نەخۆشییە ڕۆماتیزمەییەکان کۆمەڵێک نەخۆشی هەوکردنی درێژخایەن و بەرگری دژە خۆیین واتە لەم نەخۆشیانەدا بەرگری جەستە بە هەڵە هێرش دەکاتە سەر شانە تەندروستەکان، بەتایبەت جومگەکان، ئێسک، ماسولکە، ژێ و بەستەرەکان. بەڵام هەر جۆرێکی نەخۆشی ڕۆماتیزمی دەتوانێت کاریگەری لەسەر ئەندامە جیاوازەکانی جەستە دروست بکات.
هەرچەندە هۆکاری سەرەکی ئەم نەخۆشیانە نەزانراوە بەڵام پسپۆڕان باوەڕیان وایە کە هۆکاری نەخۆشییە ڕۆماتیزمییەکان کۆ دەبێتەوە لە هۆکاری بۆماوەیی و هۆکاری ژینگەیی، هۆکارە بۆماوەییەکان بەڕێژەی 60% ڕۆڵیان هەیە لە زۆربەی ئەم نەخۆشیانەدا، دەرکەوتووە کە دژەتەنی ئەنتی سی سی پی (anti-ccp) دەتوانرێت چەند ساڵێک پێش دەرکەوتنی نیشانەکانی نەخۆشی ڕۆماتیزمە لە نەخۆشەکە دیاری بکرێت.
هۆکارەکانی تر وەک:
•جگەرەکێشان: کە دەرکەوتنی نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە دوو ئەوەندە زیاتر دەکات، تەنانەت کاریگەری جگەرەکێشان بۆ ماوەی 10-20 ساڵ دەمێنێتەوە لە دوای وازهێنانیش.
•هەوکردنی درێژخایەنی پووک.
•بەکارهێنانی دەرمانی زۆری ئەنتی بایۆتیک (دەرمانی ئیلتیهابات)
•نەخۆشی ڤایرۆسی.
•نەخۆشییە ڕۆماتیزمییەکان زیاتر لە ئافرەتاندا ڕوو دەدەن بەهۆی ئەوەی کاردانەوەی سیستەمی بەرگری ئافرەتان بەهێزتر و خێراترە، و هەروەها بەهۆی بوونی هۆرمۆنی مێینە لە ئافرەتاندا کە هۆکارە بۆ زیاتر تووشبوون و تووند بوونی نەخۆشییەکە.
توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری زانستی ژینگە و تەکنۆلۆژیادا بڵاو کراوەتەوە ئاماژەی بەوە داوە، بەشێک لە بابەتی جوانکارییەکان کە ئەمڕۆ بەکار دێت، ڕێژەیەکی زۆر لە ماددە کیمیایییە ژەهراوییەکان لە پێکهاتەیاندا هەیە وەک پۆڵی فلۆرۆ ئەڵکیل (PFAS ) . کە بەداخەوە لە پێکهاتەی ماددە جوانکارییەکاندا ئەم ماددە نانووسرێت بۆ ئەوەی خەڵک هۆشیار بێت.
ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) باس لەوە دەکات، بەشێک لە بابەتە جوانکارییەکانی وەکوو بۆیەی نینۆک و کرێمەکان و سوراو و قەڵەم چاو و ماسکەرا، دەکرێت ئەم ماددانەی تێ بکرێت بۆ ئەوەی زۆرتر بە درەوشاوەیی دەربکەوێت. بۆیە زۆر گرنگە ئەو بابەتە جوانکارییانە بەکار دێت کە دڵنیان لەوەی ئۆریجیناڵە و کوالێتی بەرزە.