ژیان

لەمەودوا وانەی ژینگە لەقوتابخانەكانی هەرێمی كوردستان دەخوێنرێت

Mic
2022-10-04

سەرۆكی دەستەی ژینگەی هەرێمی كوردستان رایگەیاند لە هەر قوتابخانەیەك مامۆستایەك وەك رێبەری ژینگە دەستنیشان دەكرێت و نامیلكەیەكی پێدەدرێت كە وانەی هۆشیاركردنەوەی ژینگەیی بە قوتابیان دەڵێتەوە، وتیشی بۆ ئەوەی وانەكە لای قوتابیان خۆشەویستبێت، ناخرێتە تاقیكردنەوەی كۆتایی ساڵەوە.
ئەمرۆ ئەنجوومەنی باڵای پاراستن و چاككردنی ژینگە و بەڕێوەبەری گشتییەكان لە 18 وەزارەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە، دوای كۆبوونەوەكە عەبدولڕەحمان سدیق، سەرۆكی دەستەی ژینگەی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: هەمیشە كەناڵەكانی راگەیاندن و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی دەڵێن دەبێ لە پەروەردە و منداڵانەوە بڵاوبوونەوەی كولتووری ژینگەپارێزی دەستپێبكەین، دەستەی ژینگە بەو مەبەستە رێبەرێكی پاراستنی ژینگەی ئامادەكردبوو و پێویست بوو وەزیری پەروەردەش لێی ئاگاداربێت بۆ ئەوەی لە قوتابخانەكان بدرێتە مامۆستای زانست و لەپاڵ وانەی زانستدا بخوێندرێت، بۆ ئەوەی قوتابی تاڕادەیەك ئاشنای بابەتەكانی پەروەردەی ژینگەیی ببێت.
سەرۆكی دەستەی ژینگە وتیشی: ئێمە لەگەڵ ئەوە نین ئەركی قوتابی قورس بكرێت، بەڵكو دەمانەوێ بابەتی ژینگەپارێزی وەك رێبەرێك لەپاڵ وانەی زانست بخوێندرێت، بەڵام نەخرێتە تاقیكردنەوەكان، لەبەرئەوەی بابەتەكە بۆ هۆشیاركردنەوە و رۆشنبیری ژینگەییە لە زۆربەی وڵاتانیش ناخرێتە تاقیكردنەوەكان بۆ ئەوەی بابەتەكە لای قوتابیان خۆشەویست بێت.
 عەبدولڕەحمان سدیق دەشڵێت: دەمانەوێت وەكو هەموو ئەو وڵاتانەی لەڕووی ژینگەییەوە پێشكەوتوون، ئێمەش لە سەرەتاوە و لە قوتابخانەكانەوە دەست بكەین بە وشیاركردنەوەی تاكەكاكان بەرامبەر ژینگەی هەرێمی كوردستان.
 بەگوێرەی رێنماییەكانی دەستەی ژینگەی هەرێمی كوردستان، كە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە ئامادەكراوە، ئەو مامۆستایانەی وەك وانەبێژی واتە رێبەری ژینگەیی لە قوتابخانەكان دەستنیشان دەكرێن، لەلایەن دەستەی ژینگەوە لە سیمینارێكدا بەشدارییان پێدەكرێت و دواتر نامیلكەكەیان پێدەدرێت بۆ ئەوەی لە قوتابخانە وەك وانەیەك بە قوتابیانی بڵێنەوە.

More News

Most Popular

هەواڵ

ڤیدیۆی ناو زیندانەکانی عێراق وەزارەتی داد رووگیردەکات

Mic
2025-05-10


لەناو زیندانەکانی عێراقەوە ڤیدیۆی توندوتیژییەکانی تاوانباران بڵاودەبنەوە کە بەبێ ئاگاداریی ئیدارەی گرتووخانەکان، دەستدرێژیی دەکەنە سەر یەکتریی و بە مۆبایل وێنەی دەگرن و پاشان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویدەکەنەوە.

کەسێک ناوی "باسمی نەجەف"ە، تاکێک پێڵاوی بەدەستەوەیە و دەیکێشێت بە شان و ملی زیندانییەکانی دیکەدا لە گرتووخانەی تاجی و بەجوێن و قسەی ناشرین سوکایەتییان پيدەکات.

ڤیدیۆکە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ مانگێک لەمەوبەر، کاتێک تۆمارکراوە کە توانراوە ئەو کەسە دەستگیربکرێت کە ویستویەتی ماددەی هۆشبەر بگەیەنێتە دەستی زیندانییەکان.

بەڕێوەبەرێتی چاکسازییەکان عێراق، جەخت لەوە دەکاتەوە کە لەڕێگەی کامێرای چاودێرییەوە لەکاتی خۆیدا روداوەکەیان بینیوە و سزای یاسایی ئەو کەسانەش دراوە کە مۆبایل و کەرەستەکانی بەنهێنی گەیاندووەتە دەستی زیندانییەکان.

هەروەها لە ڤیدیۆیەکی دیکەدا، زیندانییەکان بەشێوەیەکی نائاکاریی پاڵکەوتوون و وا دەردەکەوێت کە سوکایەتی بە کەسێتیی یەکتریی دەکەن.

دیمەنەکان زۆر بەخێرایی بون بە ترێند لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و وەزارەتی دادی عێراقی ناچارکرد روونکردنەوە لەوبارەیەوە بڵاوبکاتەوە.

وەزارەتی داد، کە وەزیرەکەی کوردە و ناوی خالید شوانییە، ئەگەرچی ئەوە پشتڕاستدەکەنەوە کە دیمەنەکان لە زیندانەکاندا تۆمارکراون، بەڵام جەخت لەوە دەکەنەوە کە "زۆرینەی ئەو ڤیدیۆیانە کۆنن".

سەبارەت بە ڤیدیۆ تازەکانیش وەزارەتەکە دەڵێت: "دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە بۆ زانینی هۆکاری بڵاوکردنەوەی ئەو ڤیدیۆیانە".

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی داد، 300٪ی زیندانەکانی عێراق پڕبون لە سزادراو، بە واتایەکی دیکە زیندانەکان سێهێندەی توانای ئاسایی خۆیان سزادراویان تێدا گلدراوەتەوە.