توێژینەوەیەكی زانكۆی بەنێوبانگی ھارڤارد دەریخستوە كە تەندروستی ڕیخۆڵە بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ كار لە مێشكت دەكات.
پێكھاتەی مێشك تەواو ئاڵۆز و سەرسوڕھێنەرە، جگە لە ڕاییكردنی كارەكانی خۆی، سەرپەرشتی ڕێكخستنی كاری زۆربەی ئەندامەكانی دیكەی جەستەش دەكات. ئەمانە چەند زانیارییەكن دەربارەی ئەو ئەندامە گرنگەی لەش:
1. ھەست بە ئازار ناكات: شانەی مێشك ئەو پێكھاتە دەمارییە تایبەتمەندەیان نییە كە ھەستی ئازار وەردەگرن، ئەی كەواتە ھۆكاری سەرئێشە چییە؟ سەرئێشە ھۆكارەكانی جیاوازن، ھەر لە گرژبوونی ماسولكەكانی ڕوخسار و ملەوە، تاوەكو ھەوكردنی گیرفانەكانی لووت گرژبوون و خاوبوونەوە تەنانەت تەقینی بۆریەكانی خوێن.
2. شانەیەكی تەواو چەورە: ٦٥٪ی پێكھاتەی مێشك لە چەورییە بەسودەكانی وەك ئۆمێگا-٣ پێكھاتووە، توێژینەوە زانستییەكان دەڵێن زایادبوونی چەورییە زیانبەخشەكان لە جەستەدا بەگشتی و مێشك بەتایبەتی، خراپ لەسەر توانای بیر و زیرەكی مرۆڤ دەشكێتەوە.
3. مێشكی پیاو قورسترە: كێشی مێشك نیوەی كێشی كەللە سەرە. تێكڕای كێشی مێشكی خانمان ١٢٤٥ گرامە، ئەوەی پیاوان زیاترە ١٣٧٥ گرامە، وەك بەراوردێك مێشكی فیل ٦ كیلۆگرامە، بەڵام كێشی مێشكی پشیلە تەنیا ٣٠ گرامە.
4. مێشكی خۆڵەمێشی و مێشكی سپی: ٤٠٪ی مێشك لە بەشێكی خۆڵەمێشی پێكھاتووە و دەكەوێتە ڕووكاری دەرەوەی مێشك، ئەم بەشە كاری ئەوەیە زانیارییەكانی مرۆڤ ڕێكبخات و ھەڵیان بگرێت. ئەوەی دەمێنێتەوە بەشە سپییەكەی مێشكە كە زیاتر كاری ئەوەیە ھاتوچۆ بە ئاماژە جیاوازەكان بكات لە مێشكدا.
5. خەرجییەكی زۆری دەوێ: مێشكی كەسێك تەنیا ٢٪ی كێشی پێكدێنێ، كەچی ٢٠٪ی وزە و ٢٥٪ی ئۆكسجینی جەستە بۆ خۆی دەبات، بەوەش زۆرترین وزە دەبات بە بەراورد بە ھەر ئەندامێكی دیكەی جەستە. ٦٦٪ی ئەو وزەیەی وەریدەگرێت، بۆ كاركردنی دەمارە خانەكان بەكاردێنێ و ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ پاراستن و ھێشتنەوەی خانەكانە.
6. وزەی گڵۆپێك كارەبای پێیە: بەگوێرەی ماڵپەڕی فۆكسی ئەڵمانی، ئەو وزەیەی مێشك بەرھەمی دەھێنێت، دەتوانێت گڵۆپێك دابگیرسێنێ.
واتە دەكرێ مێشك بچوێنین بە پاتریەك كە بەردەوام كاردەكات. لەكاتی لە خەو ھەستاندا مێشك ٢٣ وات كارەبا دەدات، ئەوەش بەسە بۆ داگیرسانی گڵۆپێك.
