ژیان

هاوڕێ و خێزان ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ کەمدەکەنەوە

Mic
2024-06-18

تۆڕی کۆمەڵایەتی
زانراوە کە پەیوەندی کۆمەڵایەتی گرنگە بۆ تەندروستی دەروونی و جەستەیی و باشترکردنی باری دەروونی و بەرزکردنەوەی هەستی سەربەخۆیی و ئاسایش و سەلامەتی. زۆرێک لە توێژینەوەکان ئەو کاریگەرییە نەرێنییانەیان دەرخستووە کە تەنیایی و دابڕانی کۆمەڵایەتی دەتوانێت لەسەر تەندروستی هەبێت، بەتایبەتی بۆ کەسانی بەساڵاچوو.

هۆکارە کۆمەڵایەتییەکان
توێژینەوە نوێیەکە بە سەرۆکایەتی زانکۆی مۆناش لە ئوسترالیا، لێکۆڵینەوەی لەوە کردووە کە پەیوەندی کۆمەڵایەتی چەندە گرنگە کاتێک باس لە تەندروستی دڵ دەکرێت لەڕووی پێشبینیکەرە سەرەکییەکانی نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکانەوە لە ئەنجامی کۆمەڵێک هۆکاری جیاوازی کۆمەڵایەتیبوون. وەک یەکەم لێکۆڵینەوە کە سەیری مەترسی نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان دەکات لە پێوەندی لەگەڵ کۆمەڵێک هۆکاری کۆمەڵایەتی بەرفراوان، بۆی دەرکەوتووە کە ڕەگەز ڕۆڵی هەیە.

هاوسەر و خزم و کەسوکار
ئەنجامی توێژینەوەکە دەرکەوتووە کە هاوسەرگیری پەیوەندی بە کەمبوونەوەی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکانەوە هەیە بۆ هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ. بۆ پیاوان نزیک بوون لە سێ بۆ هەشت خزم کە دەتوانن داوای یارمەتی بکەن، ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان بە ڕێژەی 24% کەمدەکاتەوە. پیاوێک کە بەردەوام پەیوەندی لەگەڵ سێ بۆ هەشت خزم و کەسوکاری هەبێت کە بتوانێت لەگەڵیاندا باسی بابەتی تایبەت بکات، مەترسییەکەی بە ڕێژەی ٣٠٪ کەمدەکاتەوە. بەشداریکردن لە چالاکییە کۆمەڵایەتییە کێبڕکێکارەکاندا وەک یاری شەترەنج یان کارت بووە هۆی کەمبوونەوەی 18%. بۆ خانمان، ژیان لەگەڵ کەسانی دیکە - وەک خێزان، هاوڕێ یان خزم- ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان بە ڕێژەی 26% کەمدەکاتەوە. هەبوونی سێ هاوڕێ یان زیاتر کە بتوانن لەگەڵیان باسی بابەتە تایبەتەکان بکەن پەیوەندی بە کەمبوونەوەی ٢٩%ەوە هەبوو.

هاوڕێیەتی نزیک و گفتوگۆکردن لەسەر نیگەرانییەکان
ئاشمایلا بیرهانو تیشال، کاندیدی دکتۆرا لە قوتابخانەی… تەندروستی گشتی و پزیشکی خۆپاراستن لە زانکۆی مۆناش و لێکۆڵەری سەرەکی توێژینەوەکە: لە کاتێکدا بۆ پیاوان، هەبوونی کەسوکاری نزیک کە مرۆڤ دەتوانێت بە ئاسانی داوای یارمەتی لێبکات یان باسی نیگەرانییەکانی کەسی بکات، پەیوەندی بە کەمبوونەوەی ڕێژەی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکانەوە هەبووە.

پێشنیاری سادە و گرنگ
دەشڵێت: "بەبێ گوێدانە تەمەن، بەڵگەکان بۆ سوودەکانی هاوڕێ و کەسە نزیکەکان لەسەر تەندروستی دڵ و خوێنبەرەکان ڕوونن. ئەم دیاردەیە دەتوانرێت بگەڕێنرێتەوە بۆ کاریگەری ئەرێنی هاوبەشکردنی هەستەکان لەگەڵ ئەندامانی خێزان، هاوڕێ یان دراوسێ لە بەرزکردنەوەی هەستی خۆشگوزەرانی و پەیوەندی، " توێژەر تیشال وتی.

پێشنیارەکانی توێژینەوەکە بریتین لە تەنها دەرهێنانی خەڵک و پەیوەندی کۆمەڵایەتی، هەروەها پەروەردەکردن و چێژوەرگرتن لە پەیوەندی نزیک لەگەڵ هاوڕێ و خێزانەکان، کە یارمەتیدەر دەبێت بۆ باشترکردنی تەندروستی دڵ.

More News

Most Popular

هەواڵ

کورد، سوننە و بەشێک لە شیعەکان خۆیان لە شەڕ دورەپەرێز دەکەن

Mic
2025-06-16

تائێستا تەنها یەک پەرلەمانتاری کورد خۆی بۆ ئەو نیشتنەی پەرلەمانی عێراق یەکلایی کردووەتەوە کە رێکدەخرێت دژی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر ئێران، ئەوەش هەمان دۆخە کە هێزە سونییەکانی تێکەوتووە و بەشێک لە شیعەکانیش نایانەوێت عێراق لەو جەنگە تێوەگلێت.

زۆرینەی فراکسیۆنە کوردییەکان بە گومانن و ترسیش هەیە، تای هەڵبژاردن بازاڕی موزایەدە گەرم بکات و دووکەڵی شەڕ بگەیەنێتە ئاسمانی بەغدا.


زۆرینەی فراکسیۆنە کوردییەکانی پەرلەمانی عێراق تائێستا خۆیان یەکلایی نەکردوەتەوە کە رۆژی سێشەممە بچنە دانیشتنی پەرلەمانەوە کە رێکدەخرێت بۆ ئیدانەکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل دژی ئێران بەهۆی پێشێلکردنی سەروەری ئاسمانی عێراق و بەکارهێنانی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە.

دیجیتاڵ میدیای مایک قسەی لەگەڵ فراکسیۆنەکانی پارتی، یەکێتی، نەوەی نوێ و یەکگرتوو کردووە، ئەوان چاودێرن و دەیانەوێت بەپێی دۆخەکە بڕیارێکی گونجاو بدەن.

بەشێک لە فراکسیۆنە کوردییەکان خواستی تەواونەبوونی رێژەیی یاسایی ئامادەبوانیان هەیە، تا لەو رێگەیەوە ئەوانیش خۆیان لە "شەرمەزاری" رایگشتی بپارێزن.

سۆران عومەر کە تاکە ئەندامی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەرییە، هەروەها تاکە پەرلەمانتاری کوردیشە کە خۆی بۆ بەشداریکردن لە کۆبونەوەکە یەکلایی کردوەتەوە.

یەکێک لە پاساوەکانی پەرلەمانتارە کوردەکان ئەوەیە، کە هەتا کێشەی موچەی هەرێمی کوردستان چارەسەر نەکرێت، ئەوان ئامادەنابن بەشداریی هیچ دانیشتنێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بکەن.

هاوشێوەی کورد، زۆرینەی سوننەکانیش بە هەستیارییەوە مامەڵە دەکەن، تائێستا خۆیان بۆ بەشداریکردن لەو دانیشتنەی پەرلەمانی عێراق یەکلایی نەکردەتەوە.


تەنانەت شیعەکانیش یەکدەنگ نین بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو دۆخە نوێیەی هاتووەتەپيشەوە و موقتەدا سەدر رۆژی هەینی رابردوو رایگەیاند، دۆخی عێراق چیتر بەرگەی ماڵوێرانییەکی دیکە ناگرێت و داوایکرد هەندێک دەنگی نەشاز لە گۆڕەپانی سیاسی و سەربازیی عێراق بێدەنگ بکرێن.

دانیشتنەکەی پەرلەمانی عێراق لەسەر داخوازیی و یاداشتی 55 پەرلەمانتاری فراکسیۆنە شیعییەکانە، کە دژی پێشلکردنی ئاسمانی عێراق لەلایەن ئیسرائیلەوە ئاڕاستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانیان کردووە، لەسەر ئەو بنەمایە پەرلەمانی عێراق ڕۆژی 17 ئەم مانگەی بۆ کۆبونەوە دیارییکردووە.
 
شیعەکان کە هاوسۆزی ئێرانن، پشتیوانی خۆیان بۆ تاران دوپاتکردووەتەوە، بەڵام تائێستا کورد و سوننە هەوڵی خۆ بە دورگرتنیان لە لایەنگری داوە، تەنها بەشێک لە لایەنە کوردییەکان لە رێگەی بەیاننامەوە ئیدانەی هێرشەکانی ئیسرائیلیان کردووە.

هەرچەندە حکومەتی عێراق لەڕێگەی کەناڵە جیاجیاکانییەوە، هەمو هەوڵێک دەدات بۆ دورخستنەوەی عێراق لە مەترسییەکانی جەنگی ئیسرائیل و ئێران، بەڵام بەشێک لە چاودێران ترسییان هەیە تای هەڵبژاردن بازاڕی موزایەدە گەرم بکات و دووکەڵی شەڕ بگەیەنێتە خاکی بەغدا.

ئەوەی وایکردووە، ئەو بۆچوونە زاڵ بێت، نزیکبوونەوەی کاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقە کە بڕیارە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، چاوەڕوان دەکرێت فراکسیۆنە شیعییەکان بە سود وەرگرتن لە کات بۆ کۆکردنەوەی دەنگ هەوڵی جوڵاندنی سۆزی شەقام بدەن.

خوێندنەوەکان بەو ئاڕاستەیەن هەر جوڵەیەکی راستەوخۆ بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل رەنگە دەرئەنجامەکەی لە بەرژوەندی عێراق نەبێت، دەکرێت ئەنجامەکانی کۆبونەوەکەی پەرلەمان لە کاتێکی وا هەستیاردا ئاستی مەترسییەکان لەسەر عێراق زیاتر بکەن.

ئیسرائیل خواستی پەلهاویشتنی بۆ عێراق هەیە، بەڵام ئەوەی رێگرە لە بەردەمیدا هەڵوێستی ئەمریکا و بێدەنگی گروپە چەکدارەکانە، بۆیە هەر کات گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵبکرێت رەنگە بێ دوو دڵی هێرش بکات.

زۆرن ئەوانەی پێیانوایە عێراق لەم دۆخەی ئێستادا هیچی پێناکرێت و خۆ بە دورگرتن باشترین بژاردەیە، چونکە دۆخی ئەمنی، سیاسیی و ئابوریی عێراق لە ئاستێکدا نییە بەرگەی جەنگێکی دیکەی ماڵوێرانکەر بگرێت و عێراق ئابووریەکی خراپیشی هەیە و ئەگەر کێڵگەکانی نەوت و ژێرخانی ئابوری بکرێتە ئامانج، هیچ سەرچاوەیەکی دیکەی داهاتی نییە بتوانێت دەوڵەتی پێ بەڕێوەبەرێت.