مینۆپۆس، یاخود لێچوونەوە پرۆسەیەکی سروشتی
بایۆلۆژیە، بە واتای کۆتاییهاتن بە سوڕی مانگانە دێت و کاتێک دەستنیشان دەکرێت کە خانمێک بۆ ماوەی ١٢
مانگ نەکەوێتە سوڕی مانگانەوە.
لێچوونەوە، دەکرێت لە نێوان تەمەنی ٤٠ - ٥٠ ساڵیدا ڕووبدات، بەڵام بە پێی ئامارەکانی ویلایەتە
یەکگرتووەکانی ئەمریکا، تەمەنی ٥١ ساڵی بە تەمەنی تێکڕای لێچوونەوەی ژنان دانراوە.
نیشانە باوەکانی وەک (هۆت فلەش) واتە هەستکردن بە
گەرمایەکی زۆر لە بەشی سەرەوەی جەستە، ئارەقکردنەوە و تێکچونی باری سۆزداری دەکرێت
خانمان توشی تێکچونی خەو، کەمبوونەوەی وزە و گۆڕینی باری دەروونی بکات.
بە شێوەیەکی گشتی نیشانە باوەکانی لێچوونەوە
بریتین لە:
لە سەرەتادا، ناڕێکبوونی سووڕی مانگانە
وشکبوونەوەی ئەندامی زا و زێ
گەرمبوونی بەشی سەرەوەی جەستە (هۆت فلەش)
لەرز
ئارەقکردنەوەی شەوان
ناڕێکی خەو
ناجێگیری دۆخی دەروونی (مەزاج)
زیادبوونی کێش
تەنکبوونەوەی قژ و وشکبوونەوەی پێست
بچووکبوونەوەی مەمک
دەکرێت نیشانەکان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر
بگۆڕێن، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی کاتێک خانمێک نزیک دەبێتەوە لە لێچوونەوە، توشی
گۆڕان و ناڕێکی دەبێت لە سوڕی مانگانەدا.
سەرباری ناڕێکبوونی سووڕی مانگانە، خانمان
بەدوور نین لە ئەگەری سکپڕی، بۆیە کاتیک سوڕی مانگانە دوا دەکەوێت و دڵنیا نیت
لەوەی بەرەو لێ چوونەوە دەچیت، ئەوا باشترە پشکنینی سکپڕی ئەنجام بدرێت.
لێکەوتەکانی وەستانی سووری مانگانە چین؟
پاش وەستانی سووڕی مانگانە، خانمان مەترسی
تووشبوونیان بە چەند نەخۆشییەک لەسەرە، وەک:
١-نەخۆشی دڵ و دەمارەکانی، بۆیە گرنگە خانمان
بەردەوام وەرزش بکەن و کێشیان ئاسایی بێت و خواردنی تەندرووست بخۆن.
٢- پووکانەوەی ئێسک، خانمان کاتێک سوڕی
مانگانەیان دەوەستێت، ئەگەری کەمبوونەوەی چڕی ئێسکیان زیاد دەکات کە ئەمەش ئەگەری
شکانی ئێسک زیاد دەکات. بۆیە پێویستە خانمان زیاتر ئەو خواردنانە بخۆن کە ڕێژەیەکی
زۆری ڤیتامین دی و کالیسیۆمی تێدایە و زوو زوو پشکنین بکەن.
٣- میز ڕانەگرتن، کاتێک کشانی ماسولکەکانی
ڕیڕەوی میزەڕۆ و ئەندامی زاووزێ کەم دەبێتەوە، دەکرێت خانمان تووشی ڕانەگرتنی میز
ببنەوە بەتایبەت لەکاتی کۆکە و پێکەنین و هەڵگرتنی قورساییدا.بۆ ئەمەش ئەم خانمانە
دەتوانن ڕاهێنانی ماسولکەکانی حەوز بکەن و کرێمی هۆرمۆنی ئیسترۆجین بەکاربێنن بۆ
ئەندامی زاوزێیان.
٤- لاوازی
سێکسی، وشکبوونەوەی ئەندامی زێ لە زۆر خانمدا ڕوودەدات، بۆیە دەتوانن کرێمی شێدارکەرەوە
یان لوبریکانت بەکاربێنن. ئەگەرئەمەش سوودی نەبوو ئەوا دەتوانن سەردانی پزیشکی
ژنان بکەن بۆ بەکارهێنانی دەرمان.
٥- زیادبوونی کێش، زۆر لە خانمان پاش لێچوونەوە کێشیان زیاد دەکات بە هۆی خاوبوونەوەی
پرۆسەی هەزمکردن تێیاندا، بۆیە ئەمەش هۆکارێکی تر دەداتە ئەم خانمانە کە بەردەوام
وەرزش بکەن و خواردنی تەندرووست بخۆن
توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری زانستی ژینگە و تەکنۆلۆژیادا بڵاو کراوەتەوە ئاماژەی بەوە داوە، بەشێک لە بابەتی جوانکارییەکان کە ئەمڕۆ بەکار دێت، ڕێژەیەکی زۆر لە ماددە کیمیایییە ژەهراوییەکان لە پێکهاتەیاندا هەیە وەک پۆڵی فلۆرۆ ئەڵکیل (PFAS ) . کە بەداخەوە لە پێکهاتەی ماددە جوانکارییەکاندا ئەم ماددە نانووسرێت بۆ ئەوەی خەڵک هۆشیار بێت.
ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) باس لەوە دەکات، بەشێک لە بابەتە جوانکارییەکانی وەکوو بۆیەی نینۆک و کرێمەکان و سوراو و قەڵەم چاو و ماسکەرا، دەکرێت ئەم ماددانەی تێ بکرێت بۆ ئەوەی زۆرتر بە درەوشاوەیی دەربکەوێت. بۆیە زۆر گرنگە ئەو بابەتە جوانکارییانە بەکار دێت کە دڵنیان لەوەی ئۆریجیناڵە و کوالێتی بەرزە.