7. ھەتا پێچاو پێچ بێت باشترە: ئەو ھەموو پێچەی لەسەر ڕووكاری مێشك ھەیە، نیشانەیەكی باشەو بۆ ئەوەی زۆرترین ڕووبەری ھەبێت، بەوەش زۆرترین دەمارەخانەی ھەبن، تاوەكو كەسێك دەمارەخانەی زیاتری ھەبن، توانای زیرەكی ئەو كەسە زیاتر دەبێت. دەبێ بزانین وەك چۆن قەبارەی سەری كەسێك لە كەسێكی دیكەوە جیاوازە و پەیوەندی بە لایەنی بۆ ماوەیی ھەیە، ڕادەدەی پێچاوپێچی و ڕووبەری زیادی مێشكیش لە كەسێكەوە بۆ یەكێكی دیكە دەگۆڕێت.
8. بۆن لەیاد ناكات: مێشكی مرۆڤ ھیچ شتێكی وەك بۆن بیرناكەوێتەوە، ئەویش چونكە ھەستی بۆنكردن لەچاو ھەستەكانی دیكە، زۆرترین ناوچەی پێشوازیكەری ھەیە، توێژینەوەیەك لەسەر كەسانی بەتەمەن كراوە بۆ زانینی ڕاددەی بیركەوتنەوەی بیرەوەرەكان. لە تاقیكردنەوەكاندا وێنە، وشە و بۆن بەكراھاتوون، كە ئەنجامدا دەركەوت ئەو یادەوەریانەی پەیوەست بوون بە بۆن، لەسەردەمێكی زووەوە بیری كەسەكان دەھاتنەوە، كەچی ئەوانەی تایبەت بوون بە وشەو و وێنە، لە تەمەنێكی گەورەتر و درەنگترەوە بیردەھاتنەوە.
9. پەیوەندی مێشك و ڕیخۆڵە زۆر پتەوە: توێژینەوەیەكی زانكۆی بەنێوبانگی ھارڤارد دەریخستوە كە تەندروستی ڕیخۆڵە بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ كار لە مێشك دەكات، بەجۆرێك ئەوانەی ڕێژەی بەكتریا سوودبەخشەكان ڕیخۆڵەیان ئاساییە، كەمتر تووشی شڵەژان و دڵەڕاوكێ دەبن و دەروونێكی ئارامتر و تەندروستتریان دەبێ.
هەرێمی کوردستان و عێراق لەسەر بڕ و شێوازی رادەستکردنی نەوت بە سۆمۆ، بڕی داهاتی ناوخۆ و وادەی دابەشکردنی مووچە ناکۆکن و هەردوولاش پێداگیری لەسەر داواکارییەکانی خۆیان دەکەنەوە.
دەقی پێشنیازەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بۆ رێککەوتن لەسەر پرسی نەوت، داهاتی نانەوت و مووچە بڵاودەکرێتەوە و وردەکاریی ناکۆییەکانیان ئاشكرا دەبێت.
سەبارەت بە پرسی هەنارەکردنی نەوت، هەرێمی کوردستان دوو پێشنیازی پێشکەش کردووە، یەکەمیان تایبەتە بە بەشداریکردنی کۆمپانیاکان و دووەمیان بەشدارینەکردنی کۆمپانیاکانە کە لە هەردوو پێشنیازەکەدا ئامادەیی بۆ دەستبەجێ رادەستکردنی نەوت بە کۆمپانیای سۆمۆ دەربڕیووە.
لە حاڵەتی بەشداریکردنی کۆمپانیاکان و رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر کاری لیژنە هاوبەشە تەکنییکییەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی دەربڕیووە دوای لێدەرکردنی پێویستی ناوخۆ بەرهەمی نەوت رادەست بکات.
لە رەشنووسەکەی هەرێمی کوردستاندا، بەرهەمی ئێستای نەوت بە 282 هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا دیارییکراوە، کە 65 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بۆ بەکاربردنی ناوخۆیی تەرخانکراوە.
لە حاڵەتی بەشدارینەکردنی کۆمپانیاکانیشدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشنیازی رادەستکردنی 100 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی کردووە بە کۆمپانیای سۆمۆ تا ئەو کاتەی لەسەر بنەمای کاری لیژنەی تەکنیکی هاوبەش ڕێککەوتن دەکرێت.
هەرێمی کوردستان لە پێشنیازەکانیدا پێداگیرە لەسەر ئەوەی بەکاربردنی ناوخۆیی لە ئەستۆی هەرێمی کوردستان دەبێت کە بڕەکەی بە 65 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە خەمڵاندووە.
پرسی داهاتە نانەوتییەکانیش کە خاڵێکی دیکەی ناو رەشنووسەکەیە هەرێمی کوردستان پێداگیرە لەسەر ئەو شێوازەی لە رابردوو بۆ رادەستکردنی داهاتی ناونەوتی پەیڕەو کراوە، هەر بۆیە پێشنیازی کردووە، 50% لە ڕسوماتی گومرگی و باجی دەروازەکان بە حکومەتی فیدراڵ بدرێت.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دەقی پێشنازەکانیدا کە لەو رەشنووسەدا لەسەر پرسی مووچە هەیە، داوای دەستبەجێ خەرجکردنی مووچە دەکات، ئەوەیش بە پشت بەستن بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی.
دادگای فیدراڵی لە بڕیارەکانی ساڵی 2023دا کە هەرێمی کوردستان وەک نمونە باسی کردووە، جەخت دەکاتەوە کە ناکۆکیی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان نابێت ببێتە هۆکار بۆ پشتگوێخستنی خەرجکردنی مووچەی هەرێمی کوردستان لە کاتی خۆیدا.
حکومەتی عێراق داوای هەموو نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات
حکومەتی عێراقی لە پێشنیازەکانیدا بۆ رادەستکردنی نەوت لەگەڵ هەرێمی کوردستان ناکۆکە و پێشنیازی دەستبەجێ رادەستکردنی تەواوی نەوتی خاوی هەرێمی کوردستانی کردووە بە کۆمپانیای سۆمۆ کە خۆی بە 236 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە خەمڵاندوویەتی.
لە قۆناغى دووەمدا کە هاوکات لەگەڵ قۆناغى یەکەم دەبێت بۆ ماوەى مانگێک جێبەجێ بکرێت، دەبێت وەزارەتى نەوتى عێراق بە هەماهەنگى لەگەڵ وەزارەتى سامانە سروشتییەکان بڕى راستەقینەى نەوت بۆ بەکارهێنانى ناوخۆیی هەرێم دیارى بکات.
داهاتە نانەوتییەکانیش خاڵێکی دیکەی ناکۆکیی نێوان هەولێر و بەغدایە، هەرێمی کوردستان پێشنیازی پێدانی نیوەی داهاتەکان دەکات، بەڵام عێراق مەرجی هەیە و پێشنیازی کردووە مانگانە داهاتەکەی پێبدرێت بە مەرجێک نابێت لە 200 ملیار دینار کەمتر بێت.
حکومەتی عێراقی لە پێشنیازەکانیدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە، پێشنیازی پێکهێنانی لیژنەیەکی کردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە ماوەیەک کەمتر لە 90 رۆژدا، دواتر تەمویلکردن بە شێوەیەکی یەکجارەکی دەبێت.
حکومەتی عێراق پێشنیازیشی کردووە بە پێکهێنانی لیژنەیەکی یاسایی و تەکنیکی هاوبەش لەنێوان هەردوو حکومەت بۆ هەموارکردنی ماددەی (13/سێیەم)ی یاسای بودجە.
خەرجکردنی مووچە کێشەیەکی دیکەی نێوان هەردوو حکومەتە، حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای دەستبەجێ خەرجکردنی دەکات، بەڵام حکومەتی عێراق بە مەرجیجێبەجێکردنی بڕگەکانی یەکەم، دووەم، سێیەم و چوارەم ناو رەشنووسەکەی لەلایەن هەرێمەوە و دوای ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئامادەیی دەبڕیووە پارە بۆ مووچە خەرج بکات.
حکومەتى عێراق لە پێشنیازەکانیدا جەختی لە پێکهێنانى لیژنەیەک کردوەتەوە بۆ پرسی بەجێکردن یان بە بانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
تا کەی مووچە نایەت؟
رەشنووسەکەی نێوان هەولێر و بەغدا دەریدەخات ناکۆکییەکان قوڵ و ئاڵۆزن تا یەکلایی بوونەوەیان حکومەتی عێراق ئامادە نییە پارەی مووچە بنێرێت.
ئێستا هەموو ئومێدی مووچەخۆران بەو لیژنەیەیە کە حکومەتی عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا لە پێنج وەزیر پێکیهێناوە کە بڕیارە لە 9ـی تەمووزەوە دەست بە گفتوگۆ لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکەن.