ئامێرێکی چاودێریکردن لەلایەن کۆریای باشوور لە ناوچەی لە چەک داماڵدراو لەگەڵ کۆریای باکوور دادەنرێت، ئامێرەکە بۆ چاودێریکردنی مووشەک و درۆن نییە، بەڵکو لە رێگەیەوە چاودێریی مێشوولەی ئانۆفیلێس دەکرێت کە نەخۆشیی مەلاریا دەگوازێتەوە.
ئامێرەکە مێشوولە تووشبووەکان بە تۆڕێک دەگرێت و لەنێویان دەبات، پسپۆڕێک هۆکاری دانانی ئامێرەکە لەو ناوچەیە رووندەکاتەوە.
کیم هیون وۆ، ئەندام لە ئاژانسی کۆنترۆڵکردن و رێگریکردن لە نەخۆشییەکان دەڵێت: "پێموایە ئاژەڵی کێوی زۆر لەو ناوە هەیە کە مێشوولەکە لەسەریان دەژیت و هێلکەکانی لێدادەنێت، بۆیە پێموایە ئەم ناوچەیە ژینگەیەکی لەبارە بۆ ژیانی ئەو مێشوولانە."
ئامێرەکە 24 کاژێر لە کاردایە و حکومەت 76 ئامێری هاوشێوەی لە سنوورەکە داناوە، هاوکات پانیی ناوچەی لە چەک داماڵدراو چوار کیلۆمەترە، بەڵام مێشوولەی هەڵگری مەلاریا دەتوانێت 12 کیلۆمەتر ببڕێت و بگاتە دانیشتووانی کۆریای باشوور.
کیم دۆنگ گون، پسپۆڕی ژینگەیی لە زانکۆی سامیۆک گوتی، "بەراورد بە مێشوولەی ئاسایی، ئەو مێشوولانەی مەلاریا بڵاودەکەنەوە هەندێک خەسڵەتی جیاوازیان لەو کاتانەدا هەیە کە نافڕن. مێشوولەی ئاسایی هاوتەریب دەوەستێت لەگەڵ دیوار یان رووکارێکی تەخت، بەڵام ئەو مێشوولانەی مەلاریا بڵاودەکەنەوە بە گۆشەی 45 دەوەستن."
کاتێک مێشوولەی توشبوو بە کەسێکەوە دەدات، نەخۆشییەکەی بۆ دەگوازرێتەوە.
تەممووزی ئەمساڵ، بەرپرسانی کۆریای باشوور رێنمایی پێویستی بۆ دانیشتووانی وڵاتەکەی دەرکرد، ئەمە دوای تۆمارکردنی لانیکەم 100 تووشبووی مەلاریا کە زۆرینەیان لە نزیک ئەو ناوچەیە بوون.
سەرەڕای کشانەوەی لە پرۆسەی سیاسی و بەشدارینەکردنی لە هەڵبژاردنی
داهاتووی پەرلەمانی عێراق، بەڵام موقتەدا سەدر هێشتا مۆتەکەی دەسەڵاتدارانی
عێراقە، ئەمەش وایکردووە لەلایەک چاویان لەسەر هەڵبژاردن بێت و لەلایەکیش چاویان
لەسەر سەدر بێت، خودی موقتەدا سەدریش چاوەڕێی روودانی دوو ئەگەرە لە عێراق.
موقتەدا سەدر سەرکردەی ڕەوتی سەدر، هێشتا یەکێکە لە گەورەترین مەتەڵە
سیاسییەکان، کە ڕووبەڕووی نەیارەکانی دەبێتەوە لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا، یان تەنانەت
لایەنگران و هاوپەیمانە نزیکەکانی.
لەدوای بڕیارە بەناوبانگەکەی سەدر بۆ کشانەوەی کوتلە پەرلەمانییەکەی
کە خاوەنی 72 کورسی پەرلەمانی بوو، لە هاوینی 2022 و راگەیاندنی ڕەتکردنەوەی
کارکردن لەگەڵ "گەندەڵکاران" کە مەبەستی چوارچێوەی هەماهەنگی بوو، پێشبینیەکان
سەبارەت بە هەنگاوی داهاتووی سەدر بەردەوام مشتومڕی لە نێوان سیاسەتمەداران و شیکەرەوەکان
و تەنانەت هاوڵاتیانی ئاسایی دروستکردووە.
موقتەدا سەدر لە هەموو پەیامەکانیدا سەبارەت بە کشانەوەی لە پرۆسەی
سیاسی و هەڵبژارد، تەنها ئاماژەی بە چینێکی گەندەڵی دەسەڵاتدار کردووە، بەبێ ئەوەی
هیچ نیازێکی تری خۆی بخاتەڕوو، بەڵام سەرکردەویەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی خواستی
سەدر ئاشکرا دەکات.
سەرکردەیەک لە چوارچێوەی هەماهەنگی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ڕۆژنامەی
«الشرق الأوسط»ـى راگەیاندووە، سەدر سیستەمێکی دەوێت کە لەگەڵ تێڕوانینی خۆیدا
بگونجێت، کە لەوانەیە لەگەڵ تێڕوانینی ئەوانی تردا نەگونجێت.
ئەو سەرکردەیەی چوارچێوەی هەماهەنگی پێیوایە، کشانەوەی ئێستای موقتەدا
سەدر لە پرۆسەی سیاسی و بایکۆتی هەڵبژاردن، لەم دیدگایەوە سەرچاوە دەگرێت نەک ڕق لە
کاری سیاسی.
ئاماژە بە پێگە و بەهێزی سەدر دەکات لە دەرەوەی پرۆسەی سیاسی و دەڵێت:
لەوانەیە یارییەکە بە تەواوی بگۆڕێت تەنانەت ئەگەر لە پێشبڕکێی هەڵبژاردنیش دوور بێت،
هەر بۆیە، چوارچێوەی هەماهەنگی چاوێکیان لەسەر هەڵبژاردنەکان و چاوەکەی دیکەش لەسەر
سەدرە.
لەگەڵ ئەوەی لایەنەسیاسییەکان و چاودێرانی سیاسی پێیانوابوو، سەدر لە
چوار ساڵی رابروودا، شەقامی لە بەرژەوەندی خۆی ساز و ئامادەکردووە بۆ چوونە سەر
سندوقەکانی دەنگدان، بەڵام لە بڕیارێکی چاوەڕواننەکراودا، سەدر بایکۆتکردنی
هەڵبژاردنی راگەیاند، هەرچەندە سەرۆک کۆماری عێراق بە فەرمی داوای لێکرد بە
بڕیارەکەیدا بچێتەوە، بەڵام ئەو سوربوو لەسەر بڕیارەکەی.
لە ناوەڕاستی مانگی تەمووزی ساڵی ڕابردوودا، موقتەدا سەدر بڕیارێکی دەرکرد
بۆ دوورخستنەوەی 31 کەس لە بزووتنەوەکە و باڵی سەربازی سەرایا سەلام، بەهۆی ئاماەکارییان
بۆ بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا.
سەرکردەیەکی رەوتی سەر بە رۆژنامەی «الشرق الأوسط»ـى
وتووە، ڕەوتی سەدر پشتگیری لە هیچ لیست و کاندیدێک ناکات لە هەڵبژاردنەکانی
داهاتوودا، ئەو سەرکردەیە ڕەتی دەکاتەوە پێشبینی هەنگاوەکانی داهاتووی سەدر بکات و
دەڵێت: هەموو شتێک دەگونجێت، بەڵام کەس نازانێت چۆن و کەی ڕوودەدات.
ئەو سەرکردەیە ئاماژەی بەوەکردووە، کە سەدر درکپێدەکات و گرەو لەسەر ئەگەری
داڕمانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەکات بە تێپەڕبوونی کات، چونکە بڕوا وایە سیستەمی سیاسی
ئێستا بە ئاسانی چاکسازی ناکرێت.
دەشڵێت: سەدر هەموو جۆرە کارێکی سیاسی تاقیکردۆتەوە. بەشداری کردن لە
پەرلەمان و کشانەوەی لێی و بەشداریکردن لە حکومەت و کشانەوەی لێی و هەروەها دژایەتیکردنی
چالاکی لە شەقامدا و پێدەچێت گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە ئەم سیستەمە توانای
چاکسازی نییە.
یەکێکی تر لەو ئەگەرانەی کە سەدر چاوەڕێی دەکات، شوێنگرتنەوەی عەلی
سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانە لە عێراق، خودی سەدریش خواستی خۆی بۆ جێگرتنەوەی
نەشاردووەتەوە و بەپێی بنەماکانی مەزهەبی شیعە، موقتەدا سەدر هەموو مەرجەکانی
تێدایە.