمانییە. ئەندامی ناوەندی کەشکۆڵ لە زانکۆی ئەمریکی لە عێراق، سلێمانی (AUIS)ـیە. نووسیاری گۆڤاری ئیلیانە. وەرگێڕی کوردی و ئیسپانی و پۆرتوگالی و ئینگلیزی و عەرەبی و فارسییە. بەرهەمی چەندین نووسەری ئەمریکای لاتینی بۆ کوردی وەرگێڕاوە.
بە پێی توێژینەوەیەک کە کۆمەلێک زانای ئەلمانی و ئەمرێکی ئەنجامیان داوەو لە گۆڤاری بەناوبانگی Brain Structure and Function بڵاوکراوەتەوە، زاناکان ئاماژەیان بەوە داوە بێ دەنگی یەکێک لەو هۆکارانەی دەتوانێت ببێتە هۆی گەشەکردنی خانەکانی مێشک.
لە توێژینەوەکەدا، توێژەران کۆمەلێک مشکیان هێنا، و کۆمەلێک دەنگی جیاوازیان لەسەریان تاقیکردەوە هەر لە ژاوەژاو و مۆسیقا و بیدەنگی تەواو، بۆ ئەوەی بزانن کارێگەرییان چۆنە، ئەنجامەکان ئەوەیان دەرخست کە تەنها بێدەنگی تەواو بووەتە هۆی گەشەکردنی بەرچاوی دەمارە نوێیەکانی ناو مێشک کە ڕاستەوخۆ بەشدارە لە بیرەوەری و فێربوون و هەست و سۆزدا.
هەروەها ئاماژەش بەوە کراوە تەنانەت مۆسیقای کلاسیکیش کە بە شێوەیەکی نەریتی پەیوەستە بە باشتربوونی کارکردی مەعریفیەوە، وەک بێدەنگی کاریگەر نەبوو. توێژەران تێبینیان کردووە کە خانە تازە بەرهەم هێنراوەکان لە بێدەنگیدا نەک هەر ژمارەیان زیاترە، بەڵکو چانسی مانەوە و گەشەکردنیان بۆ دەمارەخانە چالاکەکان باشترە.
ئەم دۆزینەوە ئەوەمان بۆ پێشنیار دەکات ڕەنگە کاتی ئەوە هاتبێت کە ڕۆژانە تەنها دوو کاتژمێر بێدەنگی بە خۆمان بدەین، لەناو پەلەقاژەی ژاوەژاوی دیجیتاڵی و میدیا و فشاری ڕۆژانە و کارکردندا؛ نەک وەک تەنیایی، بەڵکو وەک دەرمانێکی ڕاستەقینە بۆ گەشەکردن و بنیاتنانەوەی دەروون